ناوهڕۆك
جۆرەکانی ماسی چین؟
ئەو ماسییانەی کە ئێستا هەن دابەش دەکرێن بۆ سێ پۆل، ئەوانیش ، ماسییە بێ شەویلگەکان، ماسییە کڕکڕاگەییەکان و ماسییە ئێسکدارەکان.
ماسییە بێ شەویلگەکان
جۆری ماسییە بێ شەویلگە نوێیەکان، بریتین لە ماسی جریف و جلکی، ماسی جریف دەتوانێ لەشە جیرەکەی لە گرێیەکدا ببەستێ وە گرێیەکە لە کلکەوە بەرەو سەری بەرێ دەکات بۆ راماڵینی لینجی لە پێستییەوە یان بۆ هەڵهاتن لە دەست نێچیرگرەکان و جلکی دەتوانێ لە ئاوی سوێر یان لە ئاوی سازگاردا بژی، بەڵام لە ئاوی سازگاردا زۆردەبێت. ئەم ماسییانە دەمێکی خڕی بێ شەویلگەیان هەیە، پەیکەرەکەیان لە کڕکڕاگە پێکدێت، وە پشتە پەتکیان هەیە، بەڵام بڕبڕەی پشتیان نییە.
ماسییە کڕکڕاگەییەکان
ماسی قرش دەگەڕێتەوە بۆ پۆلێک لە ماسی کە بە ماسییە کڕکڕاگەییەکان ناودەبرێن. لە زۆربەی بڕبڕەدارەکاندا ئێسک زۆر بە هێواشی جێی ئەو کڕکڕاگە نەرمە دەگرێتەوە کە لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەبووە، بەڵام لە ماسی قرش و شەفنین و ورنک بە هیچ شێوەیەک پەیکەرەکەی ناگۆڕی لە کڕکڕاگەوە بۆ ئێسک. بۆیە بە ماسی کڕکڕاگەیی ناودەبرێن. بۆ نموونە ماسی ورنک، هێلکە دادەنێ، ئەم ماسییانە پەڕەکەکانیان دەجووڵێن بۆ سەرەوە و بۆ خوارەوە بۆ مەلەکردن. وە هەروەها ماسی شەفنین بێچووی دەبێت، پەڕەکانی بۆ مەلەکردن بەکاردێنێ و لەسەر زیندەوەران خۆراک دەخوات، وەکو قرژانگ و کرمەکان لە بنکی دەریادا. وە ماسییەکانی قرش وەک قرشی چەکوش، کە بەدەگمەن پەلاماری مرۆڤ دەدات، و بە ئاسانی ماسی تر دەخوات، ئەمانە نموونەی ماسیی کڕکڕاگەییەکانن.
ماسییە ئێسکدارەکان
ماسی ئاڵتونی و ماسی تونا و ماسی قەد، هەموویان ماسی ئێسکدارن. ئەم پۆلە ماسییە گەورەترینیانە چونکە لە ٩٠٪ ماسییەکانن، هەندێک لە ماسییە ئیسکارەکان وەک ماسییە سیدارەکان، زۆربەی کات لە ئاوە تەنکاوەکاندا دەژین و کە زۆرجار بە هاویندا وشک دەبن. ماسی پەپوولەی دەمامک دراو، لە ئاوە گەرمەکان دەژیت کە دەوری لقە مەرجانیەکاندا. وە قوڵنگە ماسی، خێرا و دڕندەیە جووڵەیی خێرایە بۆ ڕاوکردنی ماسی دیکە و بێ بڕبڕەکان. ماسییە ئێسکدارەکان، بە پێچەوانەی ماسییەکانی دیکە، دەتوانن بوەستن لەیەک جێگە بێ مەلەکردن، چونکە تورەگەیەکی گازیان هەیە لە نوقمبوون دەیانپارێزێت. تورەگەی گاز بە میزەڵدانی ئاوی ناسراوە، ئەندامێکە لە باڵۆن دەچێ و پڕە لە ئۆکسجین و گازی دیکە. ئەم گازانە لە ئاو سووکترن، بۆیە بە ئاسانی یارمەتی ماسی دەدات سەر ئاو بکەوێت.