لاهور شێخ جەنگی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-02-14:43:00 - کۆدی بابەت: 5714
لاهور شێخ جەنگی

ناوه‌ڕۆك

هاوسەرۆکی یەکێتی

لاھور تاڵەبانی یاخود شێخ لاهور شێخ جەنگی ئەندامێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ماوەیەک ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، و لە هەمان کات بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری و بەڕێوەبەری ھێزی دژە تیرۆری کوردستانیش بووە، ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی چەندین جەنگی دژی تیرۆر کردووە و بەتایبەتی جەنگ دژی چەکدارانی داعش، ھەروەھا جێگری سەرۆکی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەڵکانە (IFIMES).

لە ساڵی ٢٠١٣دا تاڵەبانی بووە بەڕێوبەری دەزگای زانیاری کە دەزگای ھەواڵگیری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ھەرکە بووە بەڕێوبەر دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری تێکەڵکرد، ئەم کارە کارێکی نوێ بوو کە دەزگایەکی ھەواڵگری و سەربازی تێکەڵبکرێت لە ھەرێمی کوردستان.

ناو لاهور جەنگی بورهان تاڵەبانی
ساڵی لەدایکبوون ١٩٧٥ (هەندێکیش دەڵێن ١٩٧٦)
شوێنی لەدایکبوون کۆیە، هەرێمی کوردستان
شوێنی نیشتەجێبوون سلێمانی
ئاستی خوێندن کارگێڕی کار- زانکۆی گرین ویچ
پیشە سیاسەتمەدار، هاوسەرۆکی حیزب، فەرماندەی سەربازی، بەرپرسی هێزی دژەتیرۆر
ساڵانی چالاکی  ١٩٩٩ - ئێستا
منداڵ دوو کوڕ و کچێک
خزم

جەلال تاڵەبانی (مام)

بافڵ تاڵەبانی (ئامۆزا)

قوباد تاڵەبانی (ئامۆزا)

ژیاننامەی لاهور شێخ جەنگی

شێخ لاهور شێخ جەنگی ساڵی 1975 لەدایك بووە و لە ساڵی 1984 لەگەڵ خانەوادەكەی روویان لەناوچەی گوێزیلە كردووە و بەشداری راستەوخۆی شۆڕشی نوێی گەلی كوردیان كردووە، دواتر لە ناوچەی هەڵەدن بەهۆی بۆردوومانی خوێندنگەكەیان لە پرۆسەی خوێندن دادەبڕێت.

دواتر خانەوادەكەی ڕوویان لە ئێران كردووە و لاهور شێخ جەنگی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری ورمێ درێژەی بە پڕۆسەی خوێندن داوە، لە سەرەتای ساڵی نەوەدەكان دەچێتە وڵاتی بەریتانیا و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدات و خوێندنی ئامادەیی لە کرۆفتۆن پارک تەواو کردوە و پاشان خوێندنی لە کارگێڕی کاردا لە زانکۆی گرین ویچ تەواوکردووە.

لە ساڵی 1999 بۆ 2002 جێگری نوێنەری یەكێتی بووە لە توركیا، دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان بەردەوام لە نزیكی مام جەلالی سەرۆکی یەکێتی بووە.

هاوکاری ئەمریکییەکان و پرسی تیرۆر

لە هێرشی سوپای ئەمریكا بۆ لە ناوبردنی ڕژێمی بەعس و پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كاری كردووە.

لە دوای سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام، هەماهەنگی نێوان لاهور شێخ جەنگی و هێزەكانی ئەمریكا زیاتر دەبێت و پەیوەندی لە نێوانیان بە شێوەیەکی باشتر دروست دەبێت، هەروەها لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق و كۆنتڕۆڵی شاری كەركووك بە هاوبەشی پێشمەرگە و سووپای ئەمریكا ڕۆڵی ڕاستەوخۆی دەبێت.

لە دوای ٢٠٠٣ 

لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، بە سەرپەرشتی هێزەكانی دژە تیرۆر، لە كەركووك و خورماتوو و ناوچەكانی تر بەردەوام بووە لە ڕاوەدوونانی تیرۆریستان و لە دوای ساڵی 2003 و بە پشتیوانی مام جەلال و هێزەكانی هاوپەیمانان، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزی دژە تیرۆر دادەمەزرێنن و خودی خۆیشی بەشداریی چەندین مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی ئەمریكای كردووە بۆ جەنگی دژ بە تیرۆریستان، هەروەها سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی زۆرێك لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی كردووە و سەرپەرشتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكانی كردووە.

لاهور شێخ جەنگی و کوردستانی خۆرئاوا

لە ساڵانی دواییشدا لاهور شێخ جەنگی، بە ئەندازیاری درووستكردنی پردی پەیوەندی نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەناسرێت و چەندین جار لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ برێت مەكگۆرك نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ جەنگی دژی داعش، پێشنیاز و داوای پاڵپشتیكردنی ڕۆژئاوای كوردستانی لێكردوون و هەر لەسەر پێشنیازی ئەو ئەمریكا بڕیاریدا كاروانی هاوكاریی سەربازی بۆ شەڕڤانان ڕەوانە بكات.

ژیانی حیزبی

لەسەر ئاستی حزبی، لەدوای نەخۆشكەوتن و كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، لاهور شێخ جەنگی، هاوشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، ڕۆڵی سەرەكی بینی لە ناو یەکێتیدا، و بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ یەكخستنەوەی یەكێتی و بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، دواتریش لە ڕۆژی 18/2/2020 لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆكی (ی.ن.ك) هەڵبژێردران.

دوورخستنەوە

لە هەشتی تەمووزی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەنێو حیزبدا ئەنجامدرا و بە شێوەیەکی نافەرمی لاهور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکایەتی دوورخرایەوە و لە ڕۆژی ١٥ـی تەمووز تەواوی دەسەڵاتەکانی لێ سەندرایەوە، لە ڕۆژی ٢٠٢١/١١/٢ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لاهور شێخ جەنگی لە ڕیزەکانی یەکێتی دوورخرایەوە.


سەرچاوەکان



1717 بینین