پەیوەندی ڕەوشت بە بیروباوەڕەوە

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-13:07:00 - کۆدی بابەت: 3726
پەیوەندی ڕەوشت بە بیروباوەڕەوە

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری بیروباوەڕ لەسەر ڕەوشت

خودای گەورە بەڵێنی داوە کە هەر کەسێک پابەندی ئاکار و ڕەوشتە جوانەکان بێت کردەوەی ئەنجام بدات بە بەهەشت پاداشتی بداتەوە، خودای گەورە دەفەرموێت: (مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَىٰ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً ۖ وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ) النحل ٩٧، واتە: هەرکەسێک لە هەردوو ڕەگەزەکە چاکەکاربێت لە پاداشتی ئەوەدا لە ژیانێکی خۆشدا دەیژیەنین و لە قیامەتیشدا بە گوێرەی باشترین کردەوەی پاداشتی دەدەینەوە. ئەمەش لە بەیەکەوە لکاندنی ئاین و ڕەوشت جوانی لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەردا بەجوانی دەردەکەوێت. چەندەها ئایەت لە قورئاندا ئاماژە بە پەیوەندی توند و تۆڵی نێوان باوەڕ و کردەوەی چاک و ڕەوشت دەکەن، وە دەیخەینە ڕوو کە باوەڕ و بیروباوەڕ مرۆڤ لە خراپە و ڕەوشتی نزم دەپارێزن بۆ نمونە دەبینین لە قورئاندا لە کاتێکدا داوا لە باوەڕداران دەکرێت دەست بە یەکێک لە ڕەوشت و ئاکارە جوانەکانەوە بگرن لە پێشەوە بیری ئەوەیان دەهێنێتەوە کە ئەوان باوەڕدارن و ئەمەش ئەو هەڵوێستە ڕەوشتییەیان لێ دەخوازێت، بۆیە ئەگەر باوەڕ درەختێک بێت یەکێک لە بەرە شیریرنەکانی چاکەخوازی و ڕەوشتبەرزییە. گەر سەیری سەرەتای سورەتی (المؤمنون)ـیش بکەین دەبینین باسی کۆمەڵێک کاری چاک و ڕەوشتی بەرز دەکات کە بەرهەمی باوەڕن و باوەڕدارانی ڕاستەقینەیان پێدەناسرێتەوە (قَدْ أَفْلَحَ الْمُؤْمِنُونَ (1) الَّذِينَ هُمْ فِي صَلَاتِهِمْ خَاشِعُونَ (2) وَالَّذِينَ هُمْ عَنِ اللَّغْوِ مُعْرِضُونَ (3) وَالَّذِينَ هُمْ لِلزَّكَاةِ فَاعِلُونَ (4) وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (5) إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (6) فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاءَ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ (7) وَالَّذِينَ هُمْ لِأَمَانَاتِهِمْ وَعَهْدِهِمْ رَاعُونَ (8) وَالَّذِينَ هُمْ عَلَى صَلَوَاتِهِمْ يُحَافِظُونَ (9) أُولَئِكَ هُمُ الْوَارِثُونَ (10) الَّذِينَ يَرِثُونَ الْفِرْدَوْسَ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (11) المؤمنون ١-١١، واتە: بەڕاستی سەرفرازبوون ئەو باوەڕدارانەی ئەم سیفەتانەی تێدابێت ئەوانەی کە بە ملکەچی نوێژەکانیان دەکەن وە ئەوانەی کە گوێ بە قسەی هیچ و پوچ و نزم و بێ ئامانج نادەن و پشتی لێ هەڵدەکەن و ئەوانەی زەکات دەدەن وە هەروەها ئەوانەی داوێنی خۆیان دەپارێزن و داوێنپاکن و پەیوەندی جنسیان تەنها لەگەڵ هاوسەری شەرعی خۆیاندایە، چونکە ئەو کەسانەی لەوە تێپەڕن و چاویان لە شتی دیکەبێت لەو مرۆڤانە دەژمێردرێن کە سنورەکانی خودایان شکاندووە و دەستدرێژیان کردووە و هەروەها ئەوانەی دەستپاکن و ئەو پەیمان و بەڵێنانەی بە کەسانی دیکەی دەدەن بەجێیان دەگەیەنن و وە ئەوانەی پارێزگاری لە نوێژەکانیان دەکەن و پچڕپچڕ نایانکەن و نایەڵن نوێژیان بچێت و بەجوانیش ئەنجامیان دەدەن ئەو باوەڕدارانەی ئەم خەسڵەتانەیان تێدابێت خودای گەورە بەڵێنی پێداون کە دەبنە میراتگری فیردەوس کە بەرزترین و خۆشترین شوێنی بەهەشتە و بۆ هەتاهەتایی و بە نەمری تێیدا دەمێننەوە. هەروەها دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ) الحجرات ٦، واتە: ئەی باوەڕداران ئەگەر خراپەکارێک هەواڵێکی بۆ هێنان یەکسەر باوەڕ مەکەن و لێی وەرمەگرن بەڵکو هەوڵدەن لە ڕاستی و ناڕاستی هەواڵەکە بکۆڵنەوە بۆ ئەوەی بە هەڵەدا نەچن و بڕیاری نادروست نەدەن، هەر بۆیە هۆکارێکی گرنگی لاوازی ڕەوشت لە کۆمەڵگەیەکی مسوڵمانیدا لاوازی باوەڕ و کەمبوونەوەی کاریگەری ئەوە بەسەر ئاڕاستەکردنی ژیانی مرۆڤەکاندا بۆ نمونە پێغەمبەر(دخ) دەفەرموێت: لا إیمان لمن لا أمانة ولا دین لمن لا عهد لە) واتە: ئەوەی ئەمانەت نەپارێزێت ئیمانی تەواو نییە، کەسی پەیمان شکێن و بێ بەڵێنیش ئاینی تەواو نییە، واتە لەو هەڵوێستەیدا وەکو ئایندار دەرناکەوێت، هەروەها پێغەمبەر(دخ) باوەڕدارانی لەگەڵ چەندین سیفەتدا وەسف کردووە (من کان مؤمن باللە والیوم الأخر فلیکرم جارە، ومن کان یؤمن باللە والیوم الأخر فلیکرم ضیفە، ومن کان یؤمن باللە والیوم الأخر فلا یؤذ جارە، ومن کان یؤمن باللە والیوم الأخر فلیقل خیر أو لیصمت)، واتە: ئەو کەسە باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەیە، با ڕێز لە دراوسێکەی بگرێت، ئەو کەسە باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەیە با ڕێز لە میوانەکەی بگرێت، وە ئەو کەسە باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەیە با ئازاری دراوسێکەی نەدات هەروەها ئەو کەسە باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەیە ئەگەر قسەی کرد چاکە بڵێت ئەگەر نا با بێدەنگ بێت. هەر ئەمەشە وای کردووە ڕەوشتجوانی ببێتە پێوەرێکی سەرەکی و بنەڕەتی باوەڕداری، واتە مرۆڤ لە ڕەوشت و ئاکار و مامەڵەیەوە سەیری بیروباوەڕ و ئاستی بیروباوەڕی ڕاستگۆیی ئاینی دەکرێت، پێغەمبەر (دخ) لەم ڕووەوە دەفەرموێت (أکمل المؤمنین إیمانا أحسنهم اخلاقا) واتە: تەواوترینی باوەڕداران ڕەوشت جوانترینیانە، چونکە باوەڕداری قسەی بریسکەدار و لاف و لێدان و ئاوات هەڵخواستن نییە، بەڵکو هەروەکو وتراوە باوەڕ ڕاستییەکە لە دڵ و دەرووندا دەچەسپێت و ڕەگ دادەکوتێت و بە زمان دەردەبڕێت و ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت و کردەوە و ئاکاری بەرزی باوەڕدارانیش پشت ڕاستی دەکاتەوە و دەیسەلمێنێت.


سەرچاوەکان



1658 بینین