ئەحمەد دڵزار
ناوی (ئەحمەد مستەفای حەمە ئاغای حەوێزی)یە، لە ساڵی (١٩٢٠)ز لە شاری کۆیە هاتۆتە ژیانەوە، هەر لەسەرەتای ژیانیدا بە خوێندنەوەوە زۆر خۆی خەریککردووە، لە تەمەنی لاویدا کەوتووەتە خەباتی نیشتمانپەروەرییەوە، لەم ڕێگەیەوە زیندان و ئازار و ئەشکەنجەی زۆری دیوە شاعیری خەبات و یان زۆر باش لەوە گەیشتووە، کە دەبێت خەبات کۆمەڵانی فراوانی گەل بێت، لەبەر ئەوە دەبینین شیعرەکانی دەخاتە چوارچێوەیەکی ئەوتۆی شیعرەوە،
کە بەشێکی زۆر لە زەحمەتکێشان تێبگەن و بیکەنە گۆرانی و سروودی کاروانی خەباتی خۆیان، وەک دەڵێن:
کارگەرین جەنگاوەرین
ڕەنج بەرین تێکۆشەرین
شیعرەکانی مێژوویەکی خوێناوی ڕێکخراوی چینی کرێکارانی عێراق بە گشتی و کورد بە تایبەت باسدەکات، چونکە دڵزار لەناو ئەو ژیانە سەختەدا پەروەردە بووە.
وەرگێڕانەكانی
دڵزار دەستێکی باڵای هەبووە لە وەرگێڕاندا، ئەمەش لە ئەنجامی زیرەکی و شارەزایی شاعیرە لە زارەکانی کوردی و ئەدەبی بێگانەدا، بەڵگەشمان بۆ ئەوە:
١- گەنجینە: کۆمەڵە چوارینەکانی بابە تاهیرە کە لە شێوەی لوڕییەوە کردویەتی بە زاری کردمانجی خواروو.
٢- پێکەنینی بەهار: کە بەشێکە لە وەرگێڕانی شیعری شاعیری بەناوبانگی فەڕەنسی (ڤیکتۆر هیگۆ) بۆ سەر زمانی کوردی کە سەرەتاکەی دەڵێت:
وا گەڕانەوە ڕۆژە درێژەکان
بە جۆش و خۆشی رووناکی پەخشان
ئەمەیە بەهار ئازار و نیسان
هاتن پێکەوە ڕووخۆش و خەندان
ئەحمەد دڵزار دوو بەرهەمی بە چاپ گەیشتووە بە ناوی (ئاوازی ئاشتی) و (خەبات و ژیان). دڵزار هەر ئەو شاعیرە نییە کە شیعرەکانی بۆ مەبەستی سیاسی تەرخان کردبێت، بەڵکو شاعیر سروشت و بەهار و دیمەنی کوردستانی جوانیشی کردووە بە هەوێنی شیعرەکانی، ئەم هەستە ناسکە و سۆزە بەرزەی شاعیر لە شیعری (مانگی گوڵان)دا دەردەکەوێت:
مانگی گوڵان
مانگی گوڵانە کوڕەی بەهارە
زەمین سەراپا باخ و گوڵزارە
مافووری سەوزی هەردان گوڵ گوڵە
گوڵشەن بە جارێ پڕ لە بولبولە
سەراپا شاخ و باخ دۆڵ و دەشت
چاو ئەندازێکن لە باخچەی بەهەشت
پۆلێ کەنیشک و دەستەی دڵداران
هاتوچۆیانە لە نێو گوڵزاران
منداڵی ورد وێنەی کارژۆڵان
پەرت و پەخشانن لە ناو مێرگۆڵان
گەلەی گاکێوی و کەروێشک و ئاسکان
پەرتانن بەدەم هەڵدێر و باسکان
ئاوی کانیاوی سارد و ساگار
لە ژێر و قەدی کێوان دێتە خوار
لە لایێ شەپۆل شڵە شڵپ ئەکا
لا لایێ ئاگر کڵپە کڵپ ئەکا
لایەکیش گرد و هەوراز و ڕازە
دامێنی جێگەی یاریی سێبازە
ورد و درشت و کچ و ژن و ژاڵ
منداڵ و گەورە، پیاو و کوڕ و کاڵ
گشتی سەرخۆشی جوانی سروشتن
بەرانبەر نەغمەی بولبولان وشتن