نەخۆشخانەی هیوا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-06-19-00:28:00 - کۆدی بابەت: 5660
نەخۆشخانەی هیوا

ناوه‌ڕۆك

هیوای نەخۆشانی شێرپەنجە

نەخۆشخانەی (هیوا)، نەخۆشخانەیەکی (١٨٠) تەختی تایبەتە بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی خوێن. لە ئابی 2007 لە ناوچەی قڕگەی شاری سلێمانی دروستکراوە.
(هیوا) بە پلەی یەکەم دێت لە رووی زانستیەوە لەسەر ئاستی عێراق و چارەسەر پێشکەش بە هەموو تەمەنەکان دەکات.
رۆژانە (300) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن لەو رێژەیە نزیکەی نیوەیان (150) چارەسەری کیمیایی تایبەت بە نەخۆشیەکانیان وەردەگرن.
نەخۆشخانەی (هیوا) هاوکاربووە تاوەکو سلێمانی بە پایتەختی چارەسەری شێرپەنجە دابنرێت لە عێراقدا بەو پێیەی پزیشکانی پسپۆڕی شارەکانی تری وەک هەولێر و کەرکوک و موسڵ و کەربەلا و کوت و بەغداد لە شاری سلێمانیدا بڕوانامەیان وەرگرتووە کە ژمارەیان لە 100 پزیشک زیاترە.
لە ئێستادا نەخۆشخانەی (هیوا) لە هەوڵی ئەوەدایە خزمەتگوزاریەکانی بگەیەنێتە ئاستێکی گونجاو لە ستانداردی جیهانی، وێڕی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای خێرخوازیشەوە بڕێک لە پێداویستیەکانی بۆ دابیندەکرێت.

زانیاری گشتی

ئەم نەخۆشخانەیەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری سلێمانی کراوەتەوە، سەنتەرێکی تایبەتە بە چارەسەرکردنی ھەموو جۆرەکانی شێرپەنجە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٠ ھەزار مەتر دووجایە، نەخۆشخانەکە سەر بە کەرتی گشتییە، واتە نەخۆشخانەیەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی تەندروستییە، دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ھیوایە.

ئەم نەخۆشخانەیە بە ھاوکاری و ھاوسەنگی لەگەڵ چەند سەنتەرێکی دیکەی پشکنین ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات وەکو (سەنتەری تەلاسیمیا، سەنتەری ژیانەوە، تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆڕش). سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ نەخۆشخانەکان بێ بەرامبەرە. سەرەتا تەنھا ٤٠ تەختییەکان ھەبوو بۆ نەخۆش ئێستا ١٨٠ تەخت لە خۆ دەگرێت، ڕۆژانە پێشوازی لە ٦٢٥ نەخۆش دەکات کە لە زۆربەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش سەردانی دەکەن بە مەبەستی پشکنین و چارەسەرکردن. ھەروەھا ڕۆژانە چارەسەری کیمیایی بۆ ٢٠٠ نەخۆش دەکرێت.

نەخۆشخانەی ھیوا لە ڕووی خزمەتگوزاری پزیشکی و ئاستی بەرزی پزیشکییەوە لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەست ھێناوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە، ئەو نەخۆشخانەی کە ئێستا لە نەخۆشخانەکە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن ٥٠٪ـیان ھاوڵاتیانی ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراقن.

ھۆکاری ھاتنی ھاوڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق بۆ نەخۆشخانەی ھیوا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشکنین و دەرمان و چارەسەر و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە بێ بەرامبەرن، ھەر لەبەر ئەوەش ناوی ھیوایە بۆ گەڕانەوی ھیوا بۆ بێ ھیواکان، ھەروەھا بوونی ئامێری پێشکەوتووی پشکنین و بوونی ھەنێ بەش لەم نەخۆشخانەیە کە لە نەخۆشخانەکانی دیکەی عێراق بوونی نییە وەکو بەشی چاندنی مۆخی ئێسقان.

تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ لە نەخۆشخانەی ھیوا پشکنین بۆ زیاتر لە ٧٥ ھەزار نەخۆش ئەنجامدراوە، ھەروەھا چارەسەر بۆ زیاتر لە ٣٠ ھەزار نەخۆش کراوە، لە بەشی چاندنی مۆخ بە شێوەیەکی سەرکەوتوو چاندنی مۆخ بۆ زیاتر لە ٢٠٠ نەخۆش کراوە بەبێ بەرامبەر. ھەروەھا بەشی چاندنی مۆخ قاوشی تایبەت بە خۆی ھەیە و بۆ ھەر نەخۆشێک ژووری تایبەتی ھەیە. ھەر لەو نەخۆشخانەیە بەشی خەپلەکانی خوێن ھەیە کە مەبەستی ئەم بەشە ئەوەیە کە ھاوڵاتیان خەپلەی خوێن ببەخشن بە توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، ئەمەش لە ڕێی چەند ئامێرێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، بەشی بژاردنی خانە دایکەکان ھەیە کە ئەرکی ئەم بەشە بریتییە لە کۆکردنەوەی خانەکان بۆ ئەوەی بزانن چەند ملیۆن خانە کۆکراونەتەوە، واتە خانەکان چەپک دەکرێن، ھەروەھا لە نەخۆشخانەی ھیوا سەرەڕای تاقیگە پێشکەوتوو بۆ پشکنینی نەخۆشەکان، تاقیگەی جیناتیش ھەیە کە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بەکاردێت لە ڕێی جیناتەوە، کە ئەم جۆرە تاقیگە و پشکنینە لە ھەموو عێراقدا تەنھا لە نەخۆشخانەی ھیوا بەردەستە.

سندوقی کۆمەک بۆ تووشبوانی شێرپەنجە

سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێکھێنراوە و ھەموو نەخۆشخانە شێرپەنجەیییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەندامن لەو سندوقە. ئەم سندوقە یارمەتیدەربووە لە چارەسەرکردنی سەدان کەس کە توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و توانای ماددیان نەبووە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.

ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمە کوردستان سندوقی کۆمەک دانراوە، کە ھاوڵاتیان لە ڕێیەوە پارە دەبەخشن لە پێناو یارمەتیدانی توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە کە توانای داراییان لاوازە.

چالاکییەکانی نەخۆشخانەی ھیوا

نەخۆشخانەی ھیوا ساڵانە لە ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەنتەری سالاسیمیا و سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەرکردنی تیشک و سندوقی کۆمەکی شێرپەنجەوە، ھەروەھا بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، لە ماوەی یەک ھەفتەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری دەربارەی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە. کۆنفرانسی ١٠٠ ڕزگاربووی شێرپەنجە.

لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ کۆنفرانسێکی فراوانی شێرپەنجە لەژێر ناوی کۆنفرانسی (١٠٠ ڕزگاربووی شێرپەنجە) بە ھەماھەنگی لەگەڵ سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی ھیوا لەگەڵ ١٠٠ کەس لە ڕزگاربووان و بە بەشداری لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و (WHO) نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیھان ئەنجامدرا.

ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە بە مەبەستی کۆمەڵێک ئامانج بوو کە ببێتە ھۆی بڵاوکردنەوەی ھەماھەنگی و ھۆشیاری زیاتر لەپێناو ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە، لەوانە:

  • بەخشینی ورە و ھیوا بۆ تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، کە چاکبوونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە ئەستەم نییە.
  • گفتوگۆی ئەکادیمی بۆ دیاریکردنی ھێڵە گشتییەکانی کاری ئایندەی سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە بە مەبەستی باشتر خزمەتکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.
  • ئاشناکردنی ھاوڵاتیان و خێرخوازان بە سندوقی شێرپەنجە بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بەشدارییەکی زیاتر بکەن وەکو پرۆژەیەکی ھاوبەشی نێوان حکوومەت و ھاوڵاتیان بەیەکەوە دەتوانن ئەرکێکی مرۆڤانە ئەنجامبدەن.

کێشە و گرفتەکانی نەخۆشخانەی ھیوا

نەخۆشخانەی ھیوا سەرەڕای ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش دەکات بە نەخۆشەکانی، بەڵام بەدەر نییە لە کێشە و کەموکوڕییەکان و ئەگەر کێشەکان چارەسەرنەکرێن، ئەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشخانەکە دەبێت. یەکێک لەو گرفتانە بریتییە لە قەبارەی نەخۆشخانەکە، بینای نەخۆشخانەکە بچووکەو نالەبارە بۆ ئەو ڕێژە زۆرەی نەخۆشەکان کە ڕووی تێدەکەن کە ساڵانە ڕێژەی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەڵکشاندایە، ھەروەھا شوێنی نەخۆشخانەکە نەگونجاوە، چونکە دەکەوێتە گەڕەکی کانی با کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە، چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی قەرەباڵغ و پڕ لە ژاوەژاو و نزیکە لە ماڵان، ئەمەش گونجاو نییە لەبەر ئەوەی پێویستە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە شوێنێکی ئارام و ژینگەیەکی پاک و پڕ لە سەوزایی بێت و دیمەنی دەوروبەری نەخۆشخانە بە گوڵ و باغچەی سەرنجڕاکێش برازێنرێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆش ھەست بە ئارامی بکات.

بینای نەخۆشخانەی ھیوا دوورە لە سەنتەرەکانی دیکە (تالاسیمیا، ژیانەوە، تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆڕش) ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە. کێشەی خۆبەخشەکان کە ١٤٥ کارمەندن بە شێوەی خۆبەخش لە بەشەکانی نەخۆشخانەکە خزمەت بە نەخۆشەکان دەگەیێنن، بەڵام لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٠ خۆبەخشەکان ھیچ شایستەی داراییان وەرنەگرتووە و ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەوا لەوانەیە بەشێک لەو خۆبەخشانە لە شوێنێکی دیکە بەدوای سەرچاوەی بژێوی ژیانی خۆیان بگەڕێن، ئەو کاتە بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر نەخۆشخانەی ھیوا، بەتایبەتی لە بەشی منداڵانی نەخۆشی شێرپەنجە ٢٥ خۆبەخش ھەن و وازھێنانی ئەو خۆبەخشانە کاریگاری زۆر دەکاتە سەر خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.

نەخۆشخانەکە و ڤایرۆسی کۆرۆنا

بوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و بڵاوبوونەوی پەتای کۆرۆنا کۆمەک و ھاوکاری ھاوڵاتیان ڕوو لە داکشان و کەمبوونەوەیە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە ئەرکی نەخۆشخانەکە قورستر بێت. چونکە بە شێوەیەکی گشتی، لە گشت وڵاتانی جیھان ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە زۆر سەختە و پێویستی بە توانای ماددی و تەکنیکی پێشکەوتوو ھەیە. ئەگەر توانای ماددی سنووردار بێت ئەوا کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی یەکێک لە ترسناکترین نەخۆشییەکان کە مرۆڤ تووشدەکات.

دەبێت نەخۆشەکان بە شێوەیەکی باش بپارێزرێن بە تووشبوون بە هەر نەخۆشییەکی دیکە بە تایبەت کۆرۆنا، چونکە بەرگری لەشی نەخۆش بە تەواوی لاواز دەکات و ڕووبەڕووی کارەساتی دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



3489 بینین