سیفەت و تایبەتمەندیەکانی پێغەمبەران

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-09-13:36:00 - کۆدی بابەت: 5804
سیفەت و تایبەتمەندیەکانی پێغەمبەران

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندیەکانی پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) چین؟

پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) ئەو کەسانەن کە لەلایەن خودای گەورەوە هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی پەیامی خودای گەورە بگەیەنن بە مرۆڤایەتی و فەرمانیان پێبکەن کە خودای گەورە بپەرستن و هیچ هاوەڵێکی بۆ بڕیار نەدەن, وە بە ئاگایان بهێننەوە لە ڕۆژی دوایی و بەهەشت و دۆزەخ, هەر بۆیە پێویستە پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) کۆمەڵێک سیفەت و تایبەتمەندییان هەبێت کە تایبەتبێت پێیانەوە, چونکە ئەوان پەیامبەری خودای گەورەن, پێغەمبەرانیش وەک ئێمە مرۆڤن بەڵام ئەوان سرووش (وەحی)ـیان بۆ دێت, کە ئەمەش لە مرۆڤەکانی تریان جوودا دەکاتەوە, ئەگەرنا وەک مرۆڤی ئاسایی هەست و نەست و غەریزەیان هەیە, ئەوانیش دڵخۆشدەبن, بێتاقەت دەبن, نان دەخۆن, دەچنە بازاڕ, هاوسەرگیری دەکەن, تەنها جیاوازی ـیان لەگەڵ مرۆڤی ئاسایی ـدا ئەوەیە کە ئەوان سرووش (وەحی) ـیان بۆ دێت, وەک خودای گەورەش دەفەرموێت: (قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ يُوحَى إِلَيَّ أَنَّمَا إِلَهُكُمْ إِلَهٌ وَاحِدٌ) (الکهف: 110)

نابێت پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) هەندێک نەخۆشی و سیفەت ـیان هەبێت کە زەرەر و زیان لە کاری پێغەمبەرایەتی ـیان بدات, وەک: شێتی, گەڕی, گولی, یان ئەو نەخۆشییانەی کە وادەکات خەڵک لێی دوورکەوێتەوە, وە ئەوەشی دەربارەی پێغەمبەر ئەیوب (سەلامی خودای لەسەربێت) هاتووە کە تووشی نەخۆشییەکی ئێجگار قورس بووە و خەڵک هەمووی لێی دوورکەوتووەتەوە و لێی ڕاکردووە ڕاست نیە و نەچەسپاوە و نەسەلماوە.

ئەو سیفەتانەی کە پێویستە لە پێغەمبەراندا هەبێت (سەلامی خودایان لەسەربێت)

ڕاستگۆیی

ڕاستگۆیی یەکێکە لەو سیفەتە پێویستیانەی کە پێویستە هەبێت لە پێغەمبەراندا (سەلامی خودایان لەسەربێت), پێغەمبەران پێش ئەوەی ببنە پێغەمبەر و پاش ئەوەی بوونەتە پێغەمبەر کەسانێکی ڕاستگۆ بوون, هەرگیز نابێت پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) کەسانێکی درۆزن بن, چونکە ئەوکات خەڵکی گومان لەوە دەکەن کە لەلایەن خودای گەورەوە هێناویانە, خودای گەورە هەمیشە بەڵگە و نیشانە و موعجیزەی بە پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) بەخشیوە کە نیشانە بووە لەسەر ڕاستگۆیی ـیان.

دەستپاکی

سیفەتی دەستپاکی سیفەتێکی گرێدراوە بە ڕاستگۆییەوە, چونکە ناکرێت کەسێک درۆزن بێت و لە هەمان کاتدا دەستپاک بێت, هەر بۆیە ناکرێت ئەو پێغەمبەرەی کە خودای گەورە هەڵیدەبژێرێت کەسێکی ناپاک و خیانەتکار بێت, وە پاڵپشتیکردنی خودای گەورە بۆیان ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوان دەستپاکبوون, لە دەستپاکی ئەوان ئەوە بووە کە پەیامەکەی خودای گەورەیان بە جوانترین شێوە گەیاندووە, وە کەسانێک بوون کە پارێزراو بوون لە گوناهـ و گوناهیان ئەنجامنەداوە, جا چ گوناهی بچووک بووبێت یان گەورە.

گەیاندنی پەیامی خودای گەورە

ئەمە سەرەکیترین ئامانجی پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت)ـە, ئەگەر وا نەبوایە ئەوە ناردنیان بێ هۆ دەبوو, ئەمەش لە ڕەحمەتی خودای گەورەیە بەسەر خەڵکیەوە کە لە خۆیان پێغەمبەری بۆ ناردوون بۆ ئەوەی گە ئاگاداریان بکاتەوە و ڕێنموویان بکات بۆ ڕێی ڕاست, پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) بۆ ئەوە هاتوون مرۆڤایەتی ئاگاداربکەنەوە کە خودای گەورە بە تەنیا بپەرستن و هیچ هاوەڵێکی بۆ بڕیار نەدەن, و خەڵکی ئاگار دەکەنەوە کە فەرمان بە چاکە بکەن و ڕێگری لە خراپە بکەن، هاتوون بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە باوانە بدەنەوە کە مرۆڤ دێت بە مێشکیدا و دەیکات, لەوانە: من لە کوێوە هاتووم؟, کارم چیە لێرە؟, بۆ کوێ دەڕۆم؟, پاش مردن چی ڕوودەدات؟, و هتد.

گەیاندنی پەیامی خودای گەورە لەلایەن پێغەمبەرانەوە (سەلامی خودایان لەسەربێت) لەسەر چەند بنەمایەک بەندە, لەوانە: پێویستە بانگەوازەکەیان بۆ هەموو مرۆڤەکان بێت بە گشتی و بەو شێوە ڕاستەی کە هەیە, وە گەیاندنی بە زانست و زانیاریەوە لەگەڵ ڕەچاوکردنی لایەنی بیر و هۆش و دڵ و دەروونی, بنەمایەکی تر ئەوەیە کە پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) پێویستە چاوەڕێی هیچ پاداشتێک لە هیچ کەسێک نەکەن, دەبێت بەس چاوەڕێی پاداشت بە تەنیا لە خودای گەورە بکەن, وە هەر خۆشیان ئەوەیان بە خەڵکی ڕاگەیاندووە لەکاتی گەیاندنی پەیامی خودای گەورەدا, وەک لە قورئاندا هاتووە لەسەر زمانی پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت): (إِن أَجرِيَ إِلّا عَلَى اللَّـهِ) (هود: 29), واتە: پاداشتی من لەسەر خودای گەورەیە و هەر زاتی پیرۆزی خۆی پاداشتمان دەداتەوە, وە بنەمای کۆتایی ئەوەیە کە پێویستە دەرئەنجانی گەیاندنی پەیامەکەیان بسپێرن بە خودای گەورە, بەو واتایەی کە ئەوان بە تەنیا گەیاندنیان لەسەرە, پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) زۆر ماندووبوون لە گەیاندنی پەیامی خودای گەورەدا و زۆر ناڕەحەتی ـیان چەشتووە لەو پێناوەدا.

زیرەکی و بیرتیژی لە گەیاندنی پەیامی خودای گەورەدا

پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) کەسانێکن کە زیرەکن, بە جوانی پەیامی خودای گەورە دەگەیەنن بە خەڵکی بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دوای گلەیی لەوە نەبێت کە پێغەمبەرەکەی پەیامەکەی بە جوانی نەگەیاندووە, وەک خودای گەورە لە وەسفی پێغەمبەراندا (سەلامی خودایان لەسەربێت) دەفەرموێت: (رُسُلًا مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ لِئَلَّا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللَّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ) (النساء: 165) ,وە ئەمەش سیفەتێکی گرنگە لە پێغەمبەراندا (سەلامی خودایان لەسەربێت), چونکە لەم ڕێیەوە پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) بە جوانی پەیامی خودای گەورە دەگەیەنن و بە شێواز و ڕێگەی جۆراوجۆر هەوڵ لەگەڵ گەلەکەیان دەدەن بۆ ئەوەی باوەڕ بە خودای گەورە بهێنن, بەڵگەی قایلکەر دەخەنە ڕوو, قسەکانیان قایلکەرە, گومانەکان دەڕەوێننەوە.

پارێزراو بوون لە گوناهـ

کە ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە خۆیان لە گوناهـ و تاوان بپارێزن, چونکە پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) پێشەنگن و نابێت لەو کەسانە بن کە تاوان ئەنجامدەدەن, چونکە خەڵک تەماشای ئەمان دەکەن و دەیانکەنە پێشەوا و نموونەیەک بۆ خۆیان, پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) لە گوناهـ بە دووربوون, بە بچووک و گەورەیەوە, بە ئاشکرا و نهێنیەوە.

تایبەتمەندی  پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت)

پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) لەگەڵ ئەوەی کە وەک هەرکەسێکی ئاسایی تر مرۆڤ بوون و کاری ڕۆژانەی خۆیان وەک هەرکەسێکی تر ئەنجامداوە, بەڵام ئەمان پێغەمبەرن (سەلامی خودایان لەسەربێت), خودای گەورە لەنێو هەموو مرۆڤەکاندا هەڵیبژاردوون بۆ ئەوەی پەیامەکەی بە جوانی بگەیەنن, لەگەڵ ئەوەشدا هەندی سیفەت و تایبەتمەندی خۆیان هەیە.

پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) پارێزراو بوون لە گوناهـ کردن, وە پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەربێت) تەنیا لە پیاوان بوون, لە دوای خۆیان هیچ شتێکیان بە میراتی بەجێ نەهێشتووە, کاتێک کە خەوتوون تەنیا چاویان خەوتووە, دڵیان بەخەبەر بووە, لە کاتی گیان کێشانیاندا سەرپشک کراون لە هەڵبژاردنی دونیا و دواڕۆژدا, وە لە هەر کوێدا کۆچی دوایی بکەن ئەوە ئەو شوێنە دەبێتە مەنزڵگە و گۆڕیان, خودای گەورە ڕێگری لە زەوی کردووە کە جەستەیان بخوات, وە لە پاش خۆیان کەس ناتوانێت خێزانەکانیان بخوازێت.


سەرچاوەکان



4350 بینین