هێلین ئادامس کێڵەر

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-05-25-17:32:00 - کۆدی بابەت: 5539
هێلین ئادامس کێڵەر

ناوه‌ڕۆك

هێلین ئادامس کێڵەر

هێلین ئادامس کێڵەر (بە ئەنگلیزی: Helen Adams Keller) نووسەر، وانەبێژ، داکۆکیاری مافی کەمئەندامان و چالاکوانێکی سیاسیی ئەمریکی بوو. لە ڕۆژئاوای توسوکۆمبیا لە ئەلاباما لە دایک بووە، لە تەمەنی 19 مانگی بەهۆی نەخۆشییەک توانای بینین و بیستنی لە دەست داوە. تا تەمەنی 7 ساڵی هەر لەڕێی ئاماژە لە ماڵەوە مامەڵەی لەگەڵ دەوروبەری دەکرد تا مامۆستا و هاوڕێی ژیانی (ئانی سولیڤان)  (Anne Sullivan) دەناسێت، کە فێری زمانی کرد بە نووسین و خوێندنەوە؛ یەکەم وانەی سولیڤان بریتی بوو لە حونجەکردنی وشەکان لەسەر دەستی کێڵەر تا ناوی شتەکانی دەوروبەری بزانێت. هەروەها فێربوو چۆن قسەبکات و لە قسەکردنی کەسانی تر تێبگات لەڕێی میتۆدی تادۆما (Tadoma). دوای خوێندن لەلای مامۆستاکەی و لە قوتابخانە دەچێت بۆ کۆلێژی ڕادکلیف لە زانکۆی هارڤارد و دەبێت بە یەکەم کەسی نابیست و نابینا کە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە هونەردا بەدەست بهێنێت. لە ساڵی 1924 تا ساڵی 1968 کاری بۆ دامەزراوەی ئەمریکی بۆ نابیناکان (AFB) کردووە، لەو ماوەیەدا سەردانی ویلایەتەکانی تری ئەمریکای کردووە و گەشتی بۆ 35 وڵاتی جیهان کردووە و هانی کەسانی نابینای داوە. 

ناو هێلین ئادامس کێڵەر
لەدایک بوون 27ی حوزەیرانی 1880 توسوکۆمبیا، ئەلاباما، ئەمریکا. 
مردن 1ی حوزەیرانی 1968 ئیستن، کۆنێکتیکەت، ئەمریکا. 
شوێنی ناشتن  کڵێسای نەتەوەییی واشنتن
پیشە نووسەر، وانەبێژ، چالاکوانی سیاسی
خوێندن کۆلێژی ڕادکلیف، زانکۆی هارڤارد (بەکالۆریۆس). 
دیارترین کارەکانی پەرتووکی چیرۆکی ژیانم (The Story of My Life 1903)

کێڵەر نووسەرێکی بە بڕشت بووە، 14 پەرتووک و سەدان وتار و شیکردنەوەی لەسەر بابەتی هەمەجۆر هەر لە ئاژەڵان تاوەکوو ماهاتما گاندی نووسیوە . کێڵەر هەمیشە هاوکار و پاڵپشت بووە بۆ کەمئەندامان و ئازارەکانی ژنان و مافی کرێکاران و ئاشتی جیهانی. لە ساڵی 1909 پەیوەندیی بە حزبی سۆشیاڵستی ئەمریکییەوە کرد. پاڵپشت بووە بۆ کۆمەڵەی نەتەوەیی بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەشپێستەکان (NAACP) و ئەندامێکی سەرەکیی یەکێتی ئازادییەکانی هاوڵاتیانی ئەمریکا (ACLU) بووە. لە ساڵی 1933 پەرتووکەکەی "چۆن بووم بە سۆشیاڵست؟" (How i became a Socialist) لەلایەن گەنجانی نازییەوە سوتێنرا. 

چیرۆکی نێوان کێڵەر و سولیڤان بە هۆی پەرتووکی "چیڕۆکی ژیانم" و فیلمی (The Miracle Worker) ناوبانگی دەرکرد. شوێنی لەدایک بوونەکەی ئێستا کراوە بە مۆزەخانە کە سپۆنسەری ساڵانەی "ڕۆژی هێلین کێڵەر" دەکات. 27ی حوزەیران کە ڕۆژی لە دایک بوونیەتی بە ڕۆژی هێلین کێڵەر ناسراوە کە لە پێنسلڤینیا کە لە یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی لە لایەن سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا  جیمی کارتەر (Jimmy Carter) جاڕی بۆ درا. 
لە ساڵی 1971 ناوی خراوەتە ناو هۆڵی ئافرەتە بەناوبانگەكانی ئەلاباما و لە 8ی حوزەیرانی ساڵی 2015 یەکێک بوو لە ناوە سەرەکییەکانی هۆڵی ناوبانگی نووسەرانی ئەلاباما. 

منداڵی و نەخۆشکەوتنی

کێڵەر لە 27ی حوزەیرانی ساڵی 1880 لە توسوکۆمبیا، ئەلاباما لە دایک بووە. خێزانەکەی لە لادێی ئایڤی گرین دەژیان، کە باپیرەی هێلین چەند دەیەیەک لەمەوبەرتر ئاوەدانی کردبووەوە. چوار خوشک و برای هەبوون، دووی ڕاستی بە ناوەکانی (میلدرێد کامبێل) و (فیپ بڕوکس) و دووی زڕ لە هاوسەری پێشووی باوکییەوە بەناوەکانی (جەیمس ماکدۆناڵد) و (ولیام سیمپسن).

باوکی هێلین (ئارثەر هێنلی کێڵەر) (1969 - 1836) چەندین ساڵ لە توسوکۆمبیا خزمەتی کردووە هەروەها لە سوپای هاوپەیمانی کاپتن بووە. دایکی (کاثرین ئیڤێرت) (1921 -1856) ناسراو بە "کەیت"، کچی (چاڕلس دەبڵیو. ئادامس) (Charles W. Adams) ژەنەڕاڵی سوپای هاوپەیمانی بوو. ڕەچەڵەکی باوانەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سویسڕا.
هێلین لە تەمەنی نۆ مانگیدا نەخۆشییەکی نەناسراوی گرت کە لەلایەن پزیشکەکانەوە بە (هەوکردنی توندی گەدە و مێشک) دیاریکرا. کە دەکرێت هەوکردنی پەردەی مێشک بووبێت (meningitis) بەهۆی بەکتریای (Neisseria meningitids)، یانیش هەوکردن بەهۆی بەکتریای (Heamophilus influenzae) (کە هەمان نیشانەکانی هەیە بەڵام ئەگەری کەمترە کە هۆکار بووبێت بەهۆی ئەوەی ڕێژەی مردن بەهۆیەوە 70% بووە لەوکاتەدا). یەکێکی تر لە هۆکارەکان دەکرێت هەوکردن بەهۆی ڤایرۆسی (Rubella) بووبێت (کە بە شێوەیەکی گشتی تەنیا دەبێتە هۆی کوێر بوون یان کەڕ بوون). یانیش بەهۆی تای سکارلێت (Scarlet Fever) ) کە باو نییە ببێتە هۆی کەڕ بوون یان کوێر بوون. لە ئەنجامدا نەخۆشییەکە کەڕو کوێری کرد. لەو کاتەدا هێلین لەڕێی ئاماژەوە لەگەڵ ماڵەوەیدا پەیوەندی هەبوو تا تەمەنی حەوت ساڵی و دەیتوانی لەڕێی لەرینەوەی هەنگاونانیان کەسەکانی دەوروبەری بناسێتەوە.

لە ساڵی 1886 دایکی کێڵەر لەڕێی تێبینیی چارلس دیکنسی ئەمریکی کە کچێکی هاوشێوەی هێلینان پێگەیاندبوو ویستی پەیوەندی بە دکتۆرێکی قوڕگ و لوت گوێوە بکات لە بالتیمۆر تا ڕێنماییان پێبدات. کە دواتر لە ڕێی ئەلێکساندەر گراهام بێڵ کە ئەوکات کاری لەگەڵ منداڵانی نابینا دەکرد ئامۆژگاری کران پەیوەندی بە قوتابخانەی پێرکینس بۆ نابیناکان بکەن  لە بۆستن. مایکڵ ئەناگۆنس بەڕێوبەری قوتابخانەکە، خانمە قوتابییەکی دەرچووی تەمەن 20 ساڵانی بە ناوی (ئانی سولیڤان) کە خۆی کێشەی بینینی هەبوو بۆیان نارد تا ببێت بە مامۆستای هێلین؛ ئانی بۆ ماوەی 50 ساڵ لەگەڵ هێلین مایەوە و بووە هاوڕێیەکی هەمیشەییی. سولیڤان لە 5ی ئاداری ساڵی 1887 گەیشت بۆ ماڵی هێلین و بوکەڵەیەکی بە دیاری لەگەڵ خۆی بۆ بردبوو، یەکەم وشەش فێری حونجەکردنی کرد وشەی بووکەڵە بوو (ب-وو-ک-ە-ڵ-ە). هێلین ئەو ڕۆژە بۆ هەمیشە وەک لەدایکبوونی ڕۆحی دادەنێت. لە سەرەتادا کارکردن بۆ سولیڤان قورس بوو تا بتوانێت هەموو شتێک فێری هێلین بکات تەنانەت بە شێوازی مامەڵەو ڕەفتارکردنیشەوە بەڵام وردە وردە توانی فێریبکات و هەزاران ناوی پێ بناسێنێت هەروەک هێلین لە پەرتووکی "چیڕۆکی ژیانم" ئاماژەی پێدەکات کە کاتێک پەنجەکانی مامۆستاکەی لەسەر دەستی بووە و فێری کردووە، هەستی بە سۆزێکی زۆر کردووە.

خوێندن

لە ئایاری ساڵی 1888، کێڵەر چووە قوتابخانەی پێرکینس بۆ نابیناکان. لەساڵی 1894، کێڵەر و سولیڤان ڕۆیشتن بۆ نیویۆڕک بۆ قوتابخانەی ڕایت هیماسۆن بۆ نابیستەکان و بۆ خوێندن لەلایەن سارا فولەر لە قوتابخانەی هۆڕەیس مان بۆ نابیستەکان. لە ساڵی 1896، گەڕانەوە بۆ ماسەچوستس و کێڵەر چوو بۆ قوتابخانەی کامبرێجی کچان پێش ئەوەی بڕوات بۆ کۆلێژی ڕادکلیف لە زانکۆی هارڤارد لە ساڵی 1900. ماڕک توەین کە هێلینی زۆر بەلاوە پەسند بوو ئەوی ناساند بە پیشەگەری نەوت (هێنری هاتلستن ڕۆجێرس) کە تێچووی خوێندنەکەی بۆ دابین کرد. لە ساڵی 1904، لە تەمەنی 24 ساڵی، هێلین دەرچوو بە یەکێک لەئەندامەکانی فای بێتا کاپا (Phi Bta Kappa) لە کۆلێژی ڕادکلیف، کە بوو بە یەکەم کەسی نابیست و نابینا بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە هونەر بەدەست بێنێت. هێلین پەیوەندیی لەگەڵ فێرکار و فەیلەسوفی نەمساوی (ولیام جێریوسەلیم) هەبوو کە یەکەم کەس بوو بەهرە وێژەییەکانی هێلینی دۆزییەوە. 
بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ کەسانی تردا هێلین دەستی بە قسەکردن و وتاردان و وانەوتنەوە لە بارەی ژیانییەوە کرد. ئەو لەڕێی میتۆدی تادۆماوە دەیتوانی گوێ لە وتاری کەسانی تر بگرێت، واتا بە بەکارهێنانی پەنجەی لەسەر لێو و قورگی قسەکەرەکان تا لێیان تێبگات. زۆر کارامە بوو لە بەکارهێنانێ بڕایل (Braille) نووسینی تایبەت بە نابیناکان لەگەڵ بەکارهێنانی حونجەکردن لەڕێی پەنجەوە تا لەگەڵ دەوروبەری لە پەیوەندیدا بێت. ماوەیەکی کەم بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم لەگەڵ گرووپی زۆیلنێر کوارتێت لەڕێی پەنجەکانییەوە لەسەر مێزێکی لەراوە ئەو مۆسیقایەی ئەزموون دەکرد کە لە نزیکییەوە دەژەنرا.  

چالاکییە سیاسییەکانی

کێڵەر بووبووە قسەکەر و نووسەرێکی بەناوبانگ لە جیهاندا. ئەو وەک پارێزەی مافی کەمئەندامان ناسرابوو. گەشتی بۆ 25 وڵات کرد بۆ ئەوەی وتاری هاندەرانە بۆ کەسانی نابیست بدات. لە ساڵی 1915 لەگەڵ (جۆرج ئەی کێسلەر) ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی هێلین کێڵەریان دامەزراند (HKI). ئەرکی ئەو ڕێکخراوە توێژینەوە بوو لە بارەی بینین، تەندروستی و خۆراکسازی. لە ساڵی 1916 بڕێک پارەی نارد بۆ (NAACP) کۆمەڵەی نەتەوەیی بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەشپێستەکان بۆ چارەسەرکردنیان. لە ساڵی 1920 یارمەتیدەر بوو لە دامەزراندنی یەکێتی ئازادییەکانی خەڵکی ئەمریکا (ACLU). کێڵەر لەگەڵ سولیڤان بەیەکەوە سەردانی 40 وڵاتیان کرد و چەند جارێک چووە بۆ ژاپۆن و بووبوو بە دڵخوازی ژاپۆنییەکان. هێلین چاوی بە هەموو سەرۆکەکانی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوتبوو لە (جۆرج کلیڤلاند) تا (لیندن بی. جۆنسن) و هاوڕێیەتی لەگەڵ زۆربەی کەسایەتییە ناودارەکان هەبووە وەک (ئەلێکساندەر گراهام بێڵ)، (چارلی چاپلین)  و (مارک توین). 
کێڵەر لە ساڵانی 1909 تا 1921 ئەندام بوو لە حزبی سۆشیاڵست و زۆر چالاکانە یارمەتیدەر بوو بۆیان و لە پاڵپشتی ئەوان بابەتی دەنووسی. زۆربەی نووسینەکانی لەبارەی پاڵپشتیی ئافرەتان بۆ دەنگدان و کاریگەرییەکانی جەنگ و پاڵپشتیکردن دژی دەست تێوەردانی سەربازی بوون. لە ساڵی 1912 پەیوەندیی بە یەکێتی کرێکاران بە ناوی پیشەسازی کرێکارانی جیهان (IWW) کرد کە دەیوت نوێنەرایەتی سۆشیالیزم لە زۆنگاوی سیاسەتدا نقووم بووە. لە ساڵی 1916 تا 1918 بۆ پاڵپشتی (IWW) دەینووسی. 
کێڵەر پاڵپشتیی چاکسازیی وەچەی دەکرد (Eugenics)، هەروەها نیگەرانیی خۆی لەبارەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانیش دەربڕیبوو. 

نووسینەکانی

کێڵەر 12 پەرتووک و چەندین بابەتی نووسیوە، یەکەم نووسینی لە تەمەنی 11 ساڵی بە ناوی پاشا فڕۆست  ( The Frost king 1891) بوو. لە تەمەنی 22 ساڵی بەیارمەتی سولیڤان و هاوسەری سولیڤان، ژیاننامەی خۆی بەناوی چیڕۆکی ژیانم (The Story of My Life 1903) بڵاوکردەوە. لەساڵی 1908 پەرتووکی "ئەو جیهانەی تێیدا دەژیم"ی نووسی (The world i live in)، هەروەها لە ساڵی 1913 زنجیرەیەک بابەتی لەسەر سۆشیاڵیزم بڵاوکردەوە. لە ساڵی 1972 پەرتووکی ئایینی من"ـی نووسی (My Religion) کە تێیدا باس لە بیروباوەڕی ئایینی خۆی دەکات و دواتر لە ساڵی 1994 دووبارە پەرتووکەکە پێداچوونەوەی بۆ کرا لە ژێر ناوی ڕووناکی لە ناو تاریکی مندا (Light in My Dakness).

هاوڕێکانی

ئانی سولیڤان

بۆ ماوەی 50 ساڵ لەگەڵیدا مایەوە خۆی و هاوسەرەکەشی (جۆن مەکی) کە لە ساڵی 1905 هاوسەرگیریان کرد. سولیڤان لە ساڵی 1963 بە هۆی نەخۆشی کۆچی دواییی کرد کاتێک دەستی لەناو دەستی هێلین بوو.   

پیتەر فاگان

لە تەمەنی سی ساڵان خۆشەویستی هێلین بوو و بەبێ ڕەزامەندی خانەوادە و مامۆستاکەی بە دزییەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ کرد، کە لە دوای نەخۆشکەوتنی سولیڤان بوو بەسکرتێری هێلین. 

پۆل ثۆماسن

لە دوای نەخۆشکەوتنی سولیڤان و مردنی گرنگیی بە هێلین دەدا و بوو بە هاوڕێی و بەیەکەوە چەندین کاریان ئەنجامدا و لە ساڵی 1960 کۆچی دوایی کرد.

وینی کۆڕباڵی

ئەو پەرستارەی کە چاودێری پۆل ثۆماسنی دەکرد دوای مردنی پۆل لەگەڵ هێلین مایەوە تا کاتی مردنی.

کۆتاییەکانی ژیانی

لەساڵانی 1961ەوە کێڵەر چەندجار تووشی نۆرەی دڵ بووە و کۆتا ساڵانی ژیانی خۆی لە ماڵەوە بەسەربردووە. لە 14ی ئەیلولی 1964 مەدالییای سەرۆکایەتیی بۆ ئازادی وەرگرتووە لەلایەن سەرۆک (لیندن بی. جۆنسن). لە ساڵی 1965 لە پێشانگەی جیهانیی نیویۆڕک هەڵبژێردرا بۆ هۆڵی ناوبانگی ئافرەتانی نەتەوەیی. کێڵەر زۆربەی دوا کاتەکانی ژیانی تەرخانکردبوو بۆ زیادکردنی دەرماڵەی دامەزراوەی ئەمریکی بۆ نابیناکان (AFB). لە 1ی حوزەیرانی 1968 لە ماڵەکەی خۆی لە خەودا مرد. لە واشنتن لاشە مردووەکەی سوتێنراو و دواتر لە نزیک هاوڕێ هەمیشەییەکانی (ئانی سولیڤان) و (پۆل ثۆماسن) لە کڵێسای نەتەوەیی واشنتن نێژرا.

وێنە و ڤیدیۆ

  • ژیانی هێلین چەند جارێک وێنەی کراوە، خۆی لە فیلمێکی بێدەنگدا دەرکەوتوە بە ناوی ڕزگاربوون (Deliverance 1919) کە فیلمێکی سۆزمەندانەیە و بە شێوەی هێمایە. لە ساڵی 1954 (کاثرین کۆرنێل)ـی هاوڕێی دۆکیۆمێنتاریێکی لەسەر ژیانی ئامادە کرد بە ناوی "هێلین کێڵەر لە چیڕۆکەکەیدا" (Helen Keller in Her Story) کە بووە خاوەن خەڵاتی ئۆسکار. هەروەها بەشدار بوو لە چیڕۆکی هێلین کێڵەر کە بەشێک بوو لە زنجیرەیەکی بەناوبانگی ئەمریکی کە لەلایەن (Hearst Entertainment) بەرهەمهێنرا. 
  • "پەرجوگەر" (The Miracle Worker) کارێکی درامییە باس لە ژیانی منداڵیی هێلین دەکات کە لە پەرتووکە ژیاننامەییەکەی خۆی وەرگیراوە "چیڕۆکی ژیانم". چەند بەرهەمێک بەو ناوە هەن کە هەموویان گوزارشت لە پەیوەندی نێوان خۆی و مامۆستاکەی دەکەن، هەروەها کە چۆن لە بارودۆخێکی ئاژەڵی توانی فێریبکات و بیگۆڕێت بۆ کەسێکی خوێندەوار، چالاک و ڕۆشەنبیر. ناوی پەرجووگەر لەلایەن مارک توەین بەکارهاتووە بۆ ئانی سولیڤان کە وەک پەرجوو ژیانی ئەو کچە دەگۆڕێت. سەرەتا فیلمەکە لە ساڵی 1957 لەسەر تەلەفزیۆن بەرهەمهێنرا لەلایەن ولیام گیبسن (William Gibson). دواتر لە ساڵی 1959 دیسان بەرهەم هێنانی بۆ کرا و لە ساڵی 1962ش بە بەرهەمهێنانێکی تر کە بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بە نواندنی (Anny Bancroft ) لە ڕۆڵی ئانی سولیڤان و (Patty Duke) لە ڕۆڵی هێلین کێڵەر کە هەردووکیان خەڵاتی ئۆسکاریان بۆ نواندنەکانیان وەرگرت. هەروەها لە ساڵی 2000یش کرا بە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی. 
  • وە لە ساڵی 1984 دووبارە بەرهەمهێنرایەوە بە فیلمێکی تەلەفزیۆنی بە ناوی (The Miracle Continues) "پەرجووەکە بەردەوامە"، کە زیاتر باسی ژیانی خوێندن و قۆناغەکانی دواتری دەکات. بەڵام هیچ کامیان باسی قۆناغەکانی سیاسی و چاڵاکبوونی هێلین ناکەن. 
  • فیلمی بۆڵیودی (Black) وەرگیراوە لە ژیانی هێلین لە منداڵییەوە تا کاتی دەرچوونی لە زانکۆ. 
  • لە ساڵی 2008 کۆمەڵگەی مێژوویی و بۆماوەیی نیوئینگڵاند ڕایگەیاند کە وێنەیەکی کۆنی هێلین و مامۆستاکەیان دۆزیوەتەوە هی ساڵی 1888 بووە. هەروەها ڤیدیۆیەک کە دەریدەخات هێلین لاسایی دەنگەکان دەکاتەوە لەکاتی قسەکردن، بەردەستە. 
  • ژیاننامەیەکی تری هێلین کێڵەر لەلایەن نووسەری جوولەکەی ئەڵمانی نووسراوەتەوە (Hildegard Johanna Kaeser).

شانازییەکانی دوای مردنی

  • قوتابخانەیەکی نابیستەکان لە هیندستان بە ناوی هێلین کێڵەر ناونرا لە لایەن (کەی. کەی. سرینڤاسان). لە ساڵی 1999 ناوی چووەتە لیستی (Gallup) وەک باشترین کەسەکانی سەدەی بیست.
  • لە ساڵی 2003 ئەلاباما مەراسیمی ڕێزلێگرتنی بۆ سازدا وەک کچی نەتەوەکەی.
  • نەخۆشخانەی هێلین کێڵەر لە شێفڵد، ئەلاباما بەناوی ئەو نراوە. 
  • چەندین شەقامی بەناو کراوە لە وڵاتەکانی سویسرا و فەڕەنسا و ئیسڕایل و ئەمریکا و پرتووگال و ئیسپانیا. 
  • لە ساڵی 1973 ناوی خرایە هۆڵی ناوبانگی ئافەتانی نەتەوەیی. 
  • لە ساڵی 1980 پولێک بۆ کێڵەر و سولیڤان چاپکرا لە خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمریکی. 
  • لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2009 پەیکەرێکی بڕۆنزی بۆ درووست کرا لە هۆڵی کۆتەڵتاشی نەتەوەیی لە ئەلاباما.

ئەرشیف

ئەرشیفەکانی هێلین کێڵەر لە نیویۆڕک پارێزگاریان لێدەکرا بەڵام لەکاتی ڕووخانی تاوەرەکانی توین لە هێڕشەکانی 11ی سێپتێمبەر بزربوون و ئەرشیفەکانی لەلایەن دامەزراوەی ئەمریکی بۆ نابیناکان (AFB) پارێزراوە.


سەرچاوەکان



1000 بینین