تایبەتمەندی ماسییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-04-04:18:00 - کۆدی بابەت: 4138
تایبەتمەندی ماسییەکان

ناوه‌ڕۆك

ماسییەکان

ماسییەکان زۆر شێوە و قەبارە و ڕەنگیان هەیە، زیاتر لە ٢٥ هەزار جۆر لە ماسی هەیە، وە زۆر لەمانە زۆر لە یەکتر جیاوازن، بەڵام ماسی هەموویان هاوبەشن لە چەندین جیاکراوە، هەندێ تایبەتی وا لە ماسییەکان دەکەن کە لە ئاودا بژی، وە هەندێ تایبەتی دیکە وەک لەشی بەهێز و دەماخ، یارمەتی ماسی دەدات بۆ دۆزینەوەی خۆراک.

مەلەکردن

ماسییەکان چەند بەشێک لە لەشیاندا هەیە یارمەتییان دەدات لە مەلەکردندا، ماسولکە بەهێزە بەستراوەکان بە بڕبڕەی پشت لە زۆربەی ماسییەکاندا بوار بە مەلەکردنی خێرا بە دوای نێچیرەکەیدا دەدات، ماسییەکان پەڕەکانیان بەکاردێنن بۆ ئاڕاستەکردن و وەستان و لەنگەرگرتن. ئەمانەش پێکهاتەن یارمەتی ماسییەکان دەدەن بۆ جووڵە وە زۆربەی ماسییەکان ئەو تەنانەیان هەیە کە بە پێکهاتووی ئێسکی دەوردەرێن کە بە پولەکە ناودەبرێن، پوولەکەکان لەش دەپارێزن و لێکخشاندن کەم دەکەنەوە کاتێک بە ناو ئاودا مەلە دەکەن. ماسییەکان شێوە و قەبارەی زۆریان هەیە، بەڵام هەموو ماسییەکان ڕیشوو و پەڕەکە و کلکیان هەیە.

هەستکردن بە ژینگە

ماسی دەماخێکی هەیە کە چاودێری ئەو زانیاریانە دەکات کەلە ئەندامەکانی هەستەوە پێی دەگات، هەموو ماسییەکان هەستی بینین و بیستن و بۆنکردنیان هەیە وە هەروەها زۆربەی ماسییەکان تەنیشتە هێڵیشیان هەیە، تەنیشتەهێڵ ڕیزێک یان چەند ڕیزێکە لە ئەندامە زۆر بچووکەکانی هەستە کە لەرینەوەکانی ئاو دەدۆزێتەوە وەک ئەو لەرینەوانەی کە ماسییەکی دیکە لە تەنیشتەوە مەلەدەکات. ئەم ئەندامانە بە درێژایی هەردوو لای تەنیشتی لەشیاندا هەن و ئاسایی هەتا ناوچەی سەر درێژدەبنەوە.

هەناسەدان لە ژێر ئاودا

ماسییەکان ڕیشووەکانیان بۆ هەناسەدان بەکاردێنن. ڕیشوو ئەندامێکە ئۆکسجین لەئاو وەردەگرێ، ئۆکسجینی تواوەی ناو ئاو بەناو پەردەی تەنکی ڕیشووەکاندا تێدەپەڕێت بۆ ناو خوێن، خوێن ئۆکسجین هەڵدەگرێت وە بە ناوچە جیاوازەکانی لەش دەیگێرێت، هەروەها ڕیشووەکان بۆ لابردنی دوانۆئۆکسیدی کاربۆن لە خوێندا بەکاردێن.

زۆربوون

زۆربەی ماسییەکان بە پیتێنی دەرەکی زۆر دەبن مێیە هێڵکەی نەپیتراو لە ئاودا دادەنێ و نێرە تۆوە خانەکانی بەسەردا دەکات، بەڵام هەندێک لە ماسی پیتێنی ناوەکی بەکاردێنن. لەم بارەدا نێرە تۆوە خانەکانی لە ناو لەشی مێیە دادەنێ، پاشان مێیە هێلکەکە دادەنێ کە لە ناویدا کۆرپەلە هەیە وە لە هەندێ جۆردا کۆرپەلە لە ناو لەشی ماسییە مێیەکەدا پەرە دەسێنێت.


سەرچاوەکان



1322 بینین