کەرکووک

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-07-13-22:54:00 - کۆدی بابەت: 5874
کەرکووک

ناوه‌ڕۆك

شوێنی جوگرافی کەرکووک

شاری کەرکووک دەکەوێتە باکووری عێراق و باشووری کوردستانەوە، پێنجەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە نزیکەی ملیۆنێك کەسی تێپەڕاندووە، ڕووبەرەکەی نزیکەی هەزار کیلۆمەتر دووجایە و 250 کیلۆمەتر لە پایتەختی عێراقەوە دوورە.

هەروەها لە گرنگترین شارە نەوتییەکانی عێراقە، هەربۆیە شارێکی بە بایەخە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سامانە نەوتییەکانییەوە، کۆنترین شارە نەوت بەرهەم دەهێنێت و خاکەکەی زۆر دەوڵەمەندە.

پێکهاتە و ژمارەی دانیشتوان

شاری کەرکووک تێکەڵەیەكە لە نەتەوە جیاوازەکانی كورد و عەرەب و تورکمان، ئەگەرچی لە سەدەی ڕابردوودا بە پێی بەڵگە مێژووییەکەی سەرژمێری دانیشتوانی کەرکووک لە ساڵی1957 سەلماندی و خستیە ڕوو کە زۆرینەی دانیشتوانی کەرکووک کوردبوون و لە پلەبەندی یەکەمبوون لە ڕووت پێکهاتەی شارەکە لەو کاتەدا، هەر ئەمەش بووە هۆکار کە لە سەدەی ڕابردوودا چەند گۆڕانکارییەکی گرنگی دیمۆگرافی لە ناوچەکە ڕووبدات بەتایبەت لە دوای دۆزینەوەی نەوت لەسەر خاکەکەی، حکومەتی عێراقی درکی بە گرنگی ناوچەکە کرد لەڕووی ئابووری و سامانی سروشتییەکانەوە بۆیە بڕیاری بە بەعەرەبکردنی شارەکە درا بە چەندان قۆناغ و شێواز کە تا ئێستا بەردەوامیی هەیە، سەپاندنی کولتوور و زمانی عەرەبی بە زەبری هێز، ڕاوەدوونان و شاربەدەرکردنی کوردان، جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە خواروو و ناوەڕاستی عێڕاقەوە، هەربۆیە عەرەب زەوی و موڵکی زۆربەی کوردانی داگیرکرد.

ئەم بەڵگەیە ئەوپەڕی شۆڤێنیستی بەعسی وڵاتی عێراق دەردەخات کە چۆن هەوڵی لەناو بردنی شوناسی کوردیان داوە و دەربەدەریان کردوون و هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی کوردیان داوە، لە ئێستادا عەرەب یەکەم پێکهاتەی شارەکەیە، پاشان کورد و دوای ئەوان تورکمان و کەمینەیەك لە مەسیحییەکان لەو شارەدا نیشتەجێن.

گرینگی نەوتی کەرکووک

  • بابا گوڕگوڕ
  • چەمبوور
  • بای حەسەن
  • ئاڤانە
  • کێوەبۆر

لە ساڵی 1927 یەکەمین کێڵگە نەوتی لە ناوچەی بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک دۆزرایەوە ، هەر لەو کاتەوە دەستکرا بە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک.

نەوتی کەرکووک چەند تایبەتمەندییەكی گرنگی هەیە لەوانە چڕی نەوتەکەی زۆر کەمە ئەمە تایبەتمەندییەکی زۆر بەپێزە بۆ بەها و جۆری نەوتەکە، هەروەها گازی گۆگردی هایدرۆجینی H2S تێدایە کە  پێویستی بە چەند پرۆسەیەکی چارەسەریی هەیە بۆ ئەوەی ئەو گازە لە نەوتەکە جیابکرێتەوە.

ڕۆژانە نزیکەی 100 بۆ 150 هەزار بەرمیل لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکووکەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، هەروەها دیاردەیەکی زۆر دەگمەن و نامۆ بەدیدەکرێت لەم شارە ئەویش بوونی ئاگرێکی هەمیشە داگیرساو بە بڵێسە لە ناوچەی باباگوڕگوڕ هۆکاری ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند بۆشایی و شکانییەك لە چینەکانی زەوی لەو ناوچەیە و دەرچونی چەند جۆرە گازێك لەو درزانەوە بووەتە هۆی بەردەوامیدان بەو ئاگرە بۆیە پێی دەوترێت ئاگری هەمیشەیی نەمر.

گرینگترین شوێنەوە مێژووییەکانی کەرکووک

قەڵای کەرکووک

گرینگترین شوێنەواری مێژوویە لە کەرکووک کە لە لایەن پاشای ئاشوریی ناسربالی دووەم بنیاتنراوە 800 ساڵ پێش زایین، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان وەکو بنکەی سەربازگە بەکارهێنراوە.

بازاڕی قەیسەری کەرکووک

نزیکە لە قەڵای کەرکووکەوە لە ساڵی 1855 دروستکراوە، لەلایەن عوسمانییەکانەوە، شێوازی بنیاتنانی چەند هێمایەکی تیایە بەڵگە و نیشانەیە بۆ کات، 365 دوکان لەخۆ دەگرێت کە هێمای ڕۆژەکانی ساڵە، 24 لق و بەشی هەیە هێمایە بۆ کاژێرەکانی ڕۆژ، لە بەشی سەرەوەی 12 ژووری بچوکی تێدایە هێمایە بۆ ژمارەی مانگەکانی ساڵ، 7 دەرگای سەرەکی هەیە هێمایە بۆ ڕۆژەکانی هەفتە

مزگەوت و مەزارگەی پێغەمبەر دانیاڵ

یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکانی شاری کەرکووک ڕووبەرەکەی 400 مەتر دووجایە و جێگەی 150 نوێژخوێن لەخۆ دەگرێت، وادەنرێت گۆڕی پێغەمبەر دانیاڵ لەو مەزارەیە، هەر بۆیە پێگەیەکی پیرۆز و مەزنی هەیە لەلای هەندێک لە موسوڵمانی شارەکە.

مزگەوتی مەجیدییە تەکێی تاڵەبانییەکان

مزگەوتەکە ناوەندێکە بۆ  فێربوون و لەبەرکردنی قورئان، مزگەوتێکی پیرۆزە لە ساڵی 1745 زاینی لایەن شێخ مەلا مەحموود زەنگەنە بنیاتنراوە ڕووبەرەکەی 5000 مەتر دووجایە لە ناوچەی ئیمام قاسم، ئەم مزگەوتە مەزارگەی چەند کەسایەتییەکی پیرۆزی شارەکەیە لەوانە:

  • شێخ محمود زەنگەنە
  • شێخ ئەحمەد تاڵەبانی
  • عەبدولڕەحمان خالید قادری


سەرچاوەکان



11143 بینین