ناوهڕۆك
نەهاتنی شیر بۆ ناو مەمک دوای منداڵبوون
دوای منداڵبوون نزیکەی نیو هەفتەیەک کاتی پێ دەچێت تا شیر بەتەواوی بێتە ناو مەمکی دایکەکەوە، هەندێک هۆکاری سروشتی و هەندێک هۆکاری پزیشکیش دەتوانن دەستپێکردنی شیردان دوابخەن، هەروەها دەرکەوتووە کە ٪٢٥ـی دایکان دوای سێ ڕۆژ لە منداڵبوون شیر دێتە مەمکیانەوە.
چ شتێک دەبێتە هۆی هاتنی شیری دایک بۆ ناو مەمکەکان؟
هۆڕمۆنەکانی (پڕۆلاکتین، کۆڕتیزۆڵ، ئۆکسیتۆسین، ئەنسۆلین) ئەمانە هەموویان گرنگن بۆ بەرهەم هێنانی شیری دایک و جەستە لەماوەی دووگیانیدا ئەمانە بەرهەم دەهێنێت، هەر بۆیە بەرهەمهێنانی شیری دایک تەنها ٣٠ تا٤٠ کاتژمێر دوای منداڵبوون بەرهەم دێت، هۆڕمۆنی (پڕۆجیسترۆن) ڕێگری دەکات لە بەرهەمهێنانی شیری دایک، دوای لەدایکبوونی منداڵەکە و جیابوونەوەی وێڵاش لە منداڵدان ئەم هۆڕمۆنە کەم دەکات و کەمبوونەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی شیر.
شیری دایک چەندێک دوای منداڵبوون دێت؟
دوو ڕۆژ دوای منداڵبوون مەمکی دایک دەست دەکات بە پڕبوون، یەکەمین نیشانەی هاتنی شیری دایکە، پڕۆلاکتین هۆڕمۆنێکە کە فەرمان دەدات بە جەستەی دایکەکە تا شیر بەرهەم بهێنێت و ئەم هۆڕمۆنە لەماوەی دووگیانیدا زۆر دەبێت هەر بۆیە هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن کەم دەکات، ئەم هۆڕمۆنە لەلایەن وێڵاشەوە دروست دەبێتە ڕێگر بۆ وەڵامدانەوەی جەستە بۆ هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین، بەرهەمهاتنی سروشتی شیری دایک تەنها کاتێک دەست پێدەکات کە منداڵەکە لەدایک دەبێت و هۆڕمۆنەکانی وێڵاش لە لەشی دایکەکەدا نەماون، خانمانی دووگیان هەندێک کات بۆیان دەردەکەوێت کە شیر لە سنگیاندایە، ئەوەش ژەکە کە لەماوەی دووگیانیدا دەست بە دروستبوون دەکات و ئەم ماددە خۆراکێکی زۆر باش و پڕ وزەیە بۆ منداڵ.
چەند هۆکارێك بۆ نەهاتنی شیر بۆ مەمکەکانی دوای منداڵبوون
١- قەلەقی:
ژیانی ئەمڕۆ وای کردووە کە کاتێکی کەمترمان هەبێت بۆ خزم و نزیکانمان و بەردەوام بە کێشەکانی ژیانەوە سەرقاڵین، قەلەقی بە هۆکاری زۆرینەی نەخۆشیەکان دادەنرێت هەروەها خۆشی وەک: دڵەڕاوکێ، نەخۆشیەکانی دڵ، خەمۆکی ئەمانەش هۆکارێکن بۆ نەهاتنی شیر، قەلەقی وادەکات کە جەستە بە شێوەیەکی جیاواز بەرپەرچدانەوەی هەبێت.
٢- کێشە لە هۆڕمۆنەکاندا:
تێکچوونی کارەکانی غودەی سایرۆید دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەرهەمهێنانی شیر کەمتر ببێتەوە، لەنێوان هۆڕمۆنە گرنگەکانی وەک (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن) ڕۆڵیان هەیە لە گەورەبوونی سنگ و باڵغ بوون و ئامادەبوون بۆ دووگیانی لە ژناندا، هۆڕمۆنی (پڕۆلاکتین) ڕۆڵی هەیە لە بەرهەمهێنانی شیر لەماوەی دووگیانیدا و هەروەها (ئۆکسیتۆسین) ڕۆڵی هەیە لە وروژمی شیر بۆ ناو مەمکەکان ئەم هۆڕمۆنانە لەژێر فەرمانی غودە ڕێژێندا هەر کێشەیەکیان هەبێت بەرهەمهێنانی شیر کەم دەبێتەوە.
٣- شێوازی ژیان:
دووگیانی ماوەیەکی هەستیارە کە پێویستی بە چاودێری زۆرە، شێوازی ژیانێکی تەندروست، خواردنی گونجاو، نەکێشانی جگەرە و نەخواردنەوەی ماددە کهولیەکان و نەخواردنی ئەو مادانەی کافاینیان تێدایە هەموو ئەمانە کارەکەنە سەر شیری دایک.
٤- حەبی ڕێگری لە منداڵبوون (مەنع):
زۆرینەی ئەو دەرمانانەی کە بۆ ڕێگری لە منداڵبوون بەکاردێن لەسەر بنەمای کارکردن لەسەر هۆڕمۆنەکان کار دەکەن، هەندێک لە خانمان دوای بوونی منداڵەکەیان خێرا دەست دەکەن بە خواردنی ئەم حەپە و کاردەکاتە سەر کەمی شیر.
٥- بەکارهێنانی هەنێ جۆری دەرمان و گیا:
خواردنی هەنێ جۆری دەرمان وەک وتمان دەرمانی دژە دووگیانی و هەروەها بۆ هەر دەرمانێکی تر باشترە پێشتر پرس بە پزیشک بکەیت، هەروەها گیای وەک (ڕەیحان و سرکە) ئەمانەش ڕێگری دەکەن لە بەرهەمهاتنی شیری دایکدا.
٦- ژینگە و دەوروبەر:
پیسبوونی هەوا و پیسبوونی ئاو و ماددە خۆراکیەکان، ئەمانە پەیوەندیان هەیە بە بەرهەمهێنانی شیری دایکەوە، ئەگەرچی بەتەواوی ناتوانیت ئەم حاڵەتە کۆنتڕۆڵ بکەیت و لە ژینگە دوورکەویتەوە بەڵام هەمیشە هەوڵبدە پاکترین ئاو و خۆراک بخۆیت و بخۆیتەوە و خۆت دووربگری لە شوێنێک ئاو و هەواکەی پیس بێت.
٧- منداڵبوونی قورس:
تەنانەن چەند دونیا پێشکەوتووە بەڵام زۆر شت ناگۆڕدرێن و کێشەت بۆ دروست دەکات منداڵبوونیش یەکێکە لەو شتانە، ئازار و ژانی زۆر و خوێنبەربوونی زۆر نەزانی دکتۆر و پەرستاران دەورت هەموو ئەمانە دەتوانێت ئەم کێشەیەت بۆ دروست بکات و کاریگەری هەبێت لەسەر شیر.
٨- ئەندازەی هەڵگرتنی شیر:
ئەندازە و بڕی هەڵگرتنی شیڕ پەیوەندی نییە بە قەبارەی مەمکی دایکەکەوە بەڵکوو پەیوەندی هەیە بەو شیرەی کە بەرهەم هاتووە هەندێک خانم مەمکیان گەورەیە بەڵام شیری کەمی تێدایە و بە پێچەوانەشەوە و هەندێک کاتیش مەمکێک لەوی تریان زیاتر شیر بەرهەم دەهێنێت و خەزنی دەکات.
٩- خواردنی شیر بە بڕێکی کەم:
هەرچەند منداڵەکە شیری کەم بخوات دایکەکەش کەمتر شیری دەبێت، چونکە ئەگەر منداڵەکە بە بڕی پێویست و جوان شیرەکە نەخوات ئەو شیرەی کە ماوەتەوە و منداڵەکە نەیخواردووە ڕێگە نادات جەستە شیری کە بەرهەم بهێنێت.
مەساجکردنی مەمک دەبێت هۆی زۆربوونی شیر هەروەها زۆرخواردنی لەلایەن منداڵەکەوە شیرەکە زیاتر دەکات و جەستەش بڕێکی زیاتر بەرهەمدەهێنێت.
١٠- منداڵبوون بە نەشتەرگەری:
منداڵبوون بە نەشتەرگەری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی سترێس و کە بەردەوام کاریگەری هەیە لەسەر بەرهەم هێنانی شیری دایک.
١١- وەرگرتنی موغەزی:
دوای منداڵبوون وەرگرتنی موغەزی زۆر لەڕێی کانۆلاوە دەکرێت یەکێکی تر بێت لە هۆکارەکان.
١٢- لەدەستدانی خوێن:
غودەی هیپۆفیز دەتوانێت لەکاتی منداڵبووندا زۆر زیانی بەرکەوێت بەهۆی خوێنبەربوونەوە كە زیاترە لە ٥٠٠ میلیلتر خوێن، ئەم غودەیە کە لە مێشکدایە بەرپرسی جوڵانی شیرە.
١٣- وێڵاش:
ئەو وێڵاشەی کە ماوەتەوە دەتوانێت ببێتە هۆی بەڕەڵابوونی (پڕۆجیسترۆن) کە دەبێتە ڕێگر بۆ شیردان.
١٤- دەرمانی ئازارشکێن:
ئەگەر بە درێژایی ماوەی دووگیانی دەرمانی ئازار شکێنت بەکارهێناوە لەوانەیە بوونی شیرت دوابخات.
١٥- منداڵبوونی پێش وەختە:
کاتێک منداڵەکە زوو لە دایک دەبێت پێش کاتی خۆی لیمفە گرێیەکانی مەمک کاتێکی زۆریان نەبووە بۆ گەشەکردن تا بتوانن شیر بەرهەم بهێنن.
١٦- دانەدۆشینی شیر:
چەند کاتژمێرێک دوای بوونی منداڵەکە دادۆشینی شیر لە مەمکی دایکەکە زۆر گرنگە و دەبێتە هاتنە دەرەوەی شیری کۆن و ڕێگایەکە بۆ دروستبوونی شیری نوێ.
١٧- نەخۆشی شەکرە:
یەکێک لە گرنگترین هۆڕمۆنەکانی بەرهەمهێنی شیری دایک ئەنسۆلین، بوونی شەکرە کێشە دروست دەکات کاریگەری دەخاتە سەر هۆڕمۆنی ئەنسۆلین و بەرهەم هێنانی شیر دوادەخات.
١٨- تەمەن:
منداڵبوون لە تەمەنێکی گەورەدا یەکێکە لە هۆکارەکان.
ئەگەر شیری دایک بەرهەم نەهات و یاخوود درەنگ بەرهەم هات دەبێت چیبکەین؟
لە حاڵەتی دروستنەبوونی شیردا نابێت دڵگران بیت چونکە نیگەرانی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنی سترێس و بارودۆخەکە خراپتر دەکات، مەساج کردن بۆ هەردوو مەمک هەر دوو کاتژمێر جارێک دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی شیر.
شیردان شتێکی زۆر جوانە لەنێوان دایک و منداڵدا و خۆشەویستی زیاد دەکات ئەگەر کێشەکەت چارەسەر نەبوو زوو بێ هیوا مەبە و خێرا پەنا مەبە بەر شیری وشک و وازهێنان لە شیری خۆت سەردانی پزیشک بکە بۆ چارەسەری زیاتر.