ناوهڕۆك
قەزەمە هەسارەی پلۆتۆ
پلۆتۆ لە سالی ١٩٣٠ دۆزرایەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتا و پێنج ساڵ بە نۆهەم و دواهەمین هەسارەی کۆمەڵەی خۆر دادەنرا، بەڵام لە سالی ٢٠٠٦ لە لیستی هەسارەکان گوازرایەوە بۆ لیستی قەزەمە هەسارەکان دوا ئەوەی کەشتی (هەڕایزن) کە لە لایەن ئاژانسی ناساوە نێردرا بۆ پشکنینی ئەو هەسارەیە هەندێک زانیاری نوێی دۆزیەوە سەبارەت بە شوێنەکەی کە دەکەوێتە ناو پشتێنەی کەیپەر، هەروەها خولگە و قەبارەکەی.
پلۆتۆ تیرەکەی ٢٣٧٤ کیلۆمەترە، بارستاییەکەی ٢٪ی بارستایی گۆی زەویە و بە ٢٤٨ ساڵ جارێک بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، هەروەها پلۆتۆ بە ١٥٣ کاتژمێر و بیست خولەک جارێک بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، دووریەکەی لە خۆر ٥،٨٧٤ ملیۆن کیلۆمەترە.
کرۆکی قەزەمە هەسارەی پلۆتۆ لە بەرد پێک دێت کە بە چینێک ئاوی بەستوو دەورە دراوە، چینی سەرەوەش واتە توێکڵەکەی لە نایترۆجینی بەستوو پێکهاتووە.
لەگەڵ ئەوەی پلۆتۆ بچووکە بە بەراورد بە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بەڵام پێنج پاشکۆ یان مانگی هەیە، گەورەترینی ئەو مانگانە ناوی (چارۆن)ە و تیرەکەی ١،٢١٢ کیلۆمەترە.
(هەرایزن) یەکەم کەشتی بوو کە نزیک بۆوە لە پلۆتۆ و مانگەکانی لە بەرواری ٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٥ و توانی کۆمەڵێک وێنە و زانیاری زۆر گرنگ لەسەر ئەو قەزەمە هەسارە و سیستەمی مانگەکانی کۆ بکاتەوە.
چوار قەزەمە هەسارەکانی تر
ئەو چوار قەزەمە هەسارەیەی دیکەی کۆمەڵەی خۆر بە پێی دووریەکەیان لە کۆمەڵەی خۆر و تیرەکەیان بەم شێوەیەن:
هاومیا
دووریەکەی لە خۆر ٦،٤٥٢ ملیۆن کیلۆمەتر و خولگەکەی لە دوای خولگەی پلۆتۆیە، شێوەکەی خڕ نییە و هێلکەییە، تیرەکەی لە لایەک ١،٥١٨ کیلۆمەتر و لە لایەکی تر ٩٩٦ کیلۆمەترە و دەکەوێتە ناو پشتێنەی کەیپەر.
مێکمێک
دووریەکەی لە خۆر ٦،٨٥٠ ملیۆن کیلۆمەترە و خولگەکەی لە دوای خولگەی هاومیایە، شێوەکەی نیمچە خڕە، تیرەکەی لە لایەک ١،٤٣٤ کیلۆمەترە، و لە لایەکەی تر ١٤٢٢ کیلۆمەترە و دەکەوێتە ناو پشتێنەی کەیپەر.
ئیریس
دووریەکەی لە خۆر ١٠،١٢٠ ملیۆن کیلۆمەترە و بە دوورترین قەزەمە هەسارە دادەنرێت کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە، خولگەکەی لە دوای خولگەی (مێکمێک)ە، شێوەکەی خڕە، تیرەکەی ٢،٣٢٦ کیلۆمەترە و دەکەوێتە ناو قووڵایی پشتێنەی کەیپەر.