پیشەی کشتوکاڵی بازرگانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-19-00:36:00 - کۆدی بابەت: 3433
پیشەی کشتوکاڵی بازرگانی

ناوه‌ڕۆك

پیشەی کشتوکاڵی بازرگانی

کشتوکاڵ لەم پیشەیەدا لە شێوەی بژێوییەوە گۆڕاوە بۆ پیشەیەکی تایبەتمەند کە بە چالاکییەکانی تری مرۆڤەوە بەستراوە وەک بازرگانی و پیشەسازی و وەکو چالاکییە ئابووریە نوێیەکانی تر دەستی کرد بە بەکارهێنانی زانیاری و تەکنۆلۆجیا بۆ زیادکردنی بەرهەمداری تاکە کەسێک. بۆیە ڕێژەی کارگەرانی لە سەرجەمی کارگەرانی چالاکی هەمەجۆر کەمترە ئەگەر لەگەڵ ئەو ناوچانەدا بەراورد بکرێت کە کشتوکاڵی بژێوییان تێدا بڵاوە. ڕەنگە وێنەیەکی ڕوونتریشمان دەست بکەوێت ئەگەر بزانین کە ئەو ڕێژەیەی پێشوو لە هەندێ لەو وڵاتە کە کشتوکاڵی بازرگانیان هەیە کەمتر دەبێت تا دەگاتە ڕێژەیەکی زۆر کەم. بۆ نموونە لە بەریتانیا ٢.١٪ و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت بە ٢،٦٪ لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە لەو وڵاتانەی کە کشتوکاڵی بژێوییان تێدایە و لە هەندێکیاندا دەگاتە دوو سێیەکی سەرجەمی کارگەران، وەکو هیندستان یان لە ٨٩،٤٪ وەکو لە نێجەردا.
  کشتوکاڵی بازرگانی بەوە جیادەکرێتەوە کە بەرهەمەکەی هەندیکی یان هەر هەمووی بۆ فرۆشتن تەرخانکراوە، لەبەر ئەوە بەم پێیە پلەی بازرگانی لە کشتوکاڵیدا دەگۆڕێت. لە هەندێکیاندا بەرهەمەکەی بە گشتی بۆ مەبەستی فرۆشتنە وەکو لەوەڕاندنی بازرگانی لە نیوزلاند. یان تەنیا بەشێکی لێ تەرخان دەکرێت بۆ فرۆشتن وەکو لە هەندێ ناوچەی خۆرهەڵات و باشووری ئاسیا. بە زۆریش دەوڵەتان پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی پێوانەی تایبەتی بۆ جیاکردنەوەی کێڵگەی بازرگانی لە هی تر. وە بە مەرجێ نرخی فرۆشراوەکان لە نیوەی نرخی بەرهەمی کێڵگەکە زۆرتر بێت بۆ ئەوەی بە کێڵگەیەکی بازرگانی دابنرێت.
  کێڵگە بازرگانییەکانیش دوو خاسییەتی بنەڕەتیان هەیە. یەکەمیان پەیدا کردنی بەروبومی خۆراکە کە پێویستییەکی مرۆڤە وەکو گەنم و برنج و گەنمەشامی و ئەوی تریان بەرهەمەکەی بۆ کەرەستەی خاوی پشەسازییە وەکو لۆکە (پەمو) و کەتان و لاستیک و قامیشی شەکر. ئەمانە هەموو دەجنە ناو بازرگانی نێودەوڵەتانەوە. چونکە بەروبومی خۆراک بە تایبەتی دانەوێڵە و ئەو ماددە خاوە کشتوکاڵیانەی لە پیشەسازیدا بەکار دەهێنرێت گرنگترین ڕەگەزی بازرگانی دەوڵەتانن.
  گرنگی کشتوکاڵی بازرگانی بەگوێرەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان لە جیهاندا دەوڵەتەکانی ناچار کردووە کە ئەم چەشنە کشتوکاڵە فراوان بکەن و ئەمەش بە دوو ڕێگە دەبێت. یەکەمیان ڕێگەی فراوانکردنی ئاسۆییە و مەبەستیشمان لەمە خۆشکردنی زەوی و وشک کردنی زەلکاوەکان و داچاندنی زەوییەکانە، بەڵام ڕێگەی دووەم فراوانکردنی ستوونییە و مەبەستمان لەمە زۆرکردنی توانای بەرهەمهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکانە بە پەیداکردنی هەندێک جۆرە بەروبوومی دیاریکراو و چاککردنی خاسییەتی خاکەکە و بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دەبێ تاوە نا تاوێک پەینی پێوە بکرێت. کشتوکاڵی بازرگانی بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەشە شێدارەکانی بازنەەکانی ناوەڕاستدا کۆدەبێتەوە وەکو ناوچەی خۆرئاوای ئەوروپاو  درێژیش بۆتەوە بۆ خۆرئاوای ئاسیا و هەروەها رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەداش.


سەرچاوەکان



1591 بینین