یەڵماز گونەی

له‌لایه‌ن: - لیزا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-16-16:55:00 - کۆدی بابەت: 6897
یەڵماز گونەی

ناوه‌ڕۆك

یەڵماز گونەی کێیە؟

یەڵماز پوتون (Yilmaz Güney)، ئەکتەر، دەرھێنەر، سیناریست و ڕۆماننووسی کوردی لە ١٩٣٧/٤/١ لە یەنیس'ـی ھەرێمی ئەدەنە لەدایکبووە. لە ١٩٨٤/٩/٩ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە، یەڵماز گونەی، بە خێرایی ناوبانگی دەرکردووە لە بەرھەمھێنان و سینەمای تورکیدا بەھۆی کارەکانییەوە، زۆربەی کارەکانی تەرخانکردووە بۆ چینی کرێکاران لە تورکیا، خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی وەرگرتووە لە فیستیڤاڵی کان ساڵی ١٩٨٢ بۆ فیلمی (ڕێگا - Yol)، بە بەردەوامی لە دژایەتی و ململانێی حوکمەت و دەسەڵاتی تورکیادا بووە بەھۆی نیشاندانی کەلتوور و خەڵک و زمانی کوردی لەناو فیلمەکانیدا، دوای ئەوەی بە کوشتنی دادوەرێک تۆمەتبارکرا لەساڵی ١٩٧٤ـدا و دادگایی کرا تیایدا گونەی ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە و وتی کە بێتاوانە، بەڵام ھەر تاوانبارکرا و ناچاربوو کۆچبکات بۆ فەڕەنسا و نیشتەجێی پاریس بوو مافی ھاوڵاتیبوونی تورکیای لێ وەرگیرایەوە، ساڵێک پێش مردنی لەساڵی ١٩٨٣ـدا پەیمانگای کوردی پاریسی دامەزراند لەگەڵ دوو شاعیری کوردی بەناوبانگ جگەرخوێن و ھەژار.

ناو یەڵماز گونەی 
لەدایکبوون ١٩٣٧/٤/١لە یەنیس - ئەدەنە 
کۆچی دوایی ١٩٨٤/٩/٩ پاریس - فەڕەنسا 
ڕەگەز کورد 
پیشە دەرھێنەر، ڕۆمان نووس، ئەکتەر، سیناریست 
ساڵانی ھەبوونی چالاکی ١٩٥٨-١٩٨٣ 

ژیان و خوێندنی 

یەڵماز گونەی ساڵی ١٩٣٧ لە یەنیس، ئەدەنە لەدایکبووە، باوکی حامیت خەڵکی سیڤەرەکی ھەرێمی شانلویفە بووە و پاش ئەوەی ھەردوو براکەی کوژراوە بەرەو یەنیس کۆچی کردووە و نیشتەجێی ئەوێ بووە، دایکی خەڵکی ڤارتۆ'ـی ھەرێمی موش بووە، دایک و باوکی ھەردووکیان لە کارگەی لۆکە کاریانکردووە، بەھۆی کاری خێزانەکەیەوە یەڵماز لە نێوان کارکردندا گەورەبووە، جگە لە کارکردن لە کێڵگەکانی لۆکدا چەند کارێکی تریشی کردووە، وەک گەیاندنی شریتی فیلم بۆ ماڵان، لێخوڕینی ئەسپ و عەرەبانە وەک گەیاندنی خەڵک، ھەروەھا نووسینی کورتە چیرۆک بۆ گۆڤارە ناوخۆییەکان، نووسینی ئەو کورتە چیرۆکانە ڕووبەڕووی سەختی زۆری کردووەتەوە، بەتایبەت کورتە چیرۆکێک کە دەربارەی کوڕێک نووسیویەتی لە ھەوڵی جیھانێکی باشتردا بووە، کە بە پڕوپاگەندەی کۆمۆنیستانە بڵاوبۆوە و دادگایی کرا لەسەری، ئەم ئەزموونانە بنچینەی کارەکانی داھاتووی بۆ دانا، کە بە گشتی کۆبیری لەسەر وێنە تۆمارکردن و نیشاندانی چین و توێژە پەراوێزخراو و چەوساوەکانی تورکیا دەکرد، ساڵی ١٩٥٧، بەشی یاسای خوێندووە لە زانکۆی تورکیا بۆ ماوەی دوو مانگ بەڵام دواتر نقوم بووە لە بواری فیلم و سینەمادا کە ھەرخۆی پەیوەندی لەگەڵ کەسەکانی ناو بواری سینەمادا ھەبووە و دواتر ئاشنای یەشار کەمال بووە کە لە ڕێگای ئەوەوە چەندین کەسی بواری سینەمای ناسیوە. 

کار و پیشەی لە تورکیا

وەک سیستمی ستۆدیۆی یەشڵجامی تورکی، کۆمەڵێک دەرھێنەر دەستیانکرد بە بەکارھێنانی سینەما بۆ خستنەڕووی کێشەکانی خەڵک، لە شانۆکانی تورکیا نواندنی جەنگی و کورتەچیرۆک کرابوون بە نواندن و پێشکەشکرابوو، ئەم دەرھێنەرانە دەستیانکرد بە وێنەگرتن و نیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەتری ژیانی کوردی و تورکی، یەڵماز گونەی یەکێک بوو لە بەناوبانگترین ئەو دەرھێنەرانەی لەم بوارەدا ناوی دەرکرد، ئەکتەرێکی گەورەی گەنج کە نازناوی (پاشای ناشرین)ـی پێدرا، دوای ئەوەی وەک ھاوکار و یاریدەدەری سیناریۆ کاری بۆ عاتف یەڵماز کرد، دوای ئەوە دەستیکرد بە دەرکەوتن لە زۆرترین فیلمی ساڵدا کە نزیکەی ٢٠ فیلم بوو لە ساڵێکدا و بوو بە یەکێک لە بەناوبانگترین ئەکتەرەکانی تورکیا.

سەرەتاکانی ساڵی ١٩٦٠ ئازادی لە تورکیا لێزەوتکرا و گونەی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستگیرکرا، لە زیندان ڕۆمانێکی نووسی بەناوی (بە سەردانەواندنەوە مردن) کە ھەندێک بە کۆمۆنیستی ناویاندەبرد، بارودۆخی سیاسی وڵاتەکە و پەیوەندی گونەی بە دەسەڵاتەوە لەوکاتەدا زیاتر بەرەو خراپی ڕۆشت کە ھیچ کاریگەری لەسەر ناوناوبانگی سینەمایی گونەی نەبوو، لەساڵی ١٩٦٥ بەدواوە گونەی دەستیکرد بە کاری دەرھێنان بۆ فیلمەکانی خۆی و تا ساڵی ١٩٦٨ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی فیلمی تایبەت بە خۆی دامەزراند بەناوی (فیلمسازی گونەی)، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ناونیشانی فیلمەکانی ڕەنگدانەوەی کێشەکانی خەڵکی تورکیا بوو وەک (ھیوا ١٩٧٠)، (پەژارە ١٩٧٢)، (ئازار ١٩٧١)، (بێھیوا ١٩٧١)، فیلمی ھیوا یەکێک بوو لە ڕاستەقینەترین فیلمی سینەمای تورکی، دەرھێنەری ئەمریکی (ئالیە کەزان) یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو کەسانەی پیاھەڵدانی بۆ فیلمەکە کرد و وتی "فیلمی ھیوا فیلمێکی شاعیرانەیە، بەتەواوی بنچینەییە، ھیچ لاساییکردنەوەیەکی ھۆڵیوود و ئەوروپییانەی پێوەدیار نییە، بەتەواوی لە ژینگەی لادێکانەوە سەرچاوەی گرتووە"

دوای کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٤، بۆ ماوەی چەندین ھەفتە داواکەی یەڵماز گونەی ھەر دادگایی دەکرایەوە، بۆیە بڕیاریدا بۆ خۆلادان لە کێشەی حوکمەتی تورکی کۆچ بکات، پاشان دەستگیرکرا بەھۆی داڵدەدانی خوێندکارانی ئاژاوەخواز لەساڵی ١٩٧٢، لەماوەی بەرھەمھێنانی فیلمی (خەمبار ١٩٧٥)، و پێش تەواوکردنی فیلمی (نیگەرانی ١٩٧٤), کە لەلایەن یاریدەدەرەکەیەوە تەواوکرا، بەناوی شەریف گۆرەن. گۆرەن بەردەوام ئەو کارەی دووبارە دەکردەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک سیناریۆکانی گونەی دەکرد بە فیلم کە لە زیندان دەینووسی. 

دوای دەرکردنی لێخۆشبوونی سەرتاسەری ساڵی ١٩٧٤ گونەی لە زیندان ئازادکرا، پاشان ھەمان ساڵ بەھۆی تەقەکردن و کوشتنی سەفا موتڵو داواکاری گشتی ھەرێمی ئەدەنە دەستگیرکرایەوە، ھەمیشە گونەی وتوویەتی کە بێتاوان بووە و ئەو کارەی نەکردووە، بەڵام حوکمی ١٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، لە ماوەی زیندانیکردنیدا باشترین سیناریۆکانی (ڕەو ١٩٧٨)،  و (دوژمن ١٩٧٩)، ھەردووکی لەلایەن زەکی ئۆکتەنەوە کاری دەرھێنانی بۆ کراوە، لە ٣٠ـمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە بەرلین فیلمی (دوژمن) خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە. 

  • لە ١١١ فیلمدا وەک ئەکتەر ڕۆڵی گێڕاوە 
  • ٥٨ سیناریۆی نووسراوی ھەیە 
  • کاری دەرھێنانی بۆ ٢٠ فیلم کردووە 
  • بەرھەمھێنەری ١٦ فیلم بووە 
  • یاریدەدەری دەرھێنەر بووە لە ٥ فیلمدا

خەڵاتەکانی

  • فێستیڤاڵی فیلمی ئەدەنە

- لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەدەنە فیلمی (پەژارە ١٩٧٢) براوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونییە بۆ باشترین فیلم، باشترین دەرھێنەر، باشترین ئەکتەر، باشترین سیناریۆ.

- ساڵی ١٩٧١ ٣ جار پاڵێوراوی خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونییە بۆ باشترین فیلمەکانی (ئازار، بێھیواکان، سبەی کۆتا ڕۆژە).

- ساڵی ١٩٧٠ براوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونییە بۆ باشترین فیلم، ئەکتەر، سیناریۆ  لە فیلمی (ھیوا).

- ساڵی ١٩٦٩ براوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونی بۆ باشترین ئەکتەر لە فیلمی (سەید خان) و پاڵێوراوی باشترین فیلم.

  • فێستیڤاڵی پرتەقاڵی ئاڵتوونی فیلم لە ئەنتاڵیا 

- ساڵی ١٩٧٥ براوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ فیلمی (ئەندێشە ١٩٧٤) و پاڵێوراو بۆ باشترین فیلم و باشترین ئەکتەر.

- ١٩٧٠ براوەی خەڵاتی پرتەقاڵی ئاڵتوونی بۆ باشترین ئەکتەر و فیلم بۆ فیلمی (پیاوە ناشرینەکە ١٩٦٩).

- ھەروەھا ساڵی ١٩٦٧ براوەی ھەمان خەڵات بۆ باشترین ئەکتەر لە فیلمی (یاسای زەوی).

  • فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین

- ساڵی ١٩٨١ براوەی خەڵات بۆ ھەموو کارەکانی و ڕێزلێنانی تایبەت 

- ساڵی ١٩٨٠ براوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فیلمی (دوژمن) 

- ساڵی ١٩٧٧ براوەی خەڵات و ڕێزلێنان بۆ ھەموو کارەکانی 

  • فێستیڤاڵی فیلمی کان

- ساڵی ١٩٨٢ پاڵێوراو بۆ خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی فیلمی (دیوار) 

- براوەی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی بۆ فیلمی (ڕێگا) لەگەڵ شەریف گۆرەن 

  • خەڵاتەکانی سیزەر، فەڕەنسا 

- پاڵێوراوی خەڵاتی سیزەر بۆ باشترین فیلمی بێگانە بۆ فیلمی (ڕێگا) 

  • خەڵاتی دەیڤد دی دۆناتێلۆ 

- پاڵێوراو بۆ باشترین فیلمی بێگانە بۆ فیلمی (ڕێگا) 

  • خەڵاتی سەندیکای فەڕەنسی ڕەخنەگرانی سینەما

- براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی بێگانە بۆ فیلمی (ڕێگا) ساڵی ١٩٨٣

ژیانی تایبەت

گونەی ماوەیەک لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بیرسەن جان ئۆنال و کچێکی ھەیە بەناوی ئەلیف گونەی پوتون، یەکەم ھاوسەری گونەی ئەکتەر و شاجوانی تورکیا بوو، نەبەھات چەھرێ، کە لە چەند فیلمێکدا لەگەڵ گونەیدا ڕۆڵی گێڕاوە، پەیوەندییەکەیان ساڵی ١٩٦٤ دەستیپێکردووە و ساڵی ١٩٦٧ ھاوسەرگیریان کردووە و لەساڵی ١٩٦٨ جیابوونەتەوە، بەڵام زۆربەی ھاوڕێ نزیکەکانی گونەی دەڵێن کە چەھرێ ھەمیشە خۆشەویستی ژیانی گونەی بووە. 

دواتر گونەی ھاوسەرگیری لەگەڵ جەلێ فاتمە سولەیمانگیل کردووە کە بە فاتۆش ناسراوە، لەساڵی ١٩٧٠ پێکەوە کوڕێکیان بووە بەناوی ڕەمزی یەڵماز پوتون. 

دوورخستنەوە و کۆچی دوایی

مانگی ٩ـی ساڵی ١٩٨٠، لەلایەن دەستەی سەربازی تورکیاوە کارەکانی گونەی قەدەغەکران، گونەیش ڕایگەیاند تەنھا دوو ئەگەر ھەیە شەڕکردن یان خۆبەدەستەوەدان، منیش شەڕکردنم ھەڵبژاردووە".

دوای ئەوەی ساڵی ١٩٨١ لە زیندان ھەڵدێت و ڕادەکات بۆ فەڕەنسا، گونەی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی وەردەگرێت لە فێستیڤاڵی فیلمی کان ساڵی ١٩٨٢ بۆ فیلمی (ڕێگا)، کە دەرھێنەرەکەی شەریف گۆرەن بوو، ساڵی ١٩٨٣ گونەی لە کاری دەرھێنان بەردەوامبوو، لە کۆتا فیلمیدا چیرۆکی دڕندانەی منداڵانی دەستگیرکراوی خستەڕوو لە فیلمی (دیوار ١٩٨٣), کە بە ھاوکاری حوکمەتی فەڕەنسی بەرھەمھێندرا، لە کاتێکدا حوکمەتی تورکی مافی ھاونیشتیمانی لێسەندەوە و ٢٢ ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپاند. 

پاشان لە ١٩٨٤/٩/٩ یەڵماز گونەی بەھۆی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەکانەوە لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد و مەزارگەکەی لە گۆرستانی پێر لانچایسی پاریسدایە.


سەرچاوەکان



1295 بینین