ناوهڕۆك
سوارەی ئێلخانی زادە
ساڵی لەدایكبوون و كۆچی دوایی : ١٩٣٧ز-١٩٧٦ز
ئەم شاعیرە نوێخوازەی کوردستانی رۆژهەڵات ناوی (سوارە ئەحمەد ئاغای ئێلخانی)یە، لە شاری بۆکان هاتووەتە دنیاوە، خوێندنی سەرەتایی و لە سەقز و بۆکان و تاران تەواوکردووە و پاشان چووەتە کۆلیژی حقوقی زانستگەی تاران.
سوارە تەنها تەمەنی منداڵی بە خۆشی بردووەتە سەر، دوای ئەوە نەخۆشی و ژێردەستەیی نەتەوەکەی هەراسانی کردووە، لە ساڵی (١٩٦١)ز بۆتە ئەندام لە یەکێتی خوێندکارانی کورد لە زانستگەکانی ئێران، لە پەلاماریکی گەورەی گرتن و ڕاونانی دەزگای پۆلیسی (شا)وە، سوارەش کەوتە بەندینخانەی تارانەوە لە بەشی گرتووخانەی سیاسی ئێران.
لە یادی دە ساڵەی کۆچی دوایی ئەم شاعیرەمان، یەکێ لە نزیکترین هاوڕێ و خۆشەویستی سوارە، بەم جۆرە نووسیویەتی و دەڵێت:
لە خۆشاردنەوە و هەڵات هەڵاتی منداڵانە را هەتا خۆشاردنەوە و هەڵات هەڵاتی سیاسەت و کوردایەتی، لە بووکی جوانی کوردستان را هەتا شاری بە گرمە و دووکەڵ... چەند جار و چەند ساڵ پەککەوتن و تێهەڵچوونەوە، پێشمەرگایەتی من گیرانی ئەو، گیرانی من و کڕمانەوەی ئەو لە بەشی کوردی رادیۆی تاران و بە ناچاری لە دوو توێی سەد پەردەی ڕەمز و ڕازدا پیداهەڵگوتن و بە ئازادی و بە ڕابەری و بەختەوەری ئینسان و شیعر و وتاری سیاسیی نووسیوە.
نموونەیەک لە هۆنراوەکانی
شار
گوڵم، دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
ئەڵێم بە جامێ ئاوی کانییاوی دێیەکەم عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم لە دەردی ئینتیزارەکەت
وەڕز بوو گیانی من لە شار و هاڕە هاڕی ئەو
لە ڕۆژی چڵکنی نەخۆش و تاویادی شەو
***
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
چۆن بژیم لە شارەکەت
کە پر بەدڵ دژی گزەم
لە شارەکەت، کە رەمزی ئاسن و منارەیە
مەلی ئەوین غەوارەیە
ئەڵێی لە دەوری دەست و پیم
ئەوەی کە تێل و تان رەیەڵە، کەلەبچەیە
ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە
لە شارەکەت کەمەندی دووکەڵە کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند
بە دارە تەرمی کووچە تەنگەکانی شارەکەت
رانەهاتووە لەشم
بناری پر بەهاری دێ
ڕەنگی سوور و شین ئەدا
لە شیعر و عاتیفەی گەشم
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم