نوێژی وەتر

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-10-13-14:02:00 - کۆدی بابەت: 3589
نوێژی وەتر

ناوه‌ڕۆك

نوێژی وەتر چییە؟

نوێژی وەتر یەکێکە لە نوێژە سوننەتەکان کە مرۆڤ بە مەبەستی نزیک بوونەوە لە خودای گەورە ئەنجامی دەدات، بە پێی ڕای زۆربەی زانایان ئەم نوێژە سوننەتێکی موئەکەدە، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر محەمەد ﷺ بەردەوام بووە لەسەر کردنی و وازی لێنەهێناوە، لەلای حەنەفیەکان ئەم نوێژە بە فەرز ئەژمار دەکرێت، ئەم نوێژە بە لای کەمەوە  1 ڕکات یا 3 دەبێت و بە لای زۆرەوە 11 ڕکات دەبێت، مرۆڤی باوەڕدار بەم نوێژە کۆتایی بە شەوەکەی دێنێت، ناوەکەشی بە مانای ئەوە دێت کە ئەم نوێژە دەبێت بە ژمارەی تاک ئەنجام دەدرێت.

فەزڵی نوێژی وەتر

نوێژی وەتر یەکێکە لەو پەرستشانەیە کە دڵنیایی و ئارامی بۆ ژیانی تاکی باوەڕدار دابین دەکات، وە خاوەنەکەی پاداشتێکی گەورە لە دونیا و دواڕۆژدا بەدەست دەهێنێت، بە تایبەتتر ئەم نوێژە کە وا باشترە لە کۆتاییەکانی شەوەوە ئەنجام بدرێت, خوای گەورەش بە پێی فەرموودە لە سێیەکی کۆتایی شەودا دادەبەزێتە ئاسمانی دونیا، دابەزینێک کە شایەن بێت بە پەروەردگاری مەزنمان، وە دوعا لەو کاتەدا ڕەت ناکرێتەوە و قەبوڵە.

* عنْ جَابِرٍ رَضِيَ اللهُ عَنهُ قالَ: قالَ رَسُولُ الله صلى الله عليه وسلم: «مَنْ خَافَ أنْ لا يَقُومَ مِنْ آخِرِ اللَّيْلِ فَلْيُوتِرْ أوَّلَهُ، وَمَنْ طَمِعَ أنْ يَقُومَ آخِرَهُ فَلْيُوتِرْ آخِرَ اللَّيْلِ، فَإِنَّ صَلاةَ آخِرِ اللَّيْلِ مَشْهُودَةٌ، وَذَلِكَ أفْضَلُ». أخرجه مسلم.

واتە: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی هەر کەسێک لەوە ترسا کە لە کۆتایی شەوەوە هەڵنەستێتەوە بۆ ئەنجامدانی شەو نوێژ ئەوە با لە سەرەتاوە نوێژی وەتر ئەنجام بدات، وە هەر کەسیش حەزی لەوە کرد کە کۆتایی شەو هەڵبستێتەوە و نوێژی وەتر ئەنجام بدات، ئەوە با لە کۆتایی شەودا ئەنجامی بدات، لەبەر ئەوەی نوێژی کۆتایی شەو شایەتیدەرە و باشترە.

نوێژی وەتر هێندە پاداشتەکەی مەزنە کە پێغەمبەر محەمەد ﷺ هەرگیز لە کیسی نەچووە، ئەمەش نیشانەی گرنگی ئەم نوێژەیە، ئەو نوێژەی کە بە تەنیا دەیکەیت و تەنیا لە نێوان خۆت و پەروەردگارتایە لە گەورەترین پەرستشەکانە و دوورە لە ڕووپامایی، چونکە هیچ کەسێک ناتبینێت، هەمووان لە شیرینی خەودان و تۆش لە نوێژدایت و گفتوگۆ دەکەیت لەگەڵ پەروەردگارتا، هەتا نوێژەکەش خشوعی زیاتر بێت تام و چێژ و پاداشتی زیاترە.

- دوعاکردن لە نوێژی وەتردا: مرۆڤی باوەڕدار دەتوانێت دوعا بکات و ئەوەی دەیەوێت داوای بکات لە خوای گەورە.

 - دڵخۆشی و ئارامی نوێژی وەتر: نوێژی وەتر دڵخۆشی و ئارامیە بۆ کەسی باوەڕدار، بەندە صالح و بۆ خوا سوڵحاوەکان ئارام نابن تاوەکو ئەو نوێژە ئەنجام نەدەن.

کات و چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژی وەتر

نوێژی وەتر لە دوای نوێژی عیشاوە کاتەکەی دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت تا نوێژی بەیانی، واتە تەنها لەو نێوەندەدا ئەنجام دەدرێت.

- نیەت بۆ نوێژەکە دەهێنیت بەمەبەستی نزیکبوونەوە لە خودای گەورە و بەدەستهینانی ڕەزامەندی.

- دڵنیابوونەوە لە پاکی شوێنەکە و جل و بەرگ و هەبوونی دەستنوێژ و ڕووکردنە قیبلە.

- ئەم نوێژە هەروەک هەر نوێژێکی تر ئەنجام دەدرێت، بەڵام جیاوازیەکەی ئەوەیە کە بە ژماری تاکی ئەنجام دەدرێت، واتە بۆ نموونە: 1 ڕکات، 3 ڕکات، 5 ڕکات، 7 ڕکات و بەو شێوەیە.

- حەنەفیەکان بۆ ئەوە دەچن کە نوێژی وەتر وەک نوێژی ئێوارە بە سێ ڕکات دەکرێت و یەکجار سڵاوی تێدا دەدەیتەوە، بەڵگەش بەم فەرموودەیە دەهێننەوە، رُوِي عن ابن مسعود وابن عباس وعائشة -رضي الله عنهم- أنّهم قالوا: (كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يوتر بثلاث ركعات).

- مالیکیەکان بۆ ئەوە دەچن کە نوێژی وەتر دوو ڕکات دوو ڕکات دەکرێت و لە کۆتاییدا بە یەک ڕکات کۆتایی پێدەهێنیت، ئەم فەرموودە بە بەڵگە دەهێننەوە کە پێغەمبەر محەمەد ﷺ دەفەرموێت: (صلاة الليل مَثنى مَثنى، فإذا خشي أحدكم الصّبح صلّى ركعةً واحدةً تُوتر له ما قد صلّى).

هەروەها ئەم فەرموودانەی تریش: رویت عن عائشة أن النّبي - عليه الصّلاة والسّلام - (كان يُصلّي باللّيل إحدى عشرة ركعةً يُوتر منها بواحدة)،[٥] ويُروَى أنّ رجلاً سأل النّبي - عليه الصّلاة والسّلام - عن صلاة اللّيل فقال بإصبعه: (هكذا مَثنى مَثنى، والوتر ركعةٌ من آخر اللّيل).

- شافیعیەکان و حەنبەلیەکان وای بۆ دەچن کە کەمترین ڕکات لە نوێژی وەتر 1 ڕکاتە، بەڵام لای شافیعیەکان بە مەکروهی دەزانن کە ئەو ڕکاتەی کۆتایی بە تەنیا بکرێت، بە پێچەوانەی حەنبەلیەکانەوە کە بە مەکروهی نازانن.

- زۆربەی فەقێکان دەفەرموون کە نوێژی وەتر دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجام دەدرێت، پاش هەر دوو ڕکاتێک سەلام دەداتەوە، پاشان لە کۆتاییدا یەک ڕکات بە تاک ئەنجام دەدات.

- موستەحەبە لە نوێژی وەتردا لە ڕکاتی یەکەمدا سورەتی (الأعلی) بخوێنرێت، ڕکاتی دووەم سورەتی (الکافرون)، و ڕکاتی سێیەم سورەتی (الإخلاص).

- خوێندنی قنووت لە نوێژی وەتردا ڕێگەپێدراوە و موستەحەبە و فەرز نییە.

حوکمی نوێژی وەتر

زۆربەی فەقیهەکان بۆ ئەوە دەچن کە نوێژی وەتر سونەتێکە و فەرز نییە، تەنها لای حەنەفیەکان بە (واجب) دادەنرێت، (واجب) ـیش لای پێشەوا ئەبو حەنیفە پلەیەک خوار لە (فەرز) ـەوەیە، چونکە فەرز بە دەقێکی ڕوون و قسە هەڵنەگر دەبێت.

گەر یەکێک نوێژی وەتری نەکرد چی بکات؟

لای حەنەفیەکان پێویستە قەزای بکاتەوە و بیگێڕێتەوە ئەگەر لەبیری چووبێت یا ئەنقەست نەیکردبێت، لای مالیکیەکان دەگێڕدرێتەوە تا هەڵهاتنی خۆر، پاش ئەوە نایگێڕێتەوە، شافیعیەکانیش دەڵێن: ئەوەی نوێژی وەتری لەبیرچوو و نوێژی بەیانی کرد ئەوە قەزای لەسەر نییە.


سەرچاوەکان



2993 بینین