پێویستییەکانی مردوو

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-30-03:23:00 - کۆدی بابەت: 3949
پێویستییەکانی مردوو

ناوه‌ڕۆك

باسی پێویستییەکانی مردوو

دەربارەی موسوڵمانی مردوو چوار شت واجبن پێی واتە ئەو چوارانە لەسەر هەموو کەسێک واجبن کە ئاگاداری مردوەکەی بێ جا ئەگەر یەکێک بەو واجبانە هەڵسا، ئەوە خێرەکە بۆ خۆیەتی و تاوانیش لەسەر هەموویان لادەچێت، ئەگەر نا هەموویان تاوانبارن

  1. شۆردنی.
  2. کفن کردنی.
  3. نوێژ لەسەر کردنی.
  4. شاردنەوەی لەناو خاکدا.

ئەگەر ئافرەتێکی دووگیان مرد و منداڵەکەی لەناو زگیدا بوو، واجبە زگی هەڵبڕێ و منداڵەکەی بێننە دەرەوە، بەو مەرجەی تەمەنی شەش مانگ تەواو بووبێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعاً) هەر کەسێک ئادەمیزادێکی لە مردن ڕزگار کردبێ، خێری وەک ئەو کەسەیە کە هەموو خەڵکی ڕزگار کردبێ.

ئەو جۆرە مردووانەی دروست نییە بشۆردرێن

  1. موسوڵمانێک کە شەهید بووبێت لە جەنگی موسوڵمانان لەگەڵ کافرەکان، بەو مەرجەی بەهۆی جەنگ لە کاتی جەنگ گیانی دەربچێ، نەک بە هۆیەکی تر، وەک نەخۆشی (عن جابر -رضي الله عنه: أمر النبی -صلي الله حلیه وسلم- فی قتلی أحد: بِدَفْنِهِمْ فِي دِمَائِهِمْ، وَلَمْ يُغَسَّلُوا، وَلَمْ يُصَلَّ عَلَيْهِمْ) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ لە جەنگی (ئوحود)ـدا فەرمانی دا شەهیدەکان بە بەرگی خوێنینی خۆیانەوە بنێژرێن و نەشۆران و نوێژیان لەسەر نەکرا. ئەو حەدیسە بەڵگەیە کە سوننەتە شەهید بە بەرگی خوێنینی خۆیەوە، هەر لەو شوێنەی لێی شەهید بووە بنێژرێ ئەگەر بگونجێ. دوو فەرموودەی جیاواز هەنە دەربارەی ئەو شەهیدەی لەکاتی جەنگ بریندار ئەبێت و لە دوای جەنگ گیانی دەردەچێت، هەم دەربارەی ئەو موسوڵمانانەی لە ڕێگای خوا تێدەکۆشن و لە جەنگی ئەو موسوڵمانانە شەهید ئەکرێن کە بە حوکمی خوا و پێغەمبەر ڕەفتار ناکەن یەکەمیان ئەفەرمووێ: ئەو دوو شەهیدانەیش وەک شەهیدی جەنگی کافرانن، شۆردن و نوێژیان لەسەر نییە. دووەمیان ئەفەرمووێ: ئەبێ بشۆردرێن و نوێژیان لەسەر بکرێ وەکو شەهیدانی تری قیامەتی. ئەم دووەمە بەهێزترە.
  2. کە کە ناشۆردرێت و نوێژی لەسەر ناکرێت منداڵێکی ناتەواوی لەبارچووە، واتە کە بەدەرئەکەوێ دەنگی لێنەبیسترێ و نەجوڵێ، چونکە لەناو زگی دایکیدا دروستکردنی تەواو نەبووە، ئەمەیان تەنها لەناو پەڕۆکێکدا ئەپێچرێ و ژێر خاک ئەکرێ، بەڵام ئەگەر منداڵێکی تەواو بە مردوویی لەدایک بوو، ئەوە تەنها نوێژ لەسەرکردنی واجب نییە و سێیەکانی تریش واجبن، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی (الطفل لا يُصلى عليه، ولا يرث، ولا يورث، حتى يستهل) رواه الترمذي، منداڵی لەبارچوو نابێ نوێژی لەسەر بکرێ و نابێ میرات بگرێ و نابێ میراتی لێ بگیرێ تا بە زیندوویی بەدەرئەکەوێ، هەروەها ئەو حەدیسە وا ئەگەیەنێ ئەگەر منداڵێک لەدایک بوو و جوڵاوە، یان دەنگی کرد و مرد، ئەوە ئەبێ وەکو گەورە ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت.


سەرچاوەکان

107 بینین