ناوهڕۆك
باسی (شرکة) شەریکایەتی
واتە: هاوبەشیی دوو کەس، یان زیاتر لە شتێکدا.
(عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: وال النبی ﷺ: قال الله تعالی: أنا ثالث الشریکین مالم یخن أحدهما صاحبه فإذا خان خرجت من بینهما) رواه أبوداود، خوای گەورە لە حەدیسێکی قودسیدا فەرموویەتی: من هاوڕێی سێیەمینم بۆ ئەو دوو هاوبەشانەی خیانەت لەگەڵ یەکتری ناکەن، جا هەر کاتێ یەکێکیان خیانەتی لەگەڵ ئەوی تر کرد، من لە نێوانیان دەرئەچم.
بۆ دروستبوونی شەریکایەتی پێنج مەرج پێویستن:
یەکەم: شەریکایەتی لە پارەی لێدراوبێ، واتە: یان دیرهەمی زیو بێ، یان دیناری زێڕ بێ.
بەڵام ئەو فەرموودەیە بێ هێزە و فەرموودەئ ڕاستتر ئەمەیە: شەریکایەتی دروستە لە هەموو شتێکی کە بە تەرازوو بکێشرێ، یان بە ڕبە بپێورێ.
دووەم: ماڵەکان وەک یەک بن، یەک ڕەگەز و یەک جۆر بن، بەڵام پێویست ناکات بە ئەندازەی یەکتر بن.
سێیەم: هاوبەشەکان ماڵەکەیان تێکەڵ بکەن بە شێوەیەکی وەها لە یەکتری جیا نەکرێنەوە.
چوارەم: هەردوو لا لە هاوبەشەکان ئیزن بدا بۆ هاوبەشەکەی تر لە کڕین و فرۆشتن، واتە: پاش تێکەڵ کردنی ماڵەکە هەردووکیان بڵێنە یەکتر: (وا بوومە شەریکی تۆ و ئیزنم دای لە کڕین و فرۆشتنی ئەم ماڵە).
(ئاگاداری): ئەگەر بە یەکەوە ماڵێکیان دەست کەوت، بەهۆی میرات، یان بە کڕین، یان بە بەخشین، ئەوە تەنها مەرجی چوارەم و مەرجی پێنجەم پێویستن.
پێنجەم: قازانج و زەرەری ئەو شەریکایەتییە بە گوێرەی ئەندازەی ماڵەکەیان بێ، هەرچەند یەکێکیان لەوی تر زیاتر ئیشی کردبێ.
کەوابوو: ئەگەر بەم مەرجە ڕێكکەوتن، کامیان زیاتر ئیش بکا قازانجەکەی ئەویان زیاتر بێ، ئەوە دروست نیە و ئەبێ قازانجەکە و زەرەرەکە هەر بە گوێرەی ماڵەکان بێ، بۆ وێنە: ئەگەر بەشی یەکێکیان سەد دینار بوو، بەشی ئەوی تریان ەنجا دینار بوو، ئەوە خاوەنی سەد دیانرەکە دوو بەشی زەرەر و قازانجی بۆ دائەندرێ، خاوەنی پەنجایەکەیش یەک بەشی زەرەر و قازانجی بۆ دائەندرێ.
ئینجا بزانە: لە مەزهەبی ئیمامی (حنفي)ـدا دروستە بەشە ماڵەکانیان یەکسان بێ، بەڵام بەشە قازانجی یەکێکیان زیاتر بێ، چونکە لێزانترە، یان بەهێزترە، یان زیاتر کار ئەکا.
(ئاگاداری): بۆ هیچێکیان دروست نییە -بەبێ ئیزنی هاوبەشەکەی تر- بە قەرز بفرۆشێ یان بە پارەی ووڵاتێکی تر بفرۆشێ، یان بە زەرەر بفرۆشێ، یان لەو شارە بیباتە شارێکی تر، چونکە تۆڵەی ئەکەوێتە سەر.
دروستە بۆ هەردوو لا شەریکایەتییەکە هەڵبووەشێنێتەوە هار کاتێ حەز بکا، هەر کاتێک یەکێک لەو دوو شەریکانە مرد شەریکایەتییەکە هەڵئەوەشێتەوە، چونکە مەرجی هاوبەشەکان ئەمەیە: ئەبێ بتوانن دەستکاری ماڵی خۆیان بکەن بە کڕین و فرۆشتن.
(ئاگاداری): ئەوەی باسمان کرد، هاوبەشی بوو لە ماڵ، بەڵام هاوبەشی بە لەش دروست نییە، وەک بڵێ: (وەرە با بە یەکەوە ئەم کارە بکەین و هەرچی دەستمان کەوت، بە نیوەییمان). بەڵام یمامی (حنفي) و ئیمام (مالك) و ئیمام (أحمد) -رضي الله عنهم- ڕێگای ئەم جۆرە هاوبەشییەیان داوە، بەو مەرجەی کارەکە یەک جۆر بێ، بەڵگەیان ئەم حەدیسەیە: (عن عبدالله بن مسعود -رضي الله عنه-: قال اشترکت أنا وعمار وسعد فیما نصیب یوم بدر، فجاء سعد بأسرین ولم أجیء أنا وعمار بشیء) رواه النسائی، (عبدالله) فەرمووی: من و (عمار) و (سعد) خۆمان کردە شەریکی یەکتر لەو شتەی لە غەزای (بدر) دەستمان ئەکەوێ، ئینجا (سعد) دوو دیلی گرتن و هێنانی، ئێمەش هیچمان دەست نەکەوت.
(پاشکۆ): ئەگەر کەسێک مرد، کۆمەڵێک ماڵ و منداڵی گەورە و بچووکی لەپاش بەجێمان و ماڵەکەیان بەش نەکرد بەم جۆرە ڕەفتار ئەکەن:
هەر کامەیان بەو ماڵە ژنی هێنا، یان حەجی کرد، یان لە شتێکی تری سەرف کرد، ئەوە ئەبێ بەشی یەتیمەکان بداتەوە، هەروەها ئەبێ بەشی گەورەکانیش بداتەوە ئەگەر ئیزنیان نەدابوو، یان بەو مەرجە ئیزنیان دابوو، کە ئەوانیش بە ئەندازەی وی سەرف بکەن، بەڵام ئەگەر بە گەردەن ئازادی ئیزنیان دابوو، ئەوە واجب نییە بەشی گەورەکان بداتەوە.
هەروەها ئەگەر یەکێکیان شتێکی کڕیبوو، ئەگەر تەنها بە نیازی خۆی کڕیبووی، ئەوە تەنها بۆ خۆیەتی، وە ئەگەر بە نیازی گشتیانی کڕیبوو، یان بە ماڵی میراتەکە کڕیبووی، ئەوە گشتیانی تێدا بەشدار ئەبن، جا ئەگەر باوەڕیان پێنەکرد ئایا بۆ خۆی کڕیبێ یان بۆ گشتیان، ئەبێ سوێند بخوا، تاکو باوەڕی پێ بکرێ، هەروەها کێشەی هاوبەشەکانی تریش هەر بەم جۆرە ئەبڕێتەوە.
جا بزانە: دەربارەی زەرەر و لەناو چوونی ماڵەکە و دزین و ئەو جۆرە شتانە باوەڕ بە هاوبەشە داوالێکراوەکە ئەکرێ بەو مەرجەی سوێند بخوا.