ئەنوەر شێخە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-15-20:23:00 - کۆدی بابەت: 6313
ئەنوەر شێخە

ناوه‌ڕۆك

دکتۆر ئەنوەر شێخە

د.ئەنوەر شێخە لە ساڵی 1953 لە گەڕەكی حاجی حان لە سلێمانی لە دایكبووە و لە ئامادەیی سلێمانی خوێندنی ئامادەیی تەواو كردووە و پاشان بە نمرەیەكی زۆر باشەوە لە كۆلێژی پزیشكی بەغدا وەرگیراوە، دوای تەواوكردنی كۆلیژ بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزتر ڕوو لە وڵاتی بەریتانیا دەكات و تا ئێستا خاوەنی هەشت بڕوانامەی پزیشكی و 52 توێژینەوەیە.

دواتر ئەنوەر شێخە دەچێتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ فێربوونی زانستی پزیشكی چاندنی مۆخی سووری خوێن و دواتر بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و دامەزرێنەری نەخۆشخانەكانی شێرپەنجەی هیوا و نانەكەلییە لە سلێمانی و هەولێر و بە باوكی نەخۆشییەكانی خوێن ناسراوە.

زیاتر لە ١٢٠ پزیشكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی خوێنی بەرهەمهێناوە و خۆی پێیان دەڵێت بەچەکانم واتە منداڵەکانم، و لە نەخۆشخانەكانی هیوا و نانەكەلی خزمەت دەكەن و سلێمانییان كردوە بە پایتەختی چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و بە یەكەم دكتۆری خوێن و شێرپەنجە هەژمار دەكرێت لە هەرێمی كوردستان و عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

پرسی بە تایبەتکردنی هیوا

لە ساڵی ٢٠٢١ کاتێک هەواڵی ئەوە بڵاوبوویەوە کە نەخۆشخانەی هیوا دەکرێت بە کەرتی تایبەت و بۆ چارەسەر پارە لە خەڵکی وەردەگیرێت و دواتریش پەراوێز دەخرێت، زۆرێک لە خەڵکی هێرشیان کردە سەر ئەنوەر شێخە و تاوانباریان کرد بەوەی ئەو ویستویەتی ئەم کارە ئەنجام بدرێت، لە وەڵامدا ئەنوەر شێخە وتی:

من هیوام دروستکرد چۆن ویژدان و دەستم تێی دەچێت تێکی بدەم؟!

سەنتەری تایبەت

ئەنوەر شێخە بۆ زیاتر خزمەتکردنی نەخۆشانی خوێن و شێرپەنجە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی بە ناوی ئەنوەر شێخە دروستکردووە، سەنتەرەکە 13 هه‌زار مه‌ترە، دەرمانخانەکەی 2500 مەترە، کە یەکێکە لە گەورەترین دەرمانخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیزایینەکەی ئەمریکییە و 80 قەرەوێلە و 40 نۆرینگەی تێدایە.


سەرچاوەکان



1133 بینین