ناوهڕۆك
ئەو مەرجانەی کە دەبێت دەستی دز ببڕێت
ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت
واجبە دەستی دز ببڕێ واتە لێ بکرێتەوە، جا نێر بێ یان مێ بێ موسوڵمان بێ یان کافر بێ خوای گەورە فەرموویەتی (وَالسَّارِقُ وَالسَّارِقَةُ فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا) پیاوی دز و ئافرەتی دز دەستیان لێبکەنەوە بەم مەرجانەی خوارەوە
- دزەکە بلوغ بووبێ.
- عآقڵ بێ.
- ئەندازەیەکی وەها بدزێ کە نرخەکەی بگاتە چوار میسقاڵێکی زێڕ، یان زیاتر (عن عائشة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: لا تقطع ید السارق إلا فی ربع دینار فصاعدا) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی نابێ دەستی دز ببڕدرێ تا ئەندازەی چوار میسقاڵێک، یان زیاتر ئەدزێ.
- دزیەکە لە شوێنی پاراستنی وێنەی خۆی بێ وەک ئاژەڵ لەناو تەویلە، یان لە لەوەڕگەدا بدزێ، جلوبەرگ و قاپ و پارە لەناو ژووری خانوودا بدزێ، کەوابوو ئەگەر ماڵەکە لە شوێنێکی وەها داندرابوو کە شایانی پاراستنی ئەو جۆرە شتە نەبوو، وەک ئاژەڵی بێ شوان لە بیاباندا، یان دانانی پارە لە دەرەوەی خانوو، ئەو دزە دەستی نابڕدرێ و تەنها تەمبێ ئەکرێ و ماڵەکەی لێ وەرئەگیرێتەوە.
- هیچ بەشی دزەکە لەو ماڵە دزراوەدا نەبێ، کەوابوو ئەگەر ماڵی خۆی لە یەکێکی تر بدزێتەوە یان ئەو ماڵە بدزێ کە هاوبەشە لەگەڵ یەکێکی تر بەمە دەستی نابڕدرێ.
- هیچ گومانی مافی دزەکە لە ماڵی دزیلێکراوەکەدا نەبێ کەوابوو ئەگەر دایک و باوک دزی لە کوڕ و کچی خۆیان بکەن یان کوڕ و کچ دزی لە دایک و باوکیان بکەن دەستیان نابڕدرێ چونکە مافی بەخێوکردنیان لەسەر یەکتری هەیە.
- ئەگەر یەکێک لەبەر برسیەتی و نەبوونی خواردەمەنی بدزێ ئەویش نابێ دەستی ببڕدرێ چونکە مافی بەخێوکردنی لەسەر دەوڵەمەندان هەیە.
- خاوەن ماڵ داوای ماڵەدزراوەکە بکا.
- ئەبێ دزیەکە ئاشکرا بێ بە شاهیدی دوو پیاو، یان دانپێداهێنانی دزەکە، جا ئەگەر دەستی ببڕدرێ، یان نا هەر ئەبێ شتە دزراوەکە بداتەوە خاوەنەکەی، بەڵام ئەگەر تەنها پیاوێک و دوو ئافرەت شاهید بوون، یان هەر شاهیدێک هەبوو و خاوەنەکەیش سوێندی ئەخوارد، یان هیچ شاهیدێک نەبوو و خاوەنەکە بە دزەکەی گوت ئەبێ سوێندم بۆ بخۆی دزەکەیش گوتی تۆ سوێند بخۆ ئینجا خاوەنەکە بە ئیزنی دزەکە سوێندی خوارد بەوانە تەنها مافی ماڵ دانەوە ئەکەوێتە سەر دزەکە و دەستی نابڕدرێ.
- ئەبێ کاربەدەست دەستی دز ببڕێ، واتە: بە فەرمانی ئەو بێ.
شێوازی سزادانی دز
ئینجا ئەگەر دزیەکەی لەسەر ئاشكرابوو ئەبێ دەستی ڕاستەی ببڕدرێ لە جومگەی بازنەدەستەوە ئینجا دەستە لێکراوەکەی بە ملیەوە هەڵئەواسرێ تا ماوەیەک، جا ئەگەر جاری دووەم دزی کرد ئەبێ قاچی چەپەی ببڕدرێ لە گۆزینگەوە، جا ئەگەر جاری سێیەم دزی کرد ئەبێ دەستی چەپەی ببڕدرێ، جا ئەگەر جاری چوارەم دزی کرد ئەبێ قاچی ڕاستەی ببڕدرێ (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ فی السارق: إن سرق فاقطعوا یده، ثم إن سرق فاقطعوا رجله، ثم إن سرق فاقطعوا یده، ثم إن سرق فاقطعوا رجله) رواه الشافعي والدارقطني واتەی ئاشکرایە، ئەبێ شوێنی برینەکە بە ڕۆنی کوڵاو داغ بکرێ، بۆ ئەوەی خوێنەکە بوەستێ و نەمرێ کەوابوو ئەرکی ڕوونە و ئەرکی دەرمانکردن لەسەر دزەکەیە جا ئەگەر لەدوای جاری چوارەم هەر دزی کرد واجبە تەمبێ بکرێ واتە بەند ئەکرێ وە لە فەرموودەی بێهێزدا ئەبێ بکوژرێ. بەڵام لەبەر بێ هێزی، ئەم فەرموودەیە کاری پێناکرێ.