ئیسلام و کەرامەتی مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-02:40:00 - کۆدی بابەت: 3740
ئیسلام و کەرامەتی مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

کەرامەتی مرۆڤ سەرچاوەی سەرجەم مافە بنەڕەتییەکانیەتی، کەرامەت بەڵگەی مرۆڤایەتی مرۆڤە کە لە ئاژەڵ و گیانلەبەرانی دیکە جیای دەکاتەوە.

ناوه‌ڕۆك

کەرامەتی مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ لە ئیسلامدا

کەرامەتی مرۆڤ سەرچاوەی سەرجەم مافە بنەڕەتییەکانیەتی، کەرامەت بەڵگەی مرۆڤایەتی مرۆڤە کە لە ئاژەڵ و گیانلەبەرانی دیکە جیای دەکاتەوە، کەرامەتی مرۆڤ گەورەترین پاساو و هاندەری مرۆڤ بووە لە مێژوودا بۆ جێلێژکردن بە داب و نەریت و یاسا توند و تیژەکان و گۆڕانیان بە ڕێسا ئاینییە میهرەبانەکان و یاسا نەرمەکان لە (جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ)ـیشدا کە لە ساڵی ١٩٤٨ دەرچووە، هاتووە: (داننان بە کەرامەتی خوداپێداو و یەکسانی مرۆڤەکان و وە بە مافە چەسپاوە یەکسانەکانیان، بریتیە لە بناغەی ئازادی و دادپەروەری و ئاشتی لە جیهاندا).
لە (بەیاننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسی)ـیەکانیشدا کە لە ساڵی ١٩٦٦دا دەرچووە، هەمان بۆچوون دووبارە کراوەتەوە و تێیدا هاتووە: (هەموو ئەم مافانە لە کەرامەتی یەکسانی مرۆڤەکانەوە سەرچاوەی گرتووە). دوای ئەوەش ڕێزگرتنی ئەم کەرامەتە لە کاتی چەسپاندنی سزای یاسایشدا بە پێویست داناوە، کەواتە کەرامەتی مرۆڤ سەرچاوەی سەرەکی و گەورەیی مافەکانی مرۆڤە. ئاینە ئاسمانیەکان هەمیشە جەختیان لەسەر کەرامەتی خوداپێداوی مرۆڤ کردۆتەوە، قورئان کەرامەتی مرۆڤی بە یەکێک لەو نیعمەتانە داناوە خودای گەورە بە مرۆڤی بەخشیوە و بەهۆی ئەویشەوە فەزڵ و ڕێزی بەسەر تەواوی بەدیهێنراوەکانی دیکەی خۆی لەم گەردوونەدا داوە و مرۆڤی کردووە بە سەرداری بوونەوەر (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَىٰ كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلً) الإسراء ٧٠، واتە: ئەم ڕێزلێنانەش لە مرۆڤ کردوویەتی بە جێنشین لەسەر زەوی و تەواوی خێر و بێرەکانی ئاسمان و زەوی خستۆتە بەردەست.

کەرامەت بەخشین لەلایەن خوداوە بە بەندەکان

کەرامەت و ئەم بەخششانەی خوداش بۆ هەموو مرۆڤێکە بە حوکمی مرۆڤ بوونی و بێ ئاوڕدانەوە لە ڕەچەڵەک و بنەچە و ڕەگەز و ڕەنگ و نەژاد و ئاین و پێگەی کۆمەڵایەتی، چونکە خودای گەورە کەرامەتی بە جۆری (جنس)ـی مرۆڤ بەخشیوە نەک بە دەستەیەک لەوان، بۆ نمونە بە باوەڕداران یاخود بە پیاوان و ئەوانی دیکەی لێ بێ بەش بن، لە ڕوانگەی ئیسلامەوە مرۆڤایەتی بە سەرجەم ئاین و نەتەوە و زمان و ڕەگەز و ڕەنگەکانیەوە یەک سەرچاوەیان هەیە و لە یەک (نفس) کەوتوونەتەوە و خودای گەورەش کەرامەتی بەو (نفس)ـە بەخشیوە. هەر بۆیە کاتێک پێغەمبەر (دخ) لەبەر تەرمی جولەکەیەک وەک ڕێزگرتن هەڵدەستێت، یەکێک لە هاوەڵەکانی پێی دەڵێت ئەی پێغەمبەری خودا ئەو تەمە جولەکەیە (وەک ئەوەی پێی بڵێت شایەنی ئەوە نییە پێغەمبەرێکی خوا لەبەری هەڵسێت)، بەڵام پێغەمبەر (دخ) بە ئیلهام وەرگرتن لەو (نفس)ـەی سەرەتا و کەرامەتی یەکسانی خوداپێداوی مرۆڤ بە مرۆڤەکان وەڵامی دایەوە و فەرمووی: ألیس نفسا؟ ئایا (نفس) نییە؟ کە دیوی دووەمی نەوتراوی فەرموودەکە ڕوونە و ئەوە دەگەیەنێت چونکە بە هەناسەی خودا ژیاوە و مرۆڤە و مرۆڤیش بە حوکمی مرۆڤ بوونی بەدەر لە ئاین و مەزهەب و ڕەنگ و زمانی دەبێت ڕێزی لێ بگرین و سوکایەتی پێ نەکەین.

دادپەروەری لە ئیسلامدا

سەبارەت بە دادپەروەریش ئەوەندە بەسە کە بزانین خودای گەورە لە ڕەوانەکردنی سەرجەم پێغەمبەرانی خۆی لە مێژوودا لە بەرپاکردنی دادپەروەریدا کورت کردۆتەوە و دەفەرموێت (لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنْزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ) الحدید ٢٥، واتە: ئێمە پێغەمبەرانی خۆمان بە بەڵگەی ئاشکرا و ڕوونەوە ڕەوانە کردوون و کتێب و تەرازومان لەگەڵ ناردونەتە خوارەوە بۆ ئەوەی خەڵکی دادپەروەری بەرپابکەن. دادپەروەریش یەکسانی لەخۆ گرتووە، واتە یەکسانی بەشێکە لە دادپەروەری، هەروەکو چۆن (ئازادی)ـیش بەشێکی دیکەیەتی، یەکسانیش لێرەدا واتە سەرجەم مرۆڤەکان لە نەوەی ئادەمن و یەک دایک و باوکیان هەیە، ئادەمیش لە خا دروستکراوە، بەم جۆرەش هەموویان لە بەردەم یاسادا یەکسانن و هەمووشیان شایستەی ئەوەن ببنە خاونی ئەو مافانەی بۆ مرۆڤ دیاریکراون، یەکسانی مرۆڤەکانیش لە کەرامەت و مرۆڤایەتیدا پایەیەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە.

ستەم لە ئیسلامدا

هەروەها لە فەرموودەیەکی قودسیدا هاتووە، خودای گەورە دەفەرموێت: (یا عبدي إني حرمت الظلم علی نفسي، و جعلتە بینکم محرما فلا تظالموا)، واتە: ئەی بەندەکانم بەڕاستی من ستەمم لەسەر خۆم حەرام کردووە، لەنێوان ئێوەشدا حەرام و قەدەغەم کردووە، بۆیە ستەم لە یەکدی مەکەن. مافەکانی مرۆڤیش لەم سەردەمەدا ئەگەر جوان جێ بە جێ بکرێن تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگە لەوە دەگرێت مرۆڤەکان ستەم لە یەکدی بکەن و دەسەڵاتە ستەمکارەکان دابمەزرێنن و بێنە کایەوە.


سەرچاوەکان



5916 بینین