لەپێشترین (ولی) بۆ مارەبڕین

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-09-10:32:00 - کۆدی بابەت: 4317
لەپێشترین (ولی) بۆ مارەبڕین

ناوه‌ڕۆك

باسی لەپێشترین (ولی) بۆ مارەبڕین

لەپێشترین (ولی) بۆ مارەبڕین باوکی ژنەکەیە، ئینجا ئەگەر باوکی نەبوو، باوکی باوک، ئینجا برای ژنەکە لە دایک و باوکی، ئینجا برای ژنەکە تەنها لە باوکی، ئینجا کوڕە برای لە دایک و باوکی، ئینجا کوڕە برای لە باوکی، ئینجا مامی لە دایک و باوکی، ئینجا مامی لە باوکی، ئینجا کوڕە مام لەسەر ئەو ڕیزە، واتە کوڕە مامی لە دایک و باوکی لە پێشترە لە کوڕە مامی تەنها لە باوکی، هەر کاتێک ئەو خزمانەش نەبوون، ئەو گەورەیەی لە کاتی خۆی ئافرەتەکەی ئازاد کردووە، مارەی ئەبڕێ، ئینجا ئەگەر ئەویش نەبوو، خزمەکانی ئەو، ئینجا ئەگەر خزمی نەبوون، (قازی) مارەی ئەبڕێ.

ئەگەر دوو (ولی)، یان زیاتر کۆبوونەوە، وەکو دوو برا، یان دوو مام، سوننەتە کامەیان زاناترە و تەمەنی زۆرترە ئەو مارەی ببڕێ، بەڵام ئەگەر ئافرەتەکە یەکیکیان ئیزن داو لە پیاوێکی هاوچەشنی خۆی مارەکرد، ئەوە دروستە و نابێ ئەوانی تر ناڕەزایی دەرببڕن.

شیربایی وەرگرتن لەلایەن (ولی)

شیربایی وەرگرتن حەرامە، واتە (ولی)ـی ژنەکە بڵێ کیژەکەم، یان خوشکەکەمت لێ مارە ناکەم تا ئەوەندەم نەدەیێ هەرچەند بەو نیازەیش وەری بگرێ کە بۆ خۆی، یان بۆ کەسێکی تری بە ژن بداتەوە (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: قال الله تعالی: ثلاثة أنا خصمهم یوم القیامة: رجل أعطی بی ثم غدر، ورجل باع حرا فأکل ثمنه، ورجل إستأجر أجیرا فاستوفی منه ولم یعطه أجره) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی خوای گەورە لە حەدیسی (قدسی)ـدا فەرموویەتی سێ جۆرە کەس هەنە من بەخۆم لەسەریان داواکارم لە ڕۆژی قیامەتدا یەکەم:ئەو کەسەی لەسەر دەستی من پەیمانێک بدا، ئینجا خیانەتکاری بکا. دووەم ئەو کەسەی ئادەمیزادێکی ئازاد بفرۆشێ و پارەی وەربگرێ. سێیەم ئەو کەسەی کرێکارێک بە کرێ بگرێ و ئیشەکەی پێ بکا و کرێیەکەی نەداتێ.


سەرچاوەکان



682 بینین