قوتابی و هۆکارەکانی ڕەفتاری نەشیاو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-07-15:03:00 - کۆدی بابەت: 4262
قوتابی و هۆکارەکانی ڕەفتاری نەشیاو
بنەماکانی فێرکردن

ئەوەی پێویستە مامۆستا بیزانێت دەربارەی ڕەفتارە نەشیاوەکانی قوتابیان، هۆکارەکانی بونی ئەم ڕەفتارە لەلایان، واتە بۆچی قوتابی پەنا بۆ ئەم ڕەفتارە دەبات؟

ناوه‌ڕۆك

قوتابی و هۆکارەکانی ڕەفتاری نەشیاو

هەموو ڕەفتارێک کە قوتابی ئەنجامیان دەدات بە ڕەفتارێکی ناشیاو ناژمێردرێت، بۆیە پێویستە بزانین ڕەفتاری نەشیاو ئەو ڕەفتارانە دەگرێتەوە کە لەگەڵ ڕێنماییەکان نییە وە دەبێتە هۆی ئەوەی لابردنی سەرنجی قوتابیان لە وانەکە.

ئەوەی پێویستە مامۆستا بیزانێت دەربارەی ڕەفتارە نەشیاوەکانی قوتابیان، هۆکارەکانی بونی ئەم ڕەفتارە لەلایان، واتە بۆچی قوتابی پەنا بۆ ئەم ڕەفتارە دەبات و مەبەست لەم کارەیدا چییە، زانا دەروونزانەکان هەوڵیان دا هۆکاری ئەنجامدانی ڕەفتارە نەشیاوەکان بزانن بۆ ئەوەی شێوازی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕەفتارانە بدۆزنەوە.

ئامانجی ڕەفتاری نەشیاو

زانا (ردولف) ئامانجی قوتابی لە پەنابردنی بۆ ڕەفتاری نەشیاو بۆ چوار ئامانج دابەشدەکات و بەبۆچوونی ئەو هەریەک لەم ئامانجانە پێویستی بە مامەڵەکردنی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی مامۆستا سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکەدا بکات.

شاراوە نییە هەموو ڕەفتارێکی نەشیاو مەبەستی تایبەتی لەدوایە و بۆ ئەوەی مامۆستا هۆکاری کردنی ئەو ڕەفتارانە بزانێت پێویستە سەرنج بداتە ڕەفتاری قوتابی لە ڕێگەی:

- سەرنج بدە وەڵامدانەوەی خۆت بۆ ڕەفتارەکە، چونکە هەڵچوونەکانی تۆ مەبەستی قوتابی لە ڕەفتارەکە نیشاندەدات.

- سەرنج بدە وەڵامدانەوەی قوتابی لەکاتی هەوڵدانت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، چونکە لە ڕێگەی وەڵامدانەوەکان مەبەستی قوتابی لە ڕەفتارەکەی ئاشکرا دەبێت.

(ردولف) بە شێوەیەکی گشتی ئامانجەکانی ڕەفتاری نەشیاو بۆ چوار ئامانج دابەش دەکات:

ئامانجی یەکەم: بەدەستهێنانی سەرنج و گرنگی

هەندێک قوتابی پەنا دەبەنە بەر ڕەفتاری نەشیاو بە مەبەستی دەستکەوتنی سەرنج و گرنگیدان لەلایەن دەوروبەریان، چونکە ئەوان دەیانەوێت بەردەوام ببنە سەنتەری گرنگی لەلایەن کەسانی تر بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدەن سەرنجی قوتابی و مامۆستایان بۆ خۆیان ڕابکێشن تا پێگەیەکی تایبەت بە خۆیان لەناو پۆل دروستبکەن.

ئامانجی دووەم: بەدەستهێنانی دەسەڵات

هەندێک لە قوتابیان هەست بە ڕێز دەکەن لەناو پۆل لە ڕێگەی سەپاندنی دەسەڵاتیان لەسەر دەوروبەریان، وە هەوڵ دەدەن هەموو ویستەکانیان بەدەست بهێنن، وە ئەم جۆرە قوتابیانە بەردەوام حەز بە سەرکردایەتی پۆل دەکەن وە دەیانەوێت مامۆستا و قوتابی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندابن، ئەم جۆرە قوتابیانە ڕکابەری یاساکان دەکەن و ئاژاوە لەناو پۆل دەخولقێنن.

ئامانجی سێیەم: تۆڵە سەندنەوە

هەندێک جار قوتابیان پەنا دەبەنە بەر ڕەفتاری نەشیاو بە مەبەستی ئازردانی کەسانی دەوروبەریان لەناو پۆل وەک تۆڵە سەندنەوە لەو ئازارەی کە پێیان گەیشتووە جا ئەم ئازارە چ ڕاستی بێت یان لە خەیاڵی قوتابیدا دروستبووبێت، مامۆستا و قوتابیەکان ئەگەری ئەوەیان هەیە ببنە بابەتی تۆڵەسەندنەوە.

ئامانجی چوارەم: خۆپاراستن لە شکست

هەندێک قوتابی بۆ ئەوەی سەرنجی مامۆستا یان خێزانەکانیان لابدەن سەبارەت بەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی وانەکانیان وەک ئەرکی ماڵەوە، یان ئامادەکردنی چالاکیەک لەناو پۆل، پەنا دەبەنە بەر ئەنجامدانی ڕەفتاری نەشیاو جا چ لەناو پۆل بێت یان لە ماڵەوەبێت، هەندێک جار مەبەستی قوتابی ئەوە دەبێت بۆ دەوروبەری نیشان بدات کە ئەو لە ئاستی ئەم قۆناغەدا نییە کە ئەو تێیدا دەخوێنێت، ئەم کارەش هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی لە بەرپرسیارێتی دەربازی ببێت.

(ردولف) پێی وایە هەموو ئامانجەکانی پێشوو ئاماژەی پێکرا قوتابی پەنای بۆ دەبات، بۆ ئەوەی خۆی لە بارودۆخەکان دەربازبکات وە ئەگەر هات و هەریەک لە ڕەفتارەکانی سەرکەوتوو نەبوو ئەوا پەنا دەباتە بەر ڕەفتارێکی تر، بۆ نمونە ئەگەر قوتابی نەیتوانی لە ڕێگەی سەرن ڕاکێشانی خۆی دەربخات پەنا دەباتە بەر هێز لەناو پۆل ئەگەر لە ئەویش سەرکەوتوو نەبوو هەوڵی تۆڵە دەدات ئەگەر ئەم کارەشی بۆ نەڕەخسا ئەوا ناچار پەنا دەباتە بەر نیشاندانی بێتوانایی خۆی.

ئەوەی گرنگە بیزانین سەرەتا هەموو ئامانجەکانی ڕەفتاری نەشیاو کە باسکرا پیویستە وەڵامی تەندروست بۆ ئەم ڕەفتارانە بدەین و هەوڵی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە تا بتوانین یارمەتی قوتابی بدەین بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی قۆناغەکەی ببڕێت.


سەرچاوەکان



2696 بینین