ڕووداوی ناوزڕاندن و بوختانکردن بە خاتوو عائیشە

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-16-01:07:00 - کۆدی بابەت: 6893
ڕووداوی ناوزڕاندن و بوختانکردن بە خاتوو عائیشە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕووداوی ناوزڕاندن و بوختانکردن (بە عەرەبی: حادثة الٳفك) بۆ خاتوو عائیشەی خێزانی پێغەمبەر ﷺ ڕووداوێک بوو دووڕووەکان نموونەی "عەبدوڵای کوڕی سەلول" هەڵیانبەست و هەواڵی نادرووستیان لە بارەی پاکی و شەڕەفی خاتوو عائیشە بڵاوکردەوە، لە مانگی شەعبانی ساڵی پێنج یاخود شەشی کۆچی، جەنگی "المریسیع" یاخود (بني المصطلق) ڕوویدا سوپای مووسوڵمانان لەو جەنگەدا سەرکەوتوو بوون، لە کاتی ڕوودانی هەموو جەنگێك پێغەمبەر ﷺ تیروپشکی لە نێوان خێزانەکانی دەکرد، هەر جارێك یەکێکیانی هەڵدەبژارد و لەگەڵ خۆی بەرەو جەنگ دەیبرد و لەم جەنگەدا خاتوو عائیشە هەڵبژێردرا. 

هۆکاری دواکەوتنی خاتوو عائیشە لە سوپاکە

کاتێك لەشکری موسوڵمانان لە جەنگەکە گەڕانەوە، خاتوو عائیشە لە سوپاکە دوورکەوتەوە بە دوای خشڵێکدا دەگەڕا کە لێی وون ببوو، بۆیە لە سوپاکە بەجێما و پێی وابووە کە سوپاکە دەگەڕێنەوە بۆلای ئەو و دەیگێڕنەوە، بۆیە لە چاوەڕوانی گەڕانەوی سوپاکە خەوی لێکەوتووە و لە شوێنی خۆی نەجووڵاوە، هاوەڵێک بە ناوێ "سەفوانی کوڕی مەعتەڵ" لە باشترین هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ بووە، ئەو لە دوای سوپاکەوە کاری ئەوەبوو پشکنین بکات بۆ ئەو کەسانەی کە لە سوپا بەجێماون، بۆیە خاتوو عائیشەی بینی و ناسییەوە، چوونکە پێش ئەوەی "حیجاب" سەپێندرابێتە سەر موسوڵمانان خاتوو عائیشەی بینی بوو، بۆیە ناسیەوە و یارمەتیدا بچێتە سەر وشترەکەی گێڕایەوە بۆ لای سوپاکە لە شاری مەدینە، لە بارەی ئەم ڕووداوەوە خاتوو عائیشە دەفەرموێت: "سوێند بە خودا کاتێك منی بینی خێرا دەمووچاوم بە ڕووپۆشەکەم  داپۆشی، سوێند بەخوا هیچ قسەیەکمان نەکرد تاکوو گەڕاینەوە لای سوپاکە"، عەبدوڵای کوڕی سەلول کاتێك پێکەوە هەردووکیانی بینی بوختانی ناڕەوا و درۆی بۆیان هەڵبەست و هەواڵی داوێنپیسی خاتوو عائیشەی لە هەموو شاری مەدینە بڵاوکردەوە. 

بڵاوبوونەوەی هەواڵ و قسەوباسی نادرووست لەسەر خاتوو عائیشە 

هەواڵی بوختان و ناوزڕاندنی خاتوو عائیشە بە یارمەتی دووڕووەکان نموونەی سەرۆکی دووڕووەکان عەبدوڵای کوڕی ئوبەی سەلول و حەسانی کوڕی سابت و میستەحی کوڕی ئوساح و حەمنەی کچی جەحش بە هەموو شاری مەدینەدا بڵاوکرایەوە، بۆ مانگێك ئەم هەواڵ و قسەوباسانە هەر لەسەر زاری خەڵکی مەدینە بوو، خاتوو عائیشە لەو ماوەیەدا نەخۆش کەوتبوو، هیچ لە ماڵ دەرنەدەچوو، بۆیە ئاگاداری قسەوباسەکان نەبوو، کاتێك دایکی سەفوانی بینی قسەی ناڕەوای بە کوڕەکەی دەوت، خاتوو عائیشەش پێی فەرموو "بۆچی قسە بە هاوەڵێك دەڵێیت کە لە جەنگی بەدر بەشداری کردووە"، بۆیە  لە زاری ئەوەوە هەموو ڕووداوەکەی بیست و زیاتر نەخۆش کەوت و گەڕایەوە بۆ ماڵی باوکی.

شێوازی مامەڵەکردن و ڕەفتاری پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ڕووداوەکە

پێغەمبەر ﷺ زۆر دڵگران و دڵتەنگ بوو بەم ڕووداوە، بە خاتوو عائیشەی فەرموو: "ئەی عائیشە من لە بارەی تۆوە چەند قسەوباسێکم بیستووە، ئەگەر بێتاوان بیت ئەوا بێگومان خودا بێتاوانی و پاکیت دەسەلمێنێت، ئەگەر تاوانبار بیت لە خودا بپاڕێوە لێت خۆشبێت و چوونکە خودا تەوبەی بەندەکانی پەسەند دەکات". 

سەلماندنی پاکی و بێتاوانی خاتوو عائیشە

لە پاش مانگێک لەم ڕووداوە خودای گەوره 10 ئایەتی لە سوڕەتی "النور" بە سروش بۆ پێغەمبەری خودا ﷺ نارد، تێیدا پاکی و بێگەردی خاتوو عائیشەی سەلماند، لە سوڕەتی النور لە ئایەتی11 خودای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ ۚ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَكُمْ ۖ بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَكُمْ ۚ لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ مَا اكْتَسَبَ مِنَ الْإِثْمِ ۚ وَالَّذِي تَوَلَّىٰ كِبْرَهُ مِنْهُمْ لَهُ عَذَابٌ عَظِيمٌ} واتا: بێگومان ئه‌وانه‌ی بوختانه‌که‌یان هه‌ڵبه‌ست ده‌سته‌یه‌ك بوون له‌ خۆتان یاخود وا خۆیان نیشان ده‌دا که‌ له‌ ئێوەن، وامه‌زانن که‌ ئه‌و بوختانه‌ شه‌ڕ و خراپ بووبێت بۆتان، به‌ڵکو بووە مایەی خێر و چاکە بووە هۆی ئەوەی ئیمانداران له‌ دووڕووه‌کان جیا بکرێنه‌وه‌، ئیماندارانی دڵپاك وریا ببنه‌وه‌، بێگومان تاوانی هه‌ر که‌س له‌و بوختانچیانه‌ له‌ گه‌ردنی خۆیدایه‌تی ئه‌و که‌سه‌ش سه‌رۆك و گه‌وره‌ و هه‌ڵبه‌ستی بوختانه‌که‌یه‌ سزایه‌کی سه‌خت و گه‌وره‌ی چاوەڕێی دەکات.

لێره‌وه‌ قورئان ده‌رباره‌ی ئه‌و بوختانه‌ ده‌دوێت که‌ بۆ خاتوو عائیشه‌ له‌ لایه‌ن دوو ڕووه‌کانه‌وه‌ هه‌ڵبه‌سترا و هه‌ندێك له‌ ئیماندارانیش بێ لێکدانه‌وه‌و تێفکران ده‌یانوته‌وه‌ و باوەڕیان پێکرد، 10 ئایەتی سوڕەتی النور بە ڕوونی و بە ئاشکرا داوێنپاکی و ئەستۆپاکی خاتوو عائیشەی بۆ موسوڵمانان دەرخست. 


سەرچاوەکان



1345 بینین