ناوهڕۆك
سنووردارکردنی ئازادییەکانی منداڵ
هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە سنووردارکردنی ئازادییەکانی منداڵ، یاخود کۆت و بەندکردنی ئازادییەکانی بە شێوەیەک، کە وا هەست بکات دەستبەسەرە و ناتوانێ بۆ ئەملا و ئەولا بڕوات.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- ترسی دایک و باوک لەوەی منداڵەکانیان دووچاری کارەساتێک یان ڕووداوێکی سروشتی یان هاتوچۆ بؤیت و لە لایەکی بەسەر بێت.
- بڕوا و متمانە نەبوون بە مندال.
- زیاد لە حەد نازاندنی منداڵ.
- ترس لە ژینگەی کۆمەڵایەتی.
- هەبوونی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
- ئاشنا نەبوون بە شیوازە دروستەکانی پەروەردە و فێرکردن.
- تاکڕەوی و خۆسەپاندن.
- گۆشەگیری و داخراوەیی.
ئەڵبەتە سنووردارکردنی ئازادییەکانی منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک کێشە ڕووبەڕووی منداڵ بێتەوە، گرنگترینیان ئەمانەن:
- منداڵ دووچاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دەبێت.
- دەبیتە کەسێکی ترسنۆک.
- بڕوا و متمانەی بەخۆی نامێنێت.
- ویست و ئیرادەی نابێت.
- ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت و هەمیشە پشت بە دایک و باوک و کەسە نزیکەکانی دەبەستێت.
- توانای خۆبەڕێوەبردنی نابێت.
- هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
پێویستە لەسەر دایک و باوک کە بە هیچ شێوەیەک ئازادییەکانی منداڵ سنووردار نەکەن و دەرفەتی پێ بدەن گوزارشت لە ئازادی خۆی بکات، بۆ ئەم مەبەستەش، دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:
- ئاشنا بن بە مافەکانی منداڵ.
- مافەکانی منداڵ دابین و مسۆگەر بکەن، کە گرنگترینیان ئازادییە.
- جیاوازی بکەن لە نیوان ئازادی و بەڕەڵاییدا.
- ژینگەیەکی لەبار فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی گوزارشت لە ئازادی خۆی بکات.
- ڕێگەی پێ بدەن کە قسە بکات.
- ڕێگەی پێ بدەن کە یاریی بکات و بچێتە ناو دۆست و هاوڕێیانی.
- خۆیان لە عینادی و خۆسەپاندن بپارێزن.
سەرچاوەکان
1064 بینین