ڕێپێدانی یاسایی ماددە هۆشبەرەکان

له‌لایه‌ن: - لیزا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-17-11:34:00 - کۆدی بابەت: 6909
ڕێپێدانی یاسایی ماددە هۆشبەرەکان

ناوه‌ڕۆك

ڕێپێدانی یاسایی ماددە هۆشبەرەکان

ڕێپێدانی یاسایی بۆ ماددە هۆشبەرەکان چەمکێکە بەواتای لابردنی هەموو ئەو سزایانە دێت کە لەسەر بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر یاسا دایناوە لە کاتی ڕوودانی "جەنگی ماددە هۆشبەرەکان"ـەوە لەساڵی ١٩٧٠ـکان کە کەمپینێک بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی سزا لەسەر ماددەی هۆشبەر لاببرێت و بەیاساییبوونی ڕابگەیەندرێت.

پشتیوانی کەمپینی بەیاسایی بوونی ماددە هۆشبەرەکان چەندین هۆکاریان خستووەتە ڕوو کە بۆچی دەبێت ماددە هۆشبەرەکان بەیاسایی بکرێن بۆ درووستکردنی دەرمانی تایبەت، پارە بۆ حوکمەت دەگێڕێتەوە لەو پڕۆسە و هێزانەی کە بۆ قەدەغەکردنی ماددەی هۆشبەر بەکاریهێناوە، ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز دەکات کە بەهۆی بەکارهێنانی سرنجی پیسەوە بۆ دەرمان وەرگرتن تووشیان دەبێت، ڕێژەی ئەو منداڵانە کەم دەبێتەوە کە بەهۆی تەماحیان بۆ پارە دەست دەکەن بە فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر تاوەکو پارەی زۆر پەیدابکەن، ڕێژەی ئەو تاوانانە کەم دەبێتەوە کە خەڵک بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر بەدەست بهێنن ئەنجامی دەدەن، ڕێژەی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن ئاڵوودەبووەکانەوە کەم دەبێتەوە، کۆڵانەکان سەلامەتتر دەبن و بە نهێنێ ماددەی هۆشبەریان تێدا نافرۆشرێت، هەروەها وڵات سەلامەت تر دەکات و متمانە لەلایەن گەشتیارانەوە بەدەست دەهێنێت واتا ناوی هیچ وڵاتێک ناشکێت بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە. 

ماددەی هۆشبەر چییە؟ 

ماددە هۆشبەرەکان ئەو ماددە کیمیاییانەن کە شێوازی کارکردنی لەشی مرۆڤ دەگۆڕن، بارودۆخی جەستەیی و مێشکی کەسەکە، ئەو ماددانە دەتوانن شێوازی کارکردنی مێشک، هەست و هەڵسوکەوتەکان بگۆڕن، هەندێک لەو کەسانەی ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکان بوون دەڵێن کە ماددەی هۆشبەر دەتبات بۆ جیهانێکی تر، ئەو جیهانەی کە هەمیشە خۆزگەی بۆ دەخوازیت، جیهانی خەونەکانت. 

ماددە هۆشبەرەکان چەندین جۆرن و هەموویان لە سەرچاوەی جیاوازەوە بەرهەمدەهێندرێن و بەڵام بەزۆری لە سەرچاوەی سرووشتییەوە دێن وەک حەشیش کە ڕووەکێکە و لە زۆربەی شوێنەکانی دونیا دەڕوێت، سەرەتا وەک دەرمان بۆ بێهۆشکردن و سڕکردن بەکارهاتووە بەڵام خۆشییەکی زۆری بە خەڵک بەخشیوە بۆیە ئاڵوودەیبوون، هەروەها جۆرێکی تری ماددەی هۆشبەر لە تاقیگە کیمیاییەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر درووست دەکرێن، چەندین جۆری وەرگرتنی ماددەی هۆشبەر هەیە یان وەک حەب قووت دەدرێت، یاخود لە ڕێگای لووتەوە هەڵدەمژرێت بۆناو سییەکان، هەروەها لەخۆدان بە سرنج کە پێی دەوترێت وەرگرتن لەڕێی ژێر پێستەوە. 

بۆچی دەبێت ماددە هۆشبەرەکان ڕێپێدانی یاساییان پێبدرێت؟ 

زۆر خەڵک هەن لە سەرانسەری جیهان کە داوای بەیاسایی کردنی ماددەی هۆشبەر دەکەن و چەندین هۆکاریان هەیە بۆ ئەوە، لەدوای جەنگی ماددە هۆشبەرەکانەوە کە بەتەواوی ماددەی هۆشبەر بوو بە نایاسایی، بازرگانەکانی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر نرخی فرۆشتنیان بەرزکردەوە بۆ نرخێکی خەیاڵی و بازاڕی ڕەشی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکانیشیان دانا، ئەوانەی لایەنگری بەیاسایی کردنی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن چەندین هۆکاری باشیان لەلایە بۆ نموونە لەلایەنی پزیشکییەوە چەندین سەدە لەمەوبەر وەک سڕکەری نەخۆش بەکارهاتووە و دراوە بەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەبووە تاوەکو وەڵامی هەموو پرسیارێک بدەنەوە کە لێیان دەکرێت چونکە هۆشیان لەسەر خۆیان نەماوە و ڕاستییەکانیان وتووە. 

هەروەها ڕێگا لە بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی دەگرێت وەکو ئایدز و ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی میکرۆب و سرنجی پیسەوە دەگوازرێنەوە، چونکە زیاتر لە یەک کەس سرنجێک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر لەخۆیان بدەن و بەوەش چەندین پیسی و میکرۆپ دەگوازرێتەوە، لە توێژینەوەیەکی ئەمریکیدا دەرکەوتووە کە ڕێژەی هێرۆین و ماددە هۆشبەرەکانی تر بە ڕێژەی ٪‏١٠ کەمتر دەبێتەوە گەر ماددە هۆشبەرەکان بەیاسای بکرێن، لە ٢٠٢٠/١١/٣ ئۆریگان یەکەم دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو کە بە تەواوی هەموو ماددە هۆشبەرەکان بە یاسایی بکات و هەموو سزاکانی لەسەر لاببات. 

ماددە هۆشبەرەکان لە یاسای عێراق و کوردستاندا

لە سەردەمی حوکمڕانی سەدام حسێەیندا بازرگانی کردن و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر زۆر زۆر شتێکی دەگمەن بووە چونکە بەتەواوی گومرگ و سەرسنوورەکان جڵەوکراون بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرەوە ڕوو لە زیادبوونە هێشتاش حوکم لەسەر ئەو تاوانە کوشتن و زیندانی کردنی هەمیشەییە.

لە یاسای عێراقیدا بەکارهێنانی هەموو جۆرە ماددەی هۆشبەرێک نایاساییە، هەروەها یاسای عێراق لەسەر زۆر لەگەڵ ئەو کەسانەشدا توندە کە بەکاری دەهێنن ئەگەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت، هەروەها بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە بە هەمانشێوە نایاساییە و چەندین سزای لەسەرە وەک زیندانی کردنی هەمیشەیی و لەسێدارەدانیش.


سەرچاوەکان

534 بینین