بۆچی کۆرپە توشی زەردووی ئەبێت؟

له‌لایه‌ن: - محمد ادریس محمد ادریس - به‌روار: 2024-07-06-18:37:00 - کۆدی بابەت: 13448
بۆچی کۆرپە توشی زەردووی ئەبێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زەردوویی لە تازە لەدایکبوواندا (بە ئینگلیزی: jaundice in newborn، بە عەرەبی: يرقان الرضع) بریتییە لە زەردبوونی ڕەنگی پێست و چاوی منداڵ دوای لەدایکبوون، زەردوویی منداڵ دوای لەدایکبوون بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە بیلیڕوبین کە لە خوێندا هەیە لە سەرەتای لەدایکبوون دروست دەبێت.

بۆچی کۆرپە توشی زەردووی ئەبێت؟ زەردوویی بەهۆی کۆبوونەوەی بیلیروبین لە خوێندا ڕوودەدات،  بیلیروبین ماددەیەکی زەردە لە کاتی تێکچوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کە ئۆکسجین دەگوازنەوە بۆ لەش بەرهەم دێت. زەردوویی لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا زۆرە چونکە کۆرپە ژمارەیەکی زۆر خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان لە خوێندا هەیە، کە زوو زوو دەشکێن و دەگۆڕدرێن.

هەروەها جگەری منداڵی تازە لەدایکبوو بە تەواوی گەشەی نەکردووە بۆیە کەمتر کاریگەرە لە دەرهێنانی بیلیروبین لە خوێندا.
تا ئەو کاتەی کۆرپە نزیکەی دوو هەفتە دەبێت، جگەر کارامەتر دەبێت لە پرۆسێسکردنی بیلیروبین، بۆیە زۆرجار زەردوویی تا ئەم تەمەنە خۆی ڕاست دەکاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێبکەوێتەوە.

نیشانەکانی زەردوویی لە منداڵی تازە لەدایکبوو

دیارترین نیشانەی زەردوویی بریتییە لە دروستبوونی ڕەنگی زەرد لەسەر پێستی منداڵەکەت، کە هەندێک جار جیاکردنەوەی قورسە لەسەر پێستی قاوەیی یان تۆخ، ڕەنگە ئاسانتر ڕەنگی زەرد لە سپێنەی چاویان یان ژێر زمانیان دەستنیشان بکرێت، بە زۆری زەردوویی لە دەموچاوەوە دەست پێدەکات، کاتێک ئاستی بیلیروبین لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، ڕەنگی زەردەکە دەچێتە سنگ و گەدە، دواتر لە کۆتاییدا بۆ قاچ و قۆڵیش دروست دەبێت.

چارەسەری زەردوویی منداڵی تازە لەدایک بوو

لە زۆر حاڵەتدا زەردوویی لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەدا خۆی نامێنێت. پزیشکەکەت بڕیار دەدات کە ئایا منداڵەکەت دەبێت چاوەڕێ بکات یان دەست بە چارەسەرکردن بکات، سێ ڕێگای چارەسەرمان هەیە:

ژەمی زیادە: زیاتر خواردنی شیری دایک یان شیری قوتو که یارمەتی منداڵەکەت دەدات بۆ ئەوەی زووتر پیسایی بکات، ئەمەش ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە لابردنی بیلیروبین لە جەستەدا.

چارەسەری ڕووناکی: دکتۆر منداڵەکەت دەخاتە ژێر گڵۆپی شین و سەوزەوە، كه دەتوانێت یارمەتی بیلیروبین بدات لە ڕێی میزەوە جەسته جێ بهێڵێت.

ئاڵوگۆڕی گواستنەوەی خوێن: ئەگەر منداڵەکەت تووشی زەردوویی توند بوو کە بە ڕێگاکانی تر چارەسەر نەبوون، لەوانەیە پێویستی بە گواستنەوەی خوێن هەبێت کە پێی دەوترێت گواستنەوەی ئاڵوگۆڕ، لەم ڕێکارەدا پزیشکەکەت چەندین جار بڕێکی کەم لە خوێنی کۆرپەکەت دەکێشێتەوە و خوێنی بەخشەرێک لە شوێنی دادەنێت.

پاراستنی کۆرپە لە زەردوویی

باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی کۆرپە لە زەردوویی دڵنیابوونە لەوەی کە خۆراکی پێویستیان دەستدەکەوێت، پێویسته کۆرپە لە ڕۆژه سەرەتاییەکانی ژیانیدا، ئەوانەی شیری دایک دەخۆن ڕۆژانە ٨ بۆ ١٢ جار شیری خۆیان بخۆن، ئەو کۆرپانەی کە شیری قوتویان پێدەدرێت، بە زۆری پێویستە لە هەفتەی یەکەمی ژیانیاندا هەر دوو بۆ سێ کاتژمێر جارێک یەک بۆ دوو ژمارە شیر وەربگرن

تێبینی گرنگ 

ئەگەر منداڵێک کە ڕێژەی بیلیروبینی زۆر بەرز بێت و چارەسەر نەکرێت، مەترسی ئەوە هەیە کە تووشی تێکچوونی هەمیشەیی مێشکی ببێت. لە هەموو حاڵەتێکدا پێویسته ئاگاداری کۆرپەکەت بیت و چاودێری بکەیت.


سەرچاوەکان



188 بینین