ماسییەکان: بڕبڕەدارە یەکەمییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-04-00:29:00 - کۆدی بابەت: 4127
ماسییەکان: بڕبڕەدارە یەکەمییەکان

ناوه‌ڕۆك

بڕبڕەدارە یەکەمییەکان

زۆر ئێسک لە ئێسکە پەیکەری مرۆڤ و ماسییەکان هاوشێوەن لەگەڵ ئێسکی دەیناسوڕەکان تەنها ئەوە نەبێ کە ئێسکی دەیناسوڕەکان بەوە جیادەکرێتەوە کە ئێسکەکانیان گەورەترن، هەموو ئەم ئێسکە پەیکەرانە بڕبڕەی پشتیان هەیە، ئەو گیانەوەرانە کە بڕبڕەی پشتیان هەیە بە بڕبڕە دارەکان ناودەبرێن.

پەتکدارەکان

بڕبڕەدارەکان بۆ لقی پەتکدارەکان دەگەڕێنەوە. بڕبڕەدارەکان بە گەورەترین کۆمەڵەی پەتکدارەکان دەگەڕێنەوە. دوو کۆمەڵەی دیکەی پەتکدار هەن ئەوانیش سەرە پەتکدارەکان، کلکە پەتکدارەکانن، ئەم پەتکدارانە زۆر لە بڕبڕەدارەکان ساکارترن، چونکە بڕبڕەی پشتیان نییە. بۆ نموونە ئاسیدا لە کلکە پەتکدارەکانە و ڕمە لەسەرە پەتکدارەکانە و ماسی لە بڕبڕەدارەکانە. سێ کۆمەڵەکەی پەتکدارەکان هاوبەشن لە هەندێ تایبەتی، هەموو پەتکدارەکان یەک بەش یان زیاتریان هەیە لەو چواربەشە لەشە دیاری کراوەی کە لە ماوەیەک لە ماوەکانی ژیانیاندا دەردەکەون لە گیانەوەری ڕمە.

بەشەكانی جەستەی پەتكدار

بەشەکانی لەشی گیانەوەری پەتکدار وەک ڕمە:

١. کلک: پەتکدارەکان کلکیان هەیە کە لە پاش کۆمەوە دەست پێدەکات وە هەندێکیان کلکیان تەنها لە قۆناغی کۆرپەلەدا هەیە.

٢. پشتە پەتک: توڵێکی پتەوی جیڕە کە بە پشتە پەتک ناودەبرێت و لەش ڕادەگرێت، وە لە زۆربەی بڕبڕەدارەکاندا جێی پشتەپەتکی کۆرپەلەیی بە بڕبڕەی پشت دەگیرێتەوە.

٣. دەمارە پەتکی کلۆر: دەمار پەتکێکی کلۆرە بە درێژی پشت دەکشێ و بەشلەیەک پڕ دەبێ لە بڕبڕەدارەکاندا ئەم دەمارە پەتکە بە دڕکەپەتک ناودەبرێت.

٤. گەرووە گیرفانەکان: هەموو کۆرپەلەی پەتکدارەکان گەرووە گیرفانەکانیان پەرەدەسەنێ بۆ ڕیشووەکان یان بۆ بەشی دیکەی لەش لە ماوەی گەشەی کۆرپەلەدا.

تایبەتی بڕبڕەدارەکان

ماسی وشکاوەکییەکان و خشۆک و باڵندە و شیردەرەکان، هەموویان بڕبڕەدارن، ئەوەی بڕبڕەدارەکان لەسەر پەتکدارەکان و کلکە پەتکدارەکان جیادەکاتەوە تەنها ئەوەیە کە بڕبڕەدارەکان بڕبڕەی پشتیان هەیە، بڕبڕەی پشت ستونێکی بەهێزە بەڵام جیڕە، وە لە چەند ئێسکێک پێکدێت کە بە بڕەکان ناودەبرێن. بڕبڕەکان دەوری دڕکەپەتک دەدات و دەیپارێزێ وە هەروەها بەشەکانی تری لەش ڕادەگرن. جیاوازییەکی دیکە لە نێوان بڕبڕەدارەکان و پەتکدارەکانی دیکە سەرە کە بڕبڕەدارەکان سەرێکی زۆر پەرەسەندوویان هەیە کە کەللەی سەر دەیپارێزێ، کەلەی سەر لە کڕکڕاگە یان ئێسک پێکدێت، کڕکڕاگە ماددەیەکی یەکترگرتووە بەشە جیڕەکانی گوێ و لووتمان پێکدێنێت، وە پەیکەری هەموو کۆرپەلەی بڕبڕەدارەکان لە کڕکڕاگە پێکدێت، بەڵام لە کاتی گەشەکردنیدا ئێسک جێی کڕکڕاگە دەگرێتەوە لە زۆربەی بڕبڕەدارەکاندا ئێسک زۆر رەقترە لە کڕکڕاگە.

پلەی گەرمی لەشی بڕبڕەدارەکان

هەموو بڕبڕەدارەکان پێویستیان بە ژیان هەیە لە پلەیەکی گەرمی گونجاودا خانەکانی گیانەوەر لە پلە گەرمییەکی دیاریکراودا بە شێوەیەکی باش کاردەکەن، ئەگەر پلەی گەرمی زۆر بەرزبێ یان زۆر نزم بێ، ئەوا لەش ناتوانێ بە شێوەیەکی چالاک کاربکات، هەندێ لە گیانەوەران پلەی گەرمی لەشیان بە جێگیری دەپارێزن، وە هەندێ گیانەوەری دیکە پشت بە ژینگە دەبەستن بۆ  ڕێکخستنی پلەی گەرمیان.

گیانەوەرانی خوێن گەرم

پلەی گەرمی لەشی باڵندەکان و شیردەرەکان زۆر ناگۆڕێ بە گۆڕینی پلەی گەرمی لە ژینگەدا، باڵندە و شیردەر وزەیەک بەکاردێنن کە کارلێکە کیمییاییەکان لە خانەکانیاندا بەرهەمی دێنن بۆ پاراستنی پلەی گەرمی لەشیان بە جێگیری، ئەو گیانەوەرانەی پلەی گەرمی لەشیان جێگیرە بە گیانەوەری خوێن گەرم ناودەبرێن وە بە هۆی پلە گەرمییە نەگۆڕەکەیان، دەتوانن پلەی گەرمی لەشیان بە جێگیری بمێنێتەوە سەرەڕای پلەی گەرمی ئەو ناوەندەی کە تێیدا دەژین.

خوێن ساردەکان

هەندێ گیانەوەر پشت بە ژینگەکەیان دەبەستن بۆ پاراستنی گەرمییەکەی واتە پلەی گەرمی لەشیان دەگۆڕێت لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمی ژینگە وە ئەو گیانەوەرانەی کە ناتوانن دەست بەسەر پلەی گەرمی لەشیاندا بگرن بە هۆی چآلاکییەک لە خانەکانیدا بە گیانەوەری خوێن سارد ناودەبرێت.  خوێن ساردەکان پشت بە ژینگەی دەوروبەرەکەیان دەبەستن بۆ ئەوەی گەرمی خۆیان بپارێزن پلەی گەرمی لەشیان دەگۆڕێت لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمی ژینگە، لەوانەش وشکاوەکی و خشۆک و زۆرینەی ماسییەکان نموونەی خوێن ساردەکان وەک ماسیی ئەژدیهای گەڵایینی دەریایی.


سەرچاوەکان



3379 بینین