کۆمپانیای سیسکۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-12-04:11:00 - کۆدی بابەت: 5120
کۆمپانیای سیسکۆ

ناوه‌ڕۆك

کۆمپانیای سیسکۆ

سیسکۆ سیستمس (Cisco Systems) کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجی ئەمریکییە کە زیاتر ناسراوە بە بەرهەمەکانی لە بواری نێتۆرکی کۆمپیوتەردا، وەک کۆمپانیایەک کە زۆربەی بەرهەمەکانی بە کۆمپانیاکی تر دەفرۆشێت لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و یەکدا بوو بە یەکێک لە گەورترین کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمپانیای سیسکۆ لە ساڵی 1984 دامەزرا کە بارەگاکەی دەکەوێتە سان هۆزێی (Cisco Systems) لە کالیفۆڕنیا.

دامەزرێنەری کۆمپانیای سیسکۆ لیۆنارد بۆوساک (leonard bosack) و ساندرا لێرنەر (sandra lerner)، کە هاوسەرن و لە دواییدا لەیەک جیابوونەتەوە، سەرەتا هەردووکیان لە زانکۆی ستانفۆرد یەکیان ناسیوە، پاش ئەوەی کە زانکۆیان تەواوکرد هەردووکیان لە زانکۆکەدا کاریان دەکرد، کە کارەکەیان بریتیبوو لە ڕێکخستنی سەنتەرەکانی کۆمپیوتەر بوو لە بەشە جیا جیاکاندا، لیۆنارد بۆوساک ڕێگەیەکی دۆزییەوە بۆئەوەی نێتۆرکی کۆمپیوتەرەکان پێکەوە ببەستێتەوە لەڕێگەی تەکنەلۆجیایەکەوە کە پێشتر کارمەندەکانی زانکۆی ستانفۆرد دروستیانکردبوو.

لیۆنارد و ساندا دواتر بۆیان دەرکەوت کە تەکنەلۆجیای ڕاوتەر دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بە شێوەیەکی فراوانتر لە دەرەوەی زانکۆکەدا، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1984دا لیۆنارد و ساندرا پێکەوە سیستمی سیسکۆ (Cisco Systems)ـیان دامەزراند، دواتر زانکۆی ستانفۆرد خاوەندارێتی بەرنامەکانیان (software)ـی بەخشی بە سیسکۆ.

لەساڵی 1985 سیسکۆ یەکەم بەرهەمی فرۆشت، بەرهەمەکە بریتیبوو لە کارتی ڕوکاری نێتۆرک (network interface card) کە بە کۆمپیوتەرەکانی کۆمپانیای (Digital Equipment Corporation’s)ـی فرۆشت، ساڵی دواتر یەکەمین بەرهەمی سەرکەوتویان فرۆشت کە بریتیبوو لە ڕاوتەرێک کە چەند نێتۆرک پڕۆتۆکۆڵێکی لەخۆدەگرت، بەبۆنەی لاوازی باری دارایی کۆمپانیاکەوە کۆمپانیاکەیان گۆڕی بۆ کۆمپانیایەکی سەرمایەداری وەبەرهێنان کە لەلایەن کۆمپانیای (Sequoia Capital) پشکەکانی کڕدرا و لە ساڵی 1988 جۆن مۆرگریج (john morgridge) وەک بەڕوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەستبەکاربوو، بە باشی کارەکانی بەڕێوەدەبرد بەڵام لەگەڵ فەرمانبەرەکاندا ڕێکنەدەکەوت، بۆیە لە ساڵی 1990 کاتێک کۆمپانیاکە یەکەمین پشکەکانی فرۆشت ساندار لێرنەر لە کۆمپانیاکە دوورخرایەوە و پاش ماوەیەکی کەم لیۆنارد بۆوساک دەستی لەکار کێشایەوە.

سیسکۆ سیستمس لە سەرەتاکانی ساڵی 1990 بە خێرایی گەشەی کرد، لە ساڵی 1993 کۆمپانیاکە ڕاوتەری مۆدێل 7000 بڵاوکردەوە، لەهەمان ساڵدا کۆمپانیاکە دەستیکرد بە کڕینی چەندین کۆمپانیای تر، سەرەتا کۆمپانیای (Crescendo Communications) کڕی کە یارمەتی کۆمپانیای سیسکۆیدا بە ئاسانی بڕواتە ناو بواری ئامێرەکانی نێتۆرک سویچین (network switching devices)، لە ساڵی 1994 کۆمپانیاکە بارەگاکەی لە مێنلۆ پارک (Menlo Park) کالیفۆڕنیاوە گواستەوە بۆ سان هۆزێی (Cisco Systems) لە کالیفۆڕنیا، لە ساڵی داهاتودا بەڕێوبەری جێبەجێکار لە 1988 جۆن مۆرگریج (john morgridge)ـەوە گۆڕدرا بۆ جۆن چامبەرس (john t. chambers)، جۆن بەردەوام لە ستراتیژی بەرەوپێشچون لەڕێگەی بەدەستهێنانەوە، لە ساڵی 1998 سیسکۆ کۆمپانیای (Selsius Systems) کڕی کە کۆمپانیایەک بوو شارەزایی زۆری هەبوو لە بواری تەلەفۆنی ئینتەرنێتیدا (Internet telephony) کە یارمەتی سیسکۆیدا پلەیەکی دیار بەدەست بهێنێت لە تەکنەلۆجیای (VoIP).

لە ساڵی 2006 سیسکۆ تەکنەلۆجیای (TelePresence) خستەڕوو کە درێژە پێدەری کۆنفڕانسی ڤیدیۆیی بوو، ئەم تەکنەلۆجیایە یارمەتی خەڵکەکانی دەدا کە لەگەڵ یەکتردا پێکەوە پەیوەندی بکەن بە شێوەیەک وا هەست بکەن لە یەک شوێندان.
لە ساڵی 2015 چامبەرس (john t. chambers) دەستی لە کار کێشایەوە، چونکە کۆمپانیاکە زیاتر گرنگی دەدا بە لایەنی سۆفتوێر لە جیاتی هاردوێر.

بەرهەمەکانی کۆمپانیای سیسکۆ

کۆمپانیای سیسکۆ چەندین بەرهەمی جۆراوجۆری هەیە لە بواری نێتۆرکیندا، سەرەتا سیسکۆ بەبۆنەی ڕاوتەر و سویچەکانییەوە ناسرا کە چەندین جۆری جیاوازیان هەیە بە قەبارەی جیاواز و تایبەتمەندی جیاواز، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە نیوەی داهاتی کۆمپانیاکە لە ڕێگەی ئەو پڕۆگرام و خزمەتگوزارییەکانیانەوەیە کە دابینی دەکات، هەروەها نرخی بەرهەمەکانیان لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 200 هەزار دۆلار، کە بە پێی ئەو ئامێر و بەرهەمە کەوتووە کە هەڵدەبژێردرێت.
بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە بریتین لە:

تەکنەلۆجیای نێتۆرکین (Networking)

  • Switches
  • Routers
  • Wireless
  • Software-defined networking
  • Cisco Silicon One
  • Network management
  • Interfaces and modules
  • Optical networking

تەکنەلۆجیای وایەرلێس (Wireless and Mobility)

  • Access points
  • Outdoor and industrial access points
  • Controllers

تەکنەلۆجیای پاراستن (Security)

  • SecureX platform
  • Secure Firewall
  • Secure Endpoint
  • Secure Email
  • Secure Access by Duo
  • Umbrella

بڕوانامەکانی تایبەت بە کۆمپانیای سیسکۆ

کۆمپانیای سیسکۆ خاوەنی چەند بڕوانامەیەکی تایبەت بەخۆیەتی کە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانیانەوە بەدەستبهێنرێت، بڕوانامەکانی سیسکۆ لە جیهاندا دانپێدانراو و باوەڕپێکراون بۆیە بوونی بڕوانامەی سیسکۆ یارمەتیت دەدات کە زۆر بە ئاسانی کارت دەستبکەوێت و هەروەها کۆمپانیا نوێیەکان لە بواری نێتۆرکیندا زیاتر پشت بەو کەسانە دەبەستن کە یەکێک لە بڕوانامەکانی سیسکۆیان هەیە.
دەتوانیت چەندین بڕوانامە وەربگریت لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانەی کە لەلایەن کۆمپانیای سیسکۆوە دانراون کە لە چەند قۆناغێک پێکدێن و هەروەها هەر قۆناغێک کۆمەڵە تاقیکردنەوەیەکی جیاوازی تێدایە کە بە خواستی خۆت ئەو بوارەی دەتەوێت هەڵیدەبژێریت و تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجامدەدەیت، تاقیکردنەوەکان بریتین لە:

ئاستی سەرەتایی (entry-level)

لەم ئاستەدا یەک جۆر تاقیکردنەوە هەیە کە تاقیکردنەوەکە ناوی (Cisco Certified Technician-CCT)، بۆ بەشداریکردن لەم تاقیکردنەوەیەدا پێویستت بە هیچ شتێک نییە تەنها دەبێت زانیاری تەواوت لەسەر بابەتاکانی تاقیکردنەوەکە هەبێت بۆ ئەوەی سەرکەوتووببیت، ئەم تاقیکردنەوەیە لە سێ بەشی جیاواز پێکدێت کە بریتین لە:

  • CCT Collaboration
  • CCT Data Center
  • CCT Routing and Switching

یاریدەدەر (Associate)

لەم ئاستەدا سێ جۆری جیاوازی تاقیکردنەوە هەیە کە فێرخوازان دەتوانن ئەنجامی بدەن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان، بۆ بەشداریکردن لەم تاقیکردنەوانەدا پێویستت بە هیچ شتێک نییە تەنها زانیاری دەربارەی ئەو بابەتانەی کە تاقیکردنەوەکەی لەسەر ئەنجامدەدیت، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەم ئاستەدا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدن لانی کەم یەک ساڵ ئەزموونیان هەیە لەسەر بنەما سەرەکییەکانی نێتۆرکین و هەروەها زانیاری دەربارەی (IP addressing)، تاقیکردنەوەکانی ئەم ئاستە بریتین لە:

  • Cisco Certified Network Associate-CCNA
  • CyberOps Associate
  • DevNet Associate

ئاستی پڕۆفیشناڵ (Professional)

ئەو کەسەی کە دەیەوێت بڕوانامە لەم ئاستەدا بەدەستبهێنێت پێویستە دوو تاقیکردنەوە ئەنجامبدات کە یەکێکیان سەرەکییە و ئەوەی تریان لاوەکییە، لێرەدا باسی تاقیکردنەوە سەرەکییەکان دەکەین، سوودی تاقیکردنەوە لاوەکییەکان بریتییە لە یارمەتیدانی کەسەکە لە دۆزینەوەی بوارێکی گونجاو و دیاریکراو، هەروەها وەک هەموو تاقیکردنەوەکانی تری سیسکۆ بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە پێویستت بە هیچ بڕوانامە یان کارتێکی فەرمی نییە، تاقیکردنەوە سەرەکییەکانی ئەم ئاستە بریتین لە:

  • CCNP Enterprise
  • CCNP Data Center
  • CCNP Security
  • CCNP Service Provider
  • CCNP Collaboration
  • Cisco Certified CyberOps Professional
  • Cisco Certified DevNet Professional

ئاستی پسپۆڕ (Expert)

وەک هەموو تاقکردنەوەکانی تر ئەم ئاستە لە چەندین تاقیکردنەوە پێکدێت کە کەسەکە بەپێی خواستی خۆی هەڵیدەبژێرێت، هەروەها بۆ بەشداریکردن لەم تاقیکردنەوانەدا پێویستت بە هیچ شتێک نییە تەنها پێویستە شارەزابیت لە بوارەکەدا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکە، شایانی باسە ئەو کەسانەی کە تاقیکردنەوەکانی ئەم قۆناغە ئەنجامدەدن زیاتر لە 7 ساڵ ئەزموونیان هەیە لە بواری نێتنۆرکیندا، تاقیکردنەوەکان بریتین لە:

  • CCIE Enterprise Infrastructure
  • CCIE Enterprise Wireless
  • CCIE Data Center
  • CCIE Security
  • CCIE Service Provider
  • CCIE Collaboration
  • CCDE

تێبینی: هەموو بڕوانامەکانی کۆمپانیای سیسکۆ بۆ سێ ساڵ کاردەکەن و دواتر بەسەردەچن بۆیە پێویستە ئەو کەسەی کە دەیەوێت سوود لە بڕوانامەکەی ببینێت تازەی بکاتەوە لەڕێگەی ئەنجامدانی چەد تاقیکردنەوەیەک و خوێندنی چەند کۆرسێک.

بەڵام لە کوردستان پێویستی بە نوێکردنەوە نییە


سەرچاوەکان



1707 بینین