کۆمپانیای ستارباکس

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-09-22-14:47:00 - کۆدی بابەت: 6672
کۆمپانیای ستارباکس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیا و قاوەخانەی ستار باکس یان ستاربەکس (بە ئینگلیزی: Starbucks، بە عەرەبی: ستاربكس)، لە ساڵی ١٩٧١ لە سیاتڵ لە ویلایەتی واشنتنی وڵاتی ئەمریکا لەلایەن سێ کەسەوە دامەزراوە، ئەوانیش مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی بە ناوی جێری بادوین، مامۆستایەکی مێژوو بە ناوی زیف سایگڵ هەروەها نووسەرێك بە ناوی گۆردان بۆکەر، ئەم کۆمپانیایە لە ئێستادا ١٦ هەزار لقی هەیە لە ٤٩ وڵاتی جیهاندا، ١١ هەزاری ئەو لقانە لەنێو وڵاتی ئەمریکایە، زیاتر لە ١٧٢ هەزار کارمەندی هەیە.

لەم قاوەخانەیە گرنگترین خواردنەوە گەرم و ساردەکان پێشکەش دەکرێن، نموونەی موگا و قاوەی ئیسپرێسۆ و قاوەی ئەمەریکی و چۆکلێت و ڤانێلا و کرێم و کارامێل و چەندان جۆری تر کە لە هەموو لقەکانی ئەم قاوەخانەیە خواردنەوەی هەمەجۆر پێشکەشی کڕیارەکانی دەکرێت، ئارەزوومەندانی قاوە سەردانی لقەکانی دەکەن و ئەوەی زیاتر ئەم قاوەخانەیە جیادەکاتەوە و جیاواز دەری دەخات ئەوەیە کە ناوی خۆت دەنووسرێت لەسەر ئەو جۆرە قاوەیەی کە داوای دەکەیت. 

واتای ناوەکەی

واتای ناوی ستارباکس لە کەسایەتی و کارەکتەری ستاربێك لەنێو ڕۆمانێکی کلاسیکی بە ناوی (مۆبی دیك) وەرگیراوە لە نووسینی هیرمان مێلڤیلە (نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمەریکی) ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ١٨٥١ بڵاوبووەتەوە، کەسایەتی سەرەکی نێو ڕۆمانەکە زۆر حەزی بە قاوە خواردنەوە بووە. 

دامەزراندنی یەکەم قاوەخانە

یەکەمین قاوەخانەی ستارباکس لە بازاڕی بایك بلایس لە سیاتڵی ویلایەتی واشنتنی وڵاتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧١ کراوەتەوە، لەلایەن دوو مامۆستای زانکۆ و نووسەرێك دامەزراوە، قاوەخانەکە چا و قاوەی بە کوالێتییەکی زۆر بەرز دەفرۆشتە کڕیارەکانی. 

هێما و لۆگۆکەی

درووشم و هێمای ئەم قاوەخانەیە لە وێنەکێشانێکی نەرویجی سەدەی شازدەیەم وەرگیراوە، کە گوزارشت لە بووکی یاخود پەری دەریا دەکات لەگەڵ دوو کلکی هەڵکۆڵراو لەسەر پارچە دارێك، ئەم وێنەیە بەشێوەیەکی بازنەیی هەڵبژێردرا، هەر لەو کاتەوەی کە کۆمپانیاکە درووستکرا لە ساڵی ١٩٧١ وەکوو ناوی سەرەکی کۆمپانیاکەش دانرا، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم لۆگۆیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دامەزرێنەرانی قاوەخانەکە ویستیان پەیوەندی نێوان بازرگانانی قاوە و كەشتیوانان پێکەوە ببەستنەوە.

لقەکانی کۆمپانیاکانی ستارباکس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە ساڵی ١٩٩٩ یەکەمین لقی ئەم قاوەخانەیە لە وڵاتی کوەیت کرایەوە، لە ئێستادا نزیکەی ٥٠٠ لقی سەرەکی هەیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی وڵاتی: بەحرەین و سعودیە و کوەیت و ئیماڕات و لوبنان و ئوردن و قەتەڕ و عوممان و میسڕ و فەڵەستین. 


سەرچاوەکان



675 بینین