وشتر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-01-23:14:00 - کۆدی بابەت: 3096
وشتر

ناوه‌ڕۆك

وشترەکان

وشتر (بە عەرەبی: جمل، بە ئینگلیزی: Camel)، یەکێکە لە مەمکدارە سمدارە کاوێژکەرەکان، دەتوانێت لە بیاباندا بارستاییەک بگوازێتەوە لە نێوان ١٧٠-٢٧٠ کگم ببێت، بۆیە نازناوی کەشتی بیابانی پێدراوە، نشینگەکەی لە بنەڕەتدا ئەفریقا و ئاسیا بووە بەڵام لە ئێستادا بە گشتی لە بیابان و مێرگ و دەشتەکانیشدا دەژی، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی خەڵکی باوەڕیان وایە کە تەنها لە پلە گەرمییە بەرزەکاندا دەژی، بەڵام بە پێچەوانەوە وشترەکان توانای ژیانکردنیان هەیە لە ٢٩ پلەی سەدیدا و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٤٠ کم ببڕێت و ئەگەر پێویست بکات خێراتر بجوڵێت دەتوانێت بە کاتژمێرێک ٦٧ کم ببڕێت و ناوەندە ڕێژەی تەمەنی وشتر دەگاتە نزیکەی ١٧ ساڵ.

سوودەکانی وشتر

جگە لەئەوەی وەک هۆکارێکی گواستنەوەی نایاب بەکاردەهێنرێت لە بیابانەکاندا، بەڵام وشترەکان چەندین سوودی دیکەیان هەیە، وەک خواردنی گۆشت و شیرەکەی و بەکارهێنانی فەروو و پێستەکەی لە بوارە پیشەسازییەکان و بەکارهێنانی پاشەڕۆکەی وەک سووتەمەنی و سوود بینین لە میزەکەی وەک دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی جیاواز بە درێژایی چەندین سەدە، جگە لە ئەمانەش دەکرێت وەک هۆکارێکی خۆش ڕابواردن لە پێشبڕکێ کردندا بەکاربێت.

شێوەی دەرەوەی

قەبارەی وشترەکان بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە، بۆ نموونە وشتری بکتریان بەرزییەکەی لە نێوان ٣-٣.٥ م دەبێت و درێژییەکەی لە نێوان ١.٥-١.٨ م دەبێت، ئەم قەبارە گەورەش هاوکاری وشترە بۆ ئەوەی بە ئاسانی شمەک بگوازێتەوە و لە پلە گەرمییە بەرزەکاندا بجوڵێت، ڕەنگی وشتر بە گشتی لە نێوان بێجی کاڵ بۆ قاوەیی تۆخدایە، بەڵام دەکرێت سپی و ڕەشیش هەبێ و بەهۆی ڕەنگەکەیەوە دەتوانێت بە تەواوەتی لەگەڵ ژینگەکەی تێکەڵ ببێ کە هاوشێوەی لمی بیابانەکانە، هەروەها چەند ڕیزێک برژانگی درێژی هەیە کە هاوکاری چاوی دەکات و دەیپارێزێت لە لمی بیابانەکان و برۆکانیشی ئەستوور و دیارن بەسەر چاویەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بە ڕۆژدا بە ئاسانی ببینێت لە ژێر تیشکە بەهێزەکانی خۆردا و هەستی بۆنکردنی زۆر پەرەسەندووە و توانای داخستنی لووتی هەیە لە کاتی گەردەلوولە لمییەکاندا، بەمەش ڕێڕەوی هەناسەدانی دەپارێزێت و پەلەکانی درێژن و پەنجەی پێیەکانی لەیەک دوور و فراوانن ئەمەش هاوکاری دەکات کە لە لمی بیابانەکاندا نقوم نەبێت و ڕۆنەچێت.

کۆپارەی وشتر

دیارترین سیمای جەستەی وشترەکان هەبوونی کۆپارەیە لەسەر پشتی جیاواز لە ئاژەڵەکانی دیکە، وشتری عەرەبی تەنها یەک کۆپارەی هەیە بەڵام وشتری بکتریان دووانی هەیە، سوودی ئەم کۆپارانە بۆ کۆکردنەوەی چەورییە کە وشترەکان دواتر وەک سەرچاوەی وزە بەکاریدێنن، بۆیە قەبارەکەی بە گوێرەی بڕی خۆراکەکەی دەگۆڕێت و کاتێک خۆراکی کەمبێت قەبارەی کۆپارەکەشی بچووک دەبێتەوە، هەروەها چەوری کۆپارەی دەبێتە هۆی دەردانی ئاویش، بە جۆرێک کە ٩.٣ گم لە خۆراک دەبێتە هۆی دەردانی ١.١ گم لە ئاو.

خۆراک

وشتر ئاژەڵی ڕووەکخۆرە، گژوگیا و دانەوێڵە و ڕووەکە دڕکدارەکان دەخوات کە ئاژەڵەکانی دیکە لێی دووردەکەونەوە، وە لەبەر ئەوەی نشینگەکەی وشکە و خۆراکی زۆری تێدا نییە، بۆیە وشتر بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بۆ ژەمی خۆراکی دەگەڕێت و دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک ئاو نەخواتەوە و زیاتر لە چەندین مانگیش بە بێ خۆراک بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر لەوەڕگا و خۆراک هەبێت ڕۆژانە دەتوانێت بۆماوەی ٨ کاتژمێر بلەوەڕێت و دواتر کاوێژ کردن و قوتدانەوەی ٦-٨ کاتژمێر دەخایەنێت.  

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەکان لە تەمەنی ٣-٤ ساڵی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و نێرینەکانیش لە ٦ ساڵییەوە، وەرزی زۆربوون بە گوێرەی نشینگەکان دەگۆڕێت چونکە پەیوەستە بە پلەی گەرمی و باران بارین و لەوەڕگاکانەوە، لە وەرزی یەکگرتنیان نێرینە و مێینەکان شەڕانگێز دەبن و بەتایبەتیش نێرینەکان بە ئاسانی جڵەوناکرێن و ترسناک دەبن، یەکگرتنی وشتر ١٠-٢٠ خولەک دەخایەنێت و بەدوایدا ماوەی سکپڕی ئەو وشترانەی یەک کۆپارەیان هەیە ٣٩٠ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەوانەشی دوو کۆپارەیان هەیە ٤٠٦ ڕۆژ دەخایەنێت، مێینەی وشتر دوو ساڵ جارێک یەک بێچووی دەبێت، واتە بە درێژایی تەمەنی دەتوانێت ٨ بێچووی ببێت و لە کاتی لەدایکبوونیان بێچووەکان کێشیان دەگاتە نزیکەی ٣٥ کگم، هەروەها کێشێ نێرینەکانی زیاترە لە مێینەکان، دایکەکە بێچووەکەی خاوێن ناکاتەوە و نایلێسێتەوە تەنها هاوکاری دەکات لە دۆزینەوەی گۆی مەمکەکانی، دوای ئەوەی بێچووەکە تەمەنی دەگاتە نزیکەی ٢-٣ مانگ دەستدەکات بە خواردنی گژوگیا و دەکرێت لە تەمەنی ٤ مانگییەوە لە شیر ببڕدرێتەوە و هەتا تەمەنی دەبێت بە ساڵێک لەگەڵ دایکیدا دەمێنێتەوە.  

جۆرە بەناوبانگەکانی

  • وشتری عەرەبی: لە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا دەژی.
  • وشتری بکتریان: لە دەشتەکانی ناوەڕاستی ئاسیا دەژی و لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بە یەکێک لە ئەو ئاژەڵانە پۆلێنکراوە کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
  • وشتری ماڵیکراو: لە هیندستان و ئەفریقا و چین و مەنگۆلیا دەژی.
  • وشتری کێوی: لە ناوچەکانی ئوستوڕالیا هەیە، زۆرترین ژمارەی وشترە کێوییە پێگەیشتووەکان لە بیابانی باکووری هەیە کە نزیکەی ٦٥٠ دانە دەبن.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

وشتر شەوانە نزیکەی ٦ کاتژمێر دەخەوێت و شێوازی خەوتنیشی بە پێوەیە واتە پاڵناکەوێت و ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە و پێکەوە بە کۆمەڵە دەژین، کۆمەڵەکان دوو شێوەن یەکێکیان نێرینەیەکی پێگەیشتوو سەرکردایەتی دەکات لەگەڵ مێینە و بێچووەکانی کۆمەڵەی دووەمیش تەنها نێرینەکانن، شێوازی پەیوەندیکردنیشیان لە ڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێک دەنگە وەک ناڵاندن و فووکردنی بەهێز، بەڵام دایکەکان لەگەڵ بێچووەکانیان پەیوەندی دەکەن لە ڕێگەی کۆمەڵە دەنگێکی هاوشێوەی هەژاندن و ورتەورتەوە و دەکرێت فوو بکەن بە ڕووخساری یەکتریدا بۆ سڵاوکردن، هەروەها جگە لە دەنگ زمانی جەستەش بەکاردهێنن وەک جووڵەی مل و گوێچکەکانیان، وە بۆ بەرگریکردنیش تف دەکات بە بەرامبەرەکەیدا، کە بریتییە لە ماددە هەرسنەکراوەکانی گەدەی، و لەبەر ئەوەی ئاژەڵێکی بەهێزە و بەرگەی هەموو سەختیەکانی نشینگەکەی دەگرێت ئەوا بە هێما و نیشانەی کۆڵنەدان دادەنرێت.


سەرچاوەکان



3200 بینین