سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-26-16:32:00 - کۆدی بابەت: 6055
سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران

ناوه‌ڕۆك

سزا چییە؟

سزا هۆکارێکی فشارە کە دەوڵەت یان کۆمەڵە دەوڵەتێک دژی وڵاتێکی دیکە بەکاری دێنن، شێوازی کارکردنیان بریتییە لە ڕێگری کردن لە کۆمپانیاکانی خاوەن سزا بۆ ئەوەی کاڵا هەناردەی ئەو وڵاتە بکەن کە سزاکەی لەسەر جێبەجێکراوە، یاخود ڕێگریکردن لەو لایەنانەی کە بە ئامانجگیراون کە مامەڵەکانیان لە نێو بانکە ئەمریکییەکاندا ئەنجام بدەن، ئەم سزایانە تەنها وڵاتان ناگرنەوە، بەڵکو دەکرێت تاکەکانیش بە ئامانج بگرێت.

بۆچی وڵاتان پەنا دەبەنە بەر سزا؟

دەتوانیت سزا بخەیتە سەر وڵاتێکی دیکە لەبەر ئەوەی کە دەتەوێت گۆڕانێک لە هەڵسوکەوتی ئەو ولاتەدا ببینیت، بیرۆکەی سزادان ئەوەیە کە دەبێتە هۆی تووڕەکردنی دانیشتوانی وڵاتی بەئامانجگیراو و دەست دەکەن بە فشارخستنە سەر حکومەتەکەیان تا کارێک بکات دەربارەی ئەم سزایە.

وڵاتانی بەئامانجگیراویش دەتوانن وەک تۆڵەیەک سزای پێچەوانە بخەنە سەر لایەنی بەرامبەر، بۆ نموونە لە ساڵی 2014 ڕووسیا ئەم کارەی کرد وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ سزاکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر وڵاتەکە.

سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران

سزا ئەمریکییەکان دژی ئێران بریتین لەو سزا ئابووری و بازرگانی و زانستی و سەربازیانەی کە دژی ئێران گیراونەتەبەر و ئۆفیسی ئەمریکی بۆ چاودێری قەباڵە بیانییەکان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا سەپاندوونی بەسەر ئێراندا.

هۆکاری ئەم سزایانەش ناکۆکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لەسەر ئەو خاڵانەی باسکران، بە تایبەت لە بواری سەربازیدا کە حکومەتی ئێران دەیەوێت پەرە بە بەرنامە مووشەکی و ناوکییەکانی بدات، هەروەها هاوکاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێشکەش بە نەیار ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی دەکات.

سزا بانکییەکان

دامەزراوە داراییە ئێرانییەکان ڕێگریان لێ دەکرێت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگەن بە سیستمی دارایی ئەمریکی، بەڵام ڕێگەی پێدەدرا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم کارە بکات لە ڕێگەی بانکی وڵاتانی دیکەوە.

لە ساڵی 2006ـدا حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی هەناردەکانی ئێراندا سەپاند و ڕێگەی لە هەموو جۆرە مامەڵەیەکی نێوان بانکەکە و بانکە ئەمریکییەکان گرت، تەنانەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش، وەکیلی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ''ستیوارت لیڤی'' بانکی سەرەکیی ئێرانی بە ناردنی پارە بۆ کۆمەڵە لایەنێکی وەک ''حزب اللە'' تۆمەتبار کرد لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەنگاوەدا، لەم ڕاگەیاندراوەدا ناوبراو گوتی کە وەک حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدەن بانک و دامەزراوە داراییەکانی ئەوروپاش ڕازی بکەن تاوەکو مامەڵە لەگەڵ ئێران نەکەن.

لە 11-2007ـیشەوە بانکە ئێرانییەکان قەدەغەیان بەسەردا سەپێنرا و ڕێگەیان لێگیرا کە پارە بنێرن و وەربگرن لە بانکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، لە نێوانیاندا:

  • بانکی ''سبە''
  • بانکی هەناردەکانی ئێران
  • بانکی میللی ئێران
  • بانکی ''کارگشایی''
  • بانکی ''ئارین''

کاریگەرییەکان

دیارترین کاریگەرییەکانی سزا ئەمریکییەکان کاڵا سەرەکییە گرانبەهاکان دەگرنەوە، وەک توانای ئێران بۆ کڕینی فڕۆکە کە بە دەستبەستراو دادەنرێت و ئێستا خاوەنی کۆمەڵێکی کۆنی فڕۆکەیە، ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆتە هۆی تێکشکانی 17 فڕۆکە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا، لەم ڕووداوانەشدا نزیکەی 1500 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەلامەتیی فڕۆکەوانی وڵاتەکە کەوتۆتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە.

بەڵام بەپێی توێژینەوەکان سەرەڕای ئەوەی کاریگەریی ئابووریان لەسەر ئێران گەورە بووە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە، بەپێی ئەنجومەنی بازرگانیی نیشتیمانیی دەرەکیی ئەمریکا، لە مەودای مامناوەنددا، لابردنی سزا ئەمریکییەکان لەسەر ئێران و ئازادکردنی سیستمی ئابووری ئێرانی کۆی بازرگانی ئێران بە ڕێژەی 61 ملیار دۆلاری ساڵانە دەبوژێنێتەوە (بە پێوەری نەوتی جیهانیی ساڵی 2005 کە 50 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش بەهای 31٪ زیاد دەکات بۆ کۆی داهاتی گشتی ئێرانی.

لە کەرتی نەوت و گازیشدا بەرهەم  فراوان دەبێت و بە ڕێژەی 25 تا 50٪ زیاد دەکات (کە دەبێتە هۆی گەشەکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانی بە ڕێژەی 3٪)

سکاڵای ئێران دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان

ئێران لە 6-7-2018ـدا سکاڵایەکی لە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەک ناڕەزایەتییەک بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئەمریکییەکان لەسەری پاش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە.

ئێران لە سکاڵاکەدا ئەمریکای بەوە تۆمەتبار دەکرد کە (گەمارۆیەکی ئابووری) خستۆتە سەری، دادگای دادی نێودەوڵەتی تەماشای سکاڵاکەی کرد و دانیشتنەکان دەربارەی ماوەی چوار ڕۆژی خایاند لە ڕۆژی 27-8-2018ـەوە و دانیشتنە زارەکییەکان بەردەوام بوون.

لە 3-10-2018ـدا دادگای دادی نێودەوڵەتی بڕیاری خۆی دەکرد دەربارەی سکاڵاکە و فەرمانی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد ئەو سزایانە نەهێڵێت کە ئەو کاڵایانە بەئامانج دەگرێت (کە بەهای مرۆییان هەیە)، هەروەها فەرمانیدا کە نابێت سزا ئەمریکییەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر هاریکارییە مرۆییەکان و سەلامەتیی فڕۆکەوانی.


سەرچاوەکان



1025 بینین