ڕاهێنانی گوێ گرتن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-01:05:00 - کۆدی بابەت: 2335
ڕاهێنانی گوێ گرتن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك


ڕاهێنانی گوێ گرتن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

کاتێک قسە دەکەین، حەز دەکەین خەڵک گوێمان لێ بگرێت، ڕەنگە ئەوە حەزی هەموو مرۆڤێک بێت، چونکە کاتێک گوێت  لێدەگیرێت هەست بە متمانە و ڕێز دەکەی.
لە ژیانی ڕۆژانەمان، هەر لە منداڵییەوە فێری ئەوە دەبین چۆن چۆنی لەگەڵ خەڵک و دەوروبەرمان پەیوەندی کۆمەڵایەتی ببەستین، ئەویش بە هۆی چەند ڕێگایەکەوە وەک: قسەکردن، نووسین و خوێندنەوە، ئەو کەناڵانەش گرنگییەکی یەکجار زۆری پێ دەدرێت تاوەکو مرۆڤەکان بە باشی فێری ببن، بە تایبەتی لە مەنهەجی خوێندن و قۆناغی چوونە قوتابخانە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کەناڵێکی زۆر گرنگ هەیە گرنگیمان پێی نەداوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەویش گوێ گرتنە.
مرۆڤ زۆربەی کاتەکانی ژیانی تەرخان دەکات، لە قسەکردن، نووسین، خوێندنەوە، بەڵام گوێ گرتن بە یەکێ لە گرنگترین ڕێگاکانی پەیوەندی کردن دادەنرێت، چونکە تاوەکو لە دەوروبەرەکەت تێبگەیت و بیانناسیت. پێویستە گوێیان لێ بگریت، لە کتابی ستیڤن کوفی کە تیایدا  باسی حەوت نەریت دەکات بۆ مرۆڤەکان کە زۆرترین سوودیان هەیە، کتێبەکە باسی باوکێک دەکات پەیوەندی لەگەڵ کوڕەکەی خۆش نییە.

- باوکەکە بە ستیڤن دەڵێ ناتوانم لە کوڕەکەم تێبگەم، چونکە کوڕەکەم هەرگیز گوێ لە من ناگرێ.

- ستیڤن بە باوکەکە دەڵێ، تۆ دەڵێی ناتوانم لە کوڕەکەم تێبگەم، چونکە هەرگیز گوێ لە من ناگرێ؟

- باوکەکە دەڵێ، بەڵێ وام بە تۆ وت.

-ستیڤن بە باوکەکە دەڵێ، لێم گەڕێ با بۆت دووبارە بکەمەوە، تۆ دەڵێی ناتوانم لە کوڕەکەم تێبگەم، چونکە هەرگیز گوێ لە من ناگرێ؟

-باوکەکە دووبارە دەڵێ، بەڵێ وا دەڵێم!

-ستیڤن بە باوکەکەی ووت، بۆ ئەوەی لە کەسێک تێ بگەی پێویستە گوێی لێ بگری.

- باوکەکە بۆ ماوەیەک تووشی سەر سوڕمان بوو بەم قسەیە، پاشان ووتی ئۆۆۆههههه، پاش کەمێکی تر ووتی ئۆۆۆههههههه وەکو سەرسوڕمانێک.
ئینجا لە وەزعی خۆی تێگەیشت و ڕۆیشت.
بە گرنگ نەزانینی گوێ گرتن لە ژیانی ڕۆژانەمان، تووشی زۆر حاڵەتی تێنەگەیشتن دەبین، بەمەش زۆر لە کات و تەمەن و هەوڵ و ماندوبوون و سەروەت و سامان و پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان لە دەست دەچێت، کە لە ژیانمان هەوڵی بۆ دەدەین، بۆ نموونە: ئەگەر سەرنجی کێشەکانی خێزان بدەین، زۆر جار ڕوودانی کێشەکان لە ناو خێزان بۆ گوێ نەگرتن لە یەکتری دەگەڕێتەوە، ئەگەر هاتوو گوێ نەگرتنەکەش لە لایەن هەردوو لا (ژن و مێردەکە) بوو، ئەوا کێشەکان زیاتر دەبێت، چونکە ناتوانن بە شێوەیەکی باش گوێ لە یەکتر بگرن، ئەگەر هاتوو گوێشیان لە یەکتر نەگرت، ئەوا ناتوانن لە یەکتری تێبگەن، هەرکەسەو دەیەوێت قسەکەر بێت، بۆ ئەوەی کەسی بەرامبەری تێبگەیەنێت، بەڵام کەس نایەوێت گوێگر بێت بۆ ئەوەی لە کەسی بەرامبەری تێبگات!!
باسی گرنگی هونەری گوێگرتنیشمان کرد، دێینە سەر هەنگاوەکانی ڕاهێنانی گوێ گرتن، بۆ ئەوەی فێربین و بتوانین لە کار و بارەکانی ژیانماندا گوێگرێکی باش بین و بە شێوەیەکی دروست لە کەسانی دەوروبەرمان تێبگەین.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی گوێگرتن

هەنگاوی یەکەم: تەماشای چاوی ئەو کەسە بکە، کە قسە دەکات و بە هەموو لەشت ڕووی تێبکە.
واتە کاتێک کەسێک قسەت بۆ دەکات و تۆش گوێی لێ دەگری، پێویستە تەماشای چاوی بکەی، بۆ ئەوەی بزانی ئاگاداری ئەوی کە قسە دەکات و ڕێزی لێ دەنێی، هەروەها لە کاتی گوێ گرتن پێویستە بە هەموو لەشت ڕووی تێبکەی بۆ ئەوەی هەست بکات گرنگی پێ دەدەی، ئەگەر هاتوو لە جێگایەکی وەها بووی یان بە شێوەیەک بووی نەتوانی بە هەموو لەشت ڕووی تێ بکەی، ئەوا سەرت بە ئاڕاستەی کەسی قسەکەر بێ.

هەنگاوی دووەم:  بیربکەوە بۆ ئەوەی بزانی چی دەڵێ، بە ووشەی بەڵێ وایە یان سەرلەقاندن یان ڕاست دەکەی یان مممم بەردەوام بە لەگەڵی.
واتە تاوەکو بزانی ئەو کەسەی قسەت بۆ دەکات باسی چی دەکات، پێویستە بیر لە قسەکانی بکەیتەوە، نەوەک بیرت لە لایەکی تر بێت و وەکو ئەوە بێت گوێزت بۆ بژمێرێ، چونکە ئەگەر بیر نەکەیەوە بۆ ئەوەی بزانی چی دەڵێ، ناتوانی تێی بگەی، ئەگەر نەشتوانی تێی بگەی، ئەوا ناتوانی بەردەوام بی لە گوێ گرتن، چونکە کاتێک باسی ڕووداوێکت بۆ دەکات یان کێشەیەکت لە لا باس دەکات، ئەگەر هاتوو هەستی کرد بیر و هۆشت لە لای ئەو نییە هەست بە ناڕەحەتی و بێ ڕێزی خۆی دەکات، ئەگەرەکی زۆریش هەیە لێت تووڕە بێ و دڵێ لێت بشکێ.

هەنگاوی سێیەم:  چاوەڕێی نۆرەی خۆت بکە.
واتە کاتێک گوێ لە کەسێک دەگری، قسەی پێ مەبرە و چاوەڕێ بکە تاوکو قسەکانی خۆی تەواو دەکات، چونکە کاتێک پرسیارت لا دروست دەبێت لە قسەی کەسێک زۆرجار لە کۆتایی قسەکانی وەلامی تۆشی تێدایە، ئەگەر هاتوو  ئارام بگریت و چاوەڕێ بکەی، زۆر جاریش دەبینین قسە پێ بڕین، بابەتەکە یان ڕووداوەکە لە بیر کەسی قسەکەر دەباتەوە، یان قسە پێ بڕین کەسەکە ئیحراج و ناڕەحەت دەکات، بەمەش زۆر جار ڕوودەدات کەسی قسەکەر حەزی لە تەواوکردنی بابەتەکە یان ڕووداوەکە نامێنێت، بەمەش ناتوانی هیچ سوودێک لە کەسانی دەوروبەر وەربگری.

هەنگاوی چوارەم: ئەوەی دەتەوێ بڵێی، بیڵێ

واتە دوای ئەوەی تەماشای چاوی ئەو کەسەت کرد کە قسە دەکات و بە هەموو لەشیشت ڕووت تێکرد، بیریشت کردەوە بۆ ئەوەی بزانی چی دەڵێ و قسەکردنیشت پێ نەبڕی، نۆرەی قسەکردنی تۆ دێ و ئەو قسەیەی دەتەوێ بیکەی، بیڵێ، بەڵام پەیوەندی بە بابەتەکەوە هەبێت، نەوەک کەسی قسەکەر لە دۆڵێک و تۆش لە دۆڵێکی تر بی.

تێبینی

زۆر گرینگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە مەرج نییە ئەوەی هاتوو قسەی لەگەڵ کردی لەسەر هەر بابەتێک و هەر جۆرە داوایەکی هەبوو، تۆ بڵێی باشە بەسەرچاو، بۆ ئەوەی بڵێی بە شێوەیەکی باش گوێم گرتووە یان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتاییم بە ڕاهێنانەکە هێناوە، نا لەوانەیە لەگەڵ بیر و بۆچوونی کەسی قسەکەر نەبێ، یان ئەو داوایەی هەیەتی بۆی جێبەجێ نەکەی، بەڵا زۆر گرینگە بە شێوەیەکی زۆر جوان و ڕێک و پێک کۆتایی بە گوێ گرتنەکەت بێنی.


سەرچاوەکان



1877 بینین