ناوهڕۆك
بەختەوەری مرۆڤ
بەختیاری بەو حاڵەتە دەوترێت کە تیایدا مرۆڤ هەست بە خۆشی و ڕەزامەندی دەروونی دەکات و خەفەت بۆ ڕابردوو و ترس لە داهاتوو ژیانی لێ ناخۆش و تاڵ نەکردبێت.
دیارە بەختەوەری ئەو ئامانجەیە کە هەموو مرۆڤێک هەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێت لە ژیانیدا پێی بگات و خۆش بژی. مرۆڤ بە سروشتی خوداکردی خۆی لە ئازار و ناڕەحەتی و بەدبەختی، ئیسلامیش هاتووە هەوڵی بەختەوەرکردنی مرۆڤ لە هەردوو دونیادا بدات.
بەڵام مرۆڤەکان لە دیاریکردنی هۆکار و سەرچاوەکانی بەختەوەریدا لەگەڵ یەکدیدا یەکسان نین و وەک یەک بیرناکەنەوە، هەندێک پێیان وایە بەختەوەری لە دەوڵەمەندی و ماڵ و ساماندایە، هەندێکی دیکەش لە پلە و پایە و ناو و ناوبانگدا دەیبیننەوە ... هتد، بەڵام ئایا ئەم بیرکردنەوانە ڕاستن؟ ئایا هەموو دەوڵەمەندەکانی جیهان یاخود کاربەدەست و ئەستێرە و کەسە بەناوبانگەکان لە ژیانیاندا بەختەوەرن؟، واقیع پێمان دەڵێت نەخێر، مەسەلەی بەختەوەری بەو جۆرە نییە، چونکە چەندین دەوڵەمەند و ئەستێرەی سینەمایی و هونەر و کاربەدەست و کەسی بەناوبانگ لەسەر زمانی خۆیان و لە یاداشت و وەسیەتنامەکانیاندا ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە لە ژیانیاندا بەدبەخت و ناشادبوون.
هەندێک لەوانەش لەبەر ئازاری دەروونی زۆر و نائومێدی و وەڕزبوونیان لە ژیان پەنایان بردۆتە بەر خۆکوشتن. نهێنی ئەم حاڵەتەش لەوەدایە کە بەختەوەری و هەستکردن بە ڕەزامەندی دەروونی پێش هەر شتێک پەیوەندی بە ناوەوەی مرۆڤ و ناخ و دڵ و دەروونیەوە هەیە.
شوێنی ڕاستەقینەی بەختەوەری دڵ و دەروونی مرۆڤە، هەر بۆیە دەشێت مرۆڤ بێ ئەوەی خاوەنی سەروەت و سامان و پلە و پایەیەکی زۆر بڵندبێت لە ژیاندا بەختەوەربێت. نمونەی کەسێک کە لەگەڵ ئەوەی هەموو پێداویستیە مادیەکانی ژیانێکی خۆشی پێدراوە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە بەدبەختی و ناخۆشی دەکات وەک ئەوە وایە کەسێک زۆر تینوبێت، بەڵام لە بری ئەوەی ئاو بخواتەوە هەوڵبدات بە ئاو کردن بەسەر خۆیدا تینوێتیەکەی بشکێنێت، کە ڕوونە بەم کارەی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش تینوێتیەکەی کەم ببێتەوە دادی نادات و دەبێت بۆ تینوێتی شکاندنەکەی ئاو بخواتەوە. مرۆڤیش هەست بە بەختەوەری کردن لە ناخیدایە و شتە ڕواڵەتی و مادیەکان دەکرێت یارمەتیدەر بن، بەڵام بەتەنها ناتوانن بەختەوەری بکەن. بە واتایەکی دیکە لە ڕوانگەی ئیسلامیشەوە هەندێک مەسەلەی مادی ڕؤڵیان لە بەختەوەرکردنی مرۆڤدا هەیە و نکۆڵی لەمە ناکرێت هەروەک پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (من سعادة إبن ادم: المرأة الصالحة، و المسکن الصالح، و المرکب الصالح)، پێشەوا ئەحمەد ڕیوایەتی کردووە، واتە: لە بەختەوەری مرۆڤ چەند شتێکە، هاوسەری باش، خانوو و ماڵی باش، هۆی گواستنەوەی باش. بەڵام پێش هەموو ئەو شتانە دەبێت مرۆڤەکە خاوەن دڵ و دەروونێکی باشبێت و لە دڵەوە هەست بە خۆشی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی باشتریش سود لە هەموو ناز و نیعمەتە ماددیەکان وەربگرێت و چێژێکی زۆرتریان لێ بەرێت. لە نامەی یەکێکدا کە پێش خۆکوشتنی نوسیویەتی هاتووە: (من گەنجێکم لەش ساغ و هاوسەرێکی بە دڵی خۆم هەیە و پارەیەکی زۆریشم هەیە هەرچی دڵم بیخوازێت لەبەردەستمایە جا کە وایە ئیتر بۆچی بژیم)،
ڕۆڵی باوەڕ
لەم ڕووەشەوە ئاماژە بە چەندین خاڵ بکەین لەوانەش:
١- ئێمە بەهۆی باوەڕەوە بە سەرچاوەی ئەم بوونە و بەدیهێنەری ئاسمانەکان و زەوی و خۆمان، واتە خودای پەروەردگار پەیوەست دەبین، مرۆڤێکیش باوەڕی بە خودای گەورە هەبێت و لە ڕوانگەی ناوە پیرۆزەکانیەوە بیناسێت هەست بە تەنیایی و لاوازی و بێکەسی و بێپشت و پەنایی لا دەڕەوێتەوە و لەکاتی خۆشی و ناخۆشی و تەنگانەدا دەتوانێت پشت بە خودای میهرەبان ببەستێت و دڵی خۆی بۆ بکاتەوە و داوای کۆمەکی و یارمەتی لێبکات. ئەمەش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ژیانی پێدەبەخشێت و ناهێڵێت هاوسەنگی دەروونی تێکبچێت.
٢- مرۆڤ بەهۆی باوەڕەوە بەرچاوڕوون دەبێت و وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی ژیانی دەستدەکەوێت لە وێنەی: لە کوێوە هاتووم؟، بۆ هاتووم و ئامانج لەم ژیانەدا چییە؟، بۆ کوێ دەگەڕێمەوە و چارەنووسی دوای مردنم چییە؟، مرۆڤ بەهۆی باوەڕەوە لەڕێی قورئانەوە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەی دەستدەکەوێت، ئەمەش ئارامی پێدەبەخشێت و هەستکردن بە بەدبەختی لا کەمدەکاتەوە.
٣- باوەڕ فێری چاکەکاریمان دەکات و چاکەکارانیش لە سۆز و بەزەیی خوداوە نزیکن: ((وَلَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ بَعْدَ إِصْلَاحِهَا وَادْعُوهُ خَوْفًا وَطَمَعًا ۚ إِنَّ رَحْمَتَ اللَّهِ قَرِيبٌ مِنَ الْمُحْسِنِينَ)) الاعراف:٥٦، واتە: بەڕاستی بەزەیی خودا لە چاکەکارانەوە نزیکە، مرۆڤێکیش لە ژیاندا هەست بە سۆز و بەزەیی خودا بکات زۆرتر هەست بە خۆشی ژیان و بەختەوەری دەکات.
٤- باوەڕ وامان لێدەکات خەفەت بۆ ڕابردوو نەخۆین و لە ئایندەش نەترسین، چونکە بۆ ئەوەی هەست بە بەختەوەری بکەین دەبێت لەم دوو هەستە ڕزگارمان بێت. لوتکەی بەختەوەریش لە بەهەشتدایە چونکە مرۆڤ نە خەفەت بۆ ڕابردووی دەخوات و نە لە داهاتووشی دەترسێت، ئەوەی پێی دەدرێت بۆ هەتاهەتاییە و نەمرە و هەرچیش دڵی بیخوازێت دەستی دەکەوێت.
٥- ئێمە بەهۆی باوەڕەوە شوێنی ڕێنوێنیەکانی پەروەردگار دەکەوین، ئەویش بەڵێنی داوە هەرکەسێک بەو جۆرە بێت لە بەدبەختی و چارەڕەشی بەدوور دەبێت: (ثُمَّ أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ أَنِ اتَّبِعْ مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ (١٢٣) إِنَّمَا جُعِلَ السَّبْتُ عَلَى الَّذِينَ اخْتَلَفُوا فِيهِ وَإِنَّ رَبَّكَ لَيَحْكُمُ بَيْنَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فِيمَا كَانُوا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ (١٢٤)) طە:١٢٣-١٢٤، واتە: هەرکەسێک شوێن ڕێنوێنی من بکەوێت نە گومڕا دەبێت و نە بەدبەخت، وە هەرکەسێکیش لە یاد و ڕێبازی من هەڵبکات ژیانێکی پڕ ئازار و ناڕەحەتی دەبێت، چونکە باوەڕێکی ڕاستەقینە مرۆڤ لە نەخۆشیە دەروونیەکان دەپارێزێت و لە ژیانیشدا یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی بە جۆرێک بژێت مافی ڕۆح و جەستە و ئەقڵی بدات و لە ژیاندا ئەرێنی و گەشبین بێت.
٦- باوەڕ هانمان دەدات بۆ چاکەکەردن و یارمەتیدانی کەسانی دیکە پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەکدا دەفەرموێت: (لە دوای باوەڕ بە خودا هیچ شتێک بە ئەندازەی خۆشی خستنە دڵی مسوڵمانێکەوە لای خودا بەنرخ نییە)، زانستی دەروونناسی و پەرەپێدانی مرۆڤیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یەکێ لە ڕێگاکانی دەستکەوتنی بەختەوەری بریتییە لە هەوڵدانی مرۆڤ بۆ بەختەوەرکردنی کەسانی دیکە.
د.یوری ریوریکوف لە کتێبی خۆشەویستی و وزەت دەروونیدا دەڵێت: (ئەو یارمەتیەی مرۆڤ پێشکەشی کەسانی دیکەی دەکات تەزوو لێشاوی هەستی باش و هەڵچونی پۆزەتیڤانەی پێ دەبەخشن کە دەروون و ڕۆحی بێگەرد دەکەن و خاوێنی دەکەنەوە و برینەکەی ساڕێژدەکەن و هەستە تایبەتەکانی بەرامبەر بە خۆی ساڕێژ دەکەن و هەستە تایبەتەکانی بەرامبەر بە خۆی باشتر دەکەن و هەستکردن بە کوم و کوڕتی و لەدەستاد لە دەروونیدا لاواز دەکەن).