زەکاتی کانگە و گەنجینە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-01-01:03:00 - کۆدی بابەت: 4020
زەکاتی کانگە و گەنجینە
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

هەر زێڕ و زیوێکی بدۆزرێتەوە لەو گەنجینانەی لە پێش هاتنی ئیسلام شاردراونەتەوە، ئەگەر گەیشتە ڕادەی زەکات،

ناوه‌ڕۆك

زەکاتی کانگە و گەنجینە چۆنە؟

ئەوەی هێندراوەتە دەرەوە لە کانگەی زێڕ، یان لە کانگەی زیو، جا لە موڵکی خۆی بێت، یان لە شوێنێکی وەها کە موڵکی کەس نەبێت زەکاتی لێئەدرێ ئەگەر لە دوای پاککردنەوە گەیشتە ڕادەی زەکات، چوارێکی دەیەک، واتە: لە چلا، یەک، زەکاتیەتی هەر لەو دەمەی ئەیهێنێتە دەرەوە، واتە: نابێ ساڵێکی بەسەردا بڕوات (عن بلال بن الحرث -رضە الله عنهما-: أخذ رسول الله ﷺ من المعادن القبلیة الزکاة) رواه الإمام مالك وأبوداود، پێغەمبەر ﷺ لە کانگەی (قەبەلییە) زەکاتی وەرگرت.

هەر زێڕ و زیوێکی بدۆزرێتەوە لەو گەنجینانەی لە پێش هاتنی ئیسلام شاردراونەتەوە، ئەگەر گەیشتە ڕادەی زەکات، ئەوە لە پێنج بەش بەشێکی ئەدرێتە زەکات، هەر لەو دەمەی ئەیدۆزێتەوە و نابێ ساڵێکی بەسەردا بڕوات (عن أبی هریرة -رضي الله عنهما-: عن النبی ﷺ قال: فی الرکاز الخمس) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: لە گەنجینەی دۆزراوەدا پێنجێک زەکاتە.
کەواتە: چوار بەشەکەی تر هەمووی بە خۆیەتی، بەو مەرجەی لە شوێنێکی وا بیدۆزێتەوە کە موڵکی هیچ کەسێک نەبێت، یان هەر بەخۆی موڵکەکەی ئاوەدان کردبێتەوە.
بەلام ئەگەر لە شوێنیکی گشتی وەک مزگەوت دۆزییەوە، یان نیشانەیەکی ئیسلامی لەسەر بوو، ئەوە وەک ماڵی ونبوو ڕەفتاری لەگەڵ ئەکرێت، واتە: تا ماوەی ساڵێک بانگەوازی بۆ دەکات، جا ئەگەر خاوەنی نەبوو، دروستە بیکاتە موڵکی خۆی.
بەڵام ئەگەر لە موڵکی کەسێکی تر دۆزییەوە، ئەوە هی خاوەن موڵکەکەیە ئەگەر داوای بکات، ئەگەر نا، هی ئەو کەسەیە کە ئەو موڵکی لێ وەرگرتووە، ئەگەر هەر کەس نەبوو، ئەو کاتە ئەبێتە هی (بیت المال) و نابێتە هی خۆی، واتە هەمووی لە بەرژەوەندی موسوڵمانان سەرف دەکرێ و دەکرێتە خێر، جا ئەگەر بە خۆێیشی هەژار بوو، تەنها بەشی هەژارێک بۆ خۆی دائەنێ.

پاشکۆ

١- نیەت هێنان واجبە بۆ زەکاتدان، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إنما الأعمال بالنیات) رواه الشیخان، هەر کردەوەیەکی خواپەرستی بێ، بە نیازی ناو دڵ نەبێ دانامەزرێ.
ئینجا لەکاتی زەکاتدان، یان لەکاتی وەکیلگرتن، یان لەکاتی دیاریکردنی ئەندازەی زەکات، بە دڵ بڵێ: ئەوە زەکاتە.
٢- دروستە پێش تەواوبوونی ساڵ زەکاتەکە بدات، بەو مەرجەی ماڵەکەی گەیشتبێتە ڕادەی زەکات، زەکاتوەرگرەکەش تا کۆتایی ساڵ زەکاتی پێ بشێ و هەر موسوڵمان بێ و زیندوو بێت (عن علی -رضي الله عنه-: أن العباس -رضي الله عنه- سأل النبی ﷺ: فی تعجیل صدقته قبل أن تحل؟ فرخض له فی ذلك) رواه الترمذي وغیره، حەزرەتی (عباس) -خوا لێی ڕازی بێ- پرسیاری لە پێغەمبەر ﷺ کرد: ئایا دورستە زەکاتەکەم پێش بخەم پێش ئەوەی ساڵ تەواو ببێت؟ پێغەمبەر ﷺ ڕێگەی دایێ پێشی بێخێ.


سەرچاوەکان



793 بینین