ناوهڕۆك
جۆرەکانی ئافرەتان دەربارەی مارەبڕین
- بێوەژنن، واتە جارێک جیماعی لەگەڵ کرابێ، جا بە حەڵاڵی، یان بە حەرامی.
- کچن، واتە لە ژیانیا جیماعی لەگەڵ نەکرابێ.
دەربارەی کچ بۆ مارەبڕین
جا ئافرەتی کچ دروستە بۆ باوک و باپیرەی بەبێ ئیزن مارەی ببڕن، جا بلوغی بووبێ، یان نا (عن عائشة -رضي الله عنها-: أن النبی ﷺ تزوجها وهی بنت ست سنین ودخل بها وهي بنت تسع) رواه الشیخان، (عائشة) خوا لێی ڕازی بێ فەرمووی پێغەمبەر ﷺ لە خۆی مارە کردم تەمەنم شەش ساڵان بوو، کە گواستمیەوە تەمەنم نۆ ساڵان بوو، جگە لە باوک و باپیر هیچ (ولی)ـیەکی تر ناتوانێ ئافرەت بەبێ ئیزن مارە ببڕێ.
ئەو مەرجانە دروستە باوک و باپیرە بەبێ ئیزنی کیژەکە مارە ببڕن
- مێردەکە هاوچەشنی ئافرەتەکە بێ.
- لە کاتی مارەبڕین ئەبێ مێردەکە بە ئەندازەیی مارەیی هاووێنەی ئەو ئافرەتە ماڵی هەبێ.
- نابێ دوژمنایەتی لە نێوان ئافرەتەکە و پیاوەکەدا هەبێ.
- نابێ دوژمنایەتی بە ئاشکرا لە نێوان ئافرەتەکە و باوک و باپیرەدا هەبێ. بەڵام ئەگەر ئافرەتەکە ئیزن بدا و بەبێ ئەو مەرجانە ڕازی ببێ، ئەوە دروستە مارە بکرێ.
دەربارەی بێوەژن بۆ مارەبڕین
ئافرەتی بێوەژن دروست نییە هیچ کەسێک مارەی ببڕێ تا بلوغی ئەبێ، ئەگەر منداڵ بێ وە تا بە زوبانی خۆی ئەڵێ ئیزنە مارەم بکەن (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: لا تنکح الأیم حتی تستأمر ولا البکر حتی تستأذن وأذنها سکوتها) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی دروست نییە بێوەژن مارە ببڕی تا داوای فەرمانی لێ ئەکرێ، واتە تا ئەڵێ مارەم بکە، هەروەها کچ نابێ مارە ببڕێ تا داوای ئیزنی لێ ئەکرێ، وە بێدەنگبوونی کچ ئیزندانە. واتە ئەگەر پرسیان پێکرد و بێدەنگ بوو، نیشانەی ئەوەیە کە ڕازییە مارە بکرێ.
بۆ چوونی مەزهەبی (حنفی) دەربارەی مارەبڕین
تەنها بۆ باوک و باپیرە دروستە ژنێک یان زیاتر لە کوڕی خۆیان (کە بلوغی نەبووبێ) مارە ببڕن، بەڵام لە مەزهەبی ئیمامی (حنفی)ـدا خوا لێی ڕازی بێ بۆ هەموو (ولی)ـیەکان دروستە ژن لە منداڵ مارە بکەن و هەم ئافرەتی منداڵ لە یەکێکی تر مارە بکەن، بەو مەرجەی هاوچەشنی خۆی بێ و مارەییەکەی لە هاووێنەکانی خۆی کەمتر نەبێ، ئەگینا مارەبڕینەکە دروست نییە.