هۆکاری ڕاچڵەکینی منداڵ لە خەودا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-02-16:27:00 - کۆدی بابەت: 5720
هۆکاری ڕاچڵەکینی منداڵ لە خەودا

ناوه‌ڕۆك

ڕاچڵەکینی منداڵ لە خەودا

ڕاچڵەکینی منداڵ واتە کاتێک کە منداڵەکە خەوتووە لەناکاو لە خەو ڕادەچڵەکێت و دەگری، منداڵ بە گشتی شەوان ڕادەچڵەکێت و هەڵدەستێت لە خەو، ئەم ڕاچڵەکینە هۆکاری خۆی هەیە یان برسییەتی یاخود خۆی پیس کردووە و تەڕە پێویست دەکات کە پاکی بکەیتەوە، بەڵام هەندێک جار منداڵ هیچ کام لەم هۆکارانەی نییە و لەناکاو ڕادەچڵەکێت و دەگری بەردەوام.

ئەو هۆکارانەی وادەکەن منداڵ لە خەو ڕابچڵەکێت

  • هەندێک جار بەهۆی ئەوەی زۆر تێره یاخود زۆر برسییە ناتوانێت بخەوێت و ڕادەچڵەکێت.
  • پلەی گەرمی ژوورەکە گونجاو نەبێت، زۆر گەرم یاخود زۆر سارد بێت.
  • خەوتنی منداڵەکە لەسەر یەک شێواز، کە ڕادەچڵەکێت لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بێت و بێزاربێت و بیەوێت شێوازی پاڵکەوتنەکەی بگۆڕیت.
  • ئازاری گەدە و غازاتی ناوسکی منداڵەکە هۆکارێکی ترە.
  • منداڵەکە یان هیچ ماندووی خەو نییە، واتە ڕۆژەکە تەواو خەوتووە و ئێستا نایەوێت بخەوێت، یاخود ڕۆژەکە هیچ نەخەوتووە و خەوی ئێستای قەرەبووی ناکاتەوە و خەوی لێ تێکچووە، بۆیە گرنگە کە کاتی خەوی منداڵەکەت ڕێک بخەیت بە ڕۆژ و بە شەودا.
  • ڕاچڵەکین بەهۆی ترس لە تەنهایی، بۆیە گرنگە کە لەلای بیت و کاتێک دەزانیت لە تەنهایی دەترسێت نەهێڵیت کە بە تەنها بێت، باوەشی پێدا بکە و دڵنیایی بکەرەوە کە تۆ هەمیشە لە گەڵیدایت.
  • کاتێک منداڵ لە خەو هەڵدەستێت و بە چاوی داخراوەوە بەردەوام دەگری، ئەوا خەوی خراپی بینیووە و زۆر ترساوە.
  • هەستان لەخەو و دانیشتن و بەردەوام گریان کە لەم حاڵەتەدا تەواو ئاگای لەخۆی نییە، هۆکاری ئەمەش لەوانەیە ئەوە بێت کە بە ڕۆژدا تووڕەبوون لێی یاخود لە شتێک ترساوە و لە ژینگەیەکی لەباردا نەبووە.
  • نەخۆشیی هۆکارێکی ترە
  • هۆکارێکی تر هەرس نەبوونی خواردنەکەیە لە گەدەیدا، ئەمەش بەوە جیادەکرێتەوە کە منداڵەکە بە دەنگی بەرز ناقیژێنێت و ناگری بەڵکوو گریانەکەی هاوشێوەی هاوار کردنە و ماندوو دیارە و پێچیش لەخۆی دەدات.
  • کێشەی لووت گیران بەهەمان شێوە وادەکات منداڵ خەوی لێنەکەوێت و ڕابچڵەکێت، کە زۆرجار بەهۆی سەرمابوونەوە تووش دەبێت و لەم حاڵەتەدا جگە لە گریان گوێت لە دەنگی خیزە خیزی سەر سنگی دەبێت و هەروەها هەست بە لووت گیرانیشی دەکەیت.
  • ئازاری گوێ و قورگ و تا، ئەمانەش هۆکارن تاکوو منداڵ لە خەو ڕابچڵەکێنن.
  • هەندێک کات منداڵ لە تەمەنی شەش مانگیدا ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت کە خێزانەکەی بەجێی دەهێڵن و بە تەنهایە و ئەمەش وادەکات کە شەوان لە خەو ڕابچڵەکێت و بترسێت، لەم حاڵەتەدا لەباوەش کردن و یاری کردن لەگەڵی حاڵی باش دەکات.
  • هەروەها لەوانەیە منداڵەکە دوای ڕاچڵەکینی لە خەو دانەنیشێت لە شوێن خۆی و بسوڕێتەوە و یاخود ڕابکات، کە ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە بە ڕۆژدا زۆر دەجوڵێت.

چەند ڕێنماییەک بۆ دایکان

  • هەوڵبدە منداڵەکەت خۆراکێکی باشی هەبێت و تێر بخوات تاکوو لە خەودا بەهۆی برسییەتیەوە لە خەو ڕانەچڵەکێت.
  • واباشترە زۆرترین بڕی پێدانی شیر بە منداڵەکەت لە ڕۆژدا بێت، دوای ئەوەی کە منداڵەکەت گەشتە تەمەنێک کە توانی خواردنی جۆراوجۆریش بخوات نابێت خێرا و لەناکاو شیری خۆتی لێ ببڕیتەوە، پێویستە وردە وردە ئەو کارە بکەیت تاکوو بەتەواوی خەو و خۆراکی منداڵەکەت تێک نەدەیت.
  • هەوڵبدە کاتی خەوەکانی بە ڕۆژدا بە جۆرێک بۆ دابنێیت، کە بە تەواوی شەو کاتی خەو  ماندووببێت و بخەوێت.
  • هەموو شەوێک لە کاتێکی دیاریکراودا بیخەوێنە، نەک هەر شەوە و کاتێکی جیاواز.
  • ئەگەر لەناکاو منداڵەکەت ڕاچڵەکی، مەشڵەژێ و ئارامی بکەرەوە، لەلای بخەوە با دڵنیا بێت کە تەنها نییە و هیچ شتێک ناتوانێت ئازاری بدات و گڵۆپەکانیش بکەرەوە تاکوو نەترسێت.
  • لەوانەیە چەند هەفتەیەک درێژە بکێشێت تاکوو ڕابێت لەگەڵ جۆرە ڕۆتینێکی خەودا بەڵام کێشە نییە و بەردەوامبە.


سەرچاوەکان



7881 بینین