چەند پرسیار و وەڵامێک لەسەر پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-30-15:59:00 - کۆدی بابەت: 6110
چەند پرسیار و وەڵامێک لەسەر پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

پڕۆسەی پێداچوونەوەی قورئان لە لەبەرکردن گرنگترە, چونکە لەبەرکاری قورئان یەکجار قورئان لەبەر دەکات, بەڵام چەندەها جاری زۆر پێداچوونەوەی بۆ دەکات تا کاتێک کۆچی دوایی دەکات, هەر بۆیە گەر پێداچوونەوە نەبێت ئەوا پەنا بە خودای گەورە ئەوەی لەبەرمان کردووە لەبیرمان دەچێتەوە.

چۆن پێداچوونەوە بکەم؟

زۆر ڕێگە و شێواز هەیە بۆ پێداچوونەوەی قورئان, دەتوانیت بە تەنیا خۆت پێداچوونەوە بکەیت, ڕۆژانە ئەو بەشەی پێویستە پێداچوونەوەی بکەیت ئەنجانی بدە و تەمەڵی تێدا مەنوێنە, دەتوانیت لەگەڵ کەسێکی نزیکتدا یا هاوڕێیەکی قورئانیت ـدا پێکەوە پێداچوونەوە بکەن, یا دەتوانیت لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تردا پێکەوە بە کۆمەڵ پێداچوونەوە بکەن, پێکەوە بازنەیەک دروست بکەن و پێداچوونەوەی سورەتێک یا جوزئێک بکەن و هەر یەکێک و ئایەتێک بخوێنێت, و بەو جۆرە, بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەتوانی خوێنەری بابەتی (شیوازەکان و چۆنیەتی پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز) بیت.

چۆن ئەو جوزئە تازەی لەبەرم کردووە زەبتی بکەم و لەبیرم نەچێتەوە؟

پێویستە کە هەر جوزئێکت تەواو کرد نەچیتە جوزئی پاش ئەوە تا ئەو کاتەی ئەو جوزئە بە جوانی تەواو دەکەیت, بۆ ئەم مەبەستەش وا باشترە کە دوای تەواوبوونی هەر جوزئێک سێ تا چوار ڕۆژ هیچ لەبەر نەکەین بەڵکو تەنها پێداچوونەوە بۆ ئەو جوزئە بکەیت کە تازە لەبەرت کردووە, پاشان هەموو جوزئەکە لەیەک جەلسەدا بۆ مامۆستاکەتی بڵێ, پاشان با مامۆستاکەت تاقیکردنەوەیەکت بکات, پاش ئەوە بچۆرە سەر جوزئی تازە, بەم شێوە تۆ زۆر بە جوانی ئەو جوزئە تەواو دەکەیت.

من زۆر لە پێداچوونەوەی قورئان دەترسم

ئەم کێشەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تۆ پڕۆسەی لەبەرکردنەکەت باش نەبووە, واتە بناغەکەت کێشەی تێدایە, بۆیە ئەوەی لەبەرتە سێ بەشە: یان زۆر جوان لەبەرتە یان وەسەتە یان زۆر خراپە, ئەوەی خراپە پێویستە لەبەر بکرێتەوە, ئەوەیشی کە باشە تەنها پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە, ئەوەیشی کە وەسەتە دەبێت بزانی ئایا بەلای ئەوەدا لادەدات کە خراپە یا چاکە, پاشان گەر خراپ بوو دووبارە لەبەری دەکەیتەوە, و گەر باشیش بوو ئەوە تەنها پێداچوونەوەی دەوێت, لەوە دەچێت ناخۆش بێت لەسەر دڵ و دەروونت کە دووبارە ئەو سورەت و جوزئانە لەبەر بکەیتەوە, بەڵام ئەمە وەک دەرمانێکی تاڵ وایە, گرنگ ئەوەیە کە تۆ بەم دەرمانە کێشەکەت چارەسەر بکەیت بە پشتیوانی خودای گەورە, جارێکی تر دەست بکەیتەوە بە لەبەرکردنی ئەوەی کە بە خراپی لەبەرت بوە باشترە لەوەی کە هەمووی تەواو بکەیت و هێشتای ئەو سورەت و جوزئانە مابێت و لەبەرت نەکردبێت.

من تەنها قورئان لەبەر دەکەم, بە هیچ شێوەیەک پێداچوونەوەم نیە, چی بکەم باشە؟

تۆ پێویستە خشتەی ڕۆژانەت هەبێت, واتە بزانیت کە ڕۆژانە بەپێی ئەو جوزئانەی کە لەبەرتە بەشێک لە قورئان پێداچوونەوەی بکەیت, هەوڵبدە ئەوەی کە لەبەرتە لە  10 بۆ 20 ڕۆژدا خەتمێکی بکە, وە بە ئیزنی خودای گەورە دوای هەر خەتمێک تۆ باشتر دەبیت.

ناتوانم ئایەتەکان و سورەتەکان پێکەوە ببەستمەوە, چارەسەری ئەمە چیە؟

وا باشترە کە بە وەصلەوە قورئان لەبەر بکەیت, هەروەها ڕۆژانە یەکەم ئایەتی ڕۆژی دواتر لەبەر بکە بۆ ئەوەی بەشی لەبەرکراوی ئەمڕۆ و سبەینێ لە مێشکتدا پێکەوە ببەسترێت.

کاتێک پێداچوونەوە وا هەست دەکەم کە هەڵەی زۆر دەکەم, چارەسەری ئەم حاڵەتە چییە؟

ئەمە حاڵەتێکی تا ڕادەیەک ئاساییە و ئەو هەستە بۆ زۆر کەس دروست دەبێت, هەر بۆیە ئاگات لە خۆت بێت شەیتان و نەفسی بەدکار لەم دەرگایەوە دوودڵیت بۆ دروست نەکەن, لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بزانی کە باشترین چارەسەر بۆ ئەمە ئەوەیە کە هەرگیز لە پێداچوونەوەی ڕۆژانە دانەبڕێیت, واتە پێویستە بەردەوام پێداچوونەوەت هەبێت, بەو شێوەیە هەرجارێک نۆرەی ئەو سورەتە هاتەوە هەڵەی کەمتری تێدا دەکەیت, لەگەڵ هەر خەتمێکدا کە دەیکەیت بەشێک لە هەڵەکانت کەم دەبێتەوە, بەم شێوەیە بە پشتیوانی خودای گەورە ڕۆژێک دێت کە هەموو سورەتەکە یا جوزئەکە وەک سورەتی فاتیحە بەبێ هەڵە دەخوێنیت.

قورئانم تەواو کردووە, بەڵام هەڵە زۆر دەکەم ئایەتە هاوشێوەکان, چارەسەری ئەم حاڵەتە چییە؟

پاش ئەوەی کە هەموو قورئان لەبەردەکەیت, ماوەیەکت پێویستە بۆ ئەوەی سورەتەکان و جوزئەکان پێکەوە ببەستیتەوە, بە تایبەتتر ئایەتە هاوشێوەکان, بۆیە بە هەمان شێوە باشترین چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە زۆر پێداچوونەوەیە, پاش ئەوەی لە لەبەرکردنی قورئان تەواوبوویت, هەوڵ بدە 10 ڕۆژ جارێک پێداچوونەوەی هەموو قورئان بکەیت, کە بەو شێوازە دەوترێت خەتمێکی پڕ لە تەرکیز, کە لە ماوەی 10 ڕۆژدا ڕۆژانە 3 جوزء بە لەبەر پێداچوونەوە دەکەیتەوە, بەم شێوە وات لێدێت کە زۆر بە توانا و لێهاتوو دەبیت لە قورئاندا, دەشتوانیت سوود لە کتێبی ئایەتە هاوشێوەکان وەربگریت بۆ ئەوەی زیاتر ئەو ئایەتانە پێکەوە ببەستیتەوە.


سەرچاوەکان



2076 بینین