چای ماتچا

له‌لایه‌ن: - سۆز عطا - به‌روار: 2021-10-22-21:15:00 - کۆدی بابەت: 6936
چای ماتچا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماتچا وشەیەکی ژاپۆنییە، پێکدێت لە (ma) کە بە واتای 'ھاڕاوە' یاخود 'تۆز' دێت ھەروەھا (cha) کە بە واتای 'چای' دێت.
ماتچا بریتییە لە ھاڕاوەیەکی ڕەنگ سەوزی تۆخ، کە وەک چا بەکاردەھێنرێت و دەخورێتەوە، تامێکی ڕوونی ڕووەکی و کەمێک تاڵی ھەیە. لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگی داوەتەوە بەڕادەیەک کە ھاڕاوەی چای سەوز لە قاوەخانەکان و دوکانی خواردنەوە تەندروستەکان بەکاردەھێنرێت لە شێوەی لاتێ و گیراوەی چای و شیرینیشدا. 
ئەم چایە لە دوو ناوچەی ژاپۆن گەورەدەکرێت ئەوانیش: یوجی لە کیوتۆو و نشیۆ لە ئەیشی.

چۆنیەتی بەرھەمھێنان

ماتچا لە ڕووەکی کەمیلیاوە بەرھەم دەھێنرێت، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر لە چایەکانی دیکە گەورە دەکرێت بە شێوەیەک کە پێکھاتەی خۆراکی و سوودەکانی تایبەتتر دەکات، جوتیارەکان لەکاتی بەرھەمھێنانی ماتچادا، پێش چنینەوەی، بۆ ماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ ڕۆژ ڕووەکی چایەکە دادەپۆشن بە داپۆشەری تایبەت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ تیشکی خۆری بەرنەکەوێت. دروستبوونی ئەم سێبەرەش وادەکات ئاستی کلۆرۆفیل لەناو گەڵاکاندا زیاد بکات ھەروەھا ڕێژەی ترشەئەمینییەکان بەرزدەبێتەوە و ڕەنگێکی سەوزی تۆخ دەبەخشێتە گەڵاکان.
پاش چنینەوە، قەدەکەی و ڕەگەکەی لە گەڵاکەی جیادەکرێنەوە و پاشان گەڵاکە زۆر بە باشی دەھاڕدرێت تا دەبێتە تـۆز (ھاڕاوەیەک) کە ناودەبرێت بە ماتچا.

چۆنیەتی ئامادەکردنی ماتچا

  1. کەوچکێکی چا تۆزی ماتچا بخەرە نێو قاپێکی قووڵەوە.
  2. چوار ئۆنس (١٢٥مل) لە ئاوی گەرم کە نەگەیشتووەتە پلەی کوڵان، بخەرە نێو ماتچاکەوە.
  3. بەخێرایی ماتچاکە ڕابوەشێنە تاکوو بەتەواوی تێکەڵدەبێت لەگەڵ چینە چەورەکەی سەرەوەدا.
  4. پاشان بیخەرە ناو کوپێکەوە بۆ خواردنەوە.

سوودەکانی چای ماتچا

  • دژە ژەھر: ڕێژەیەكی زۆری كلۆرۆفیلی تێدایە كە یارمەتیدەرە بۆ كردنە دەرەوەی ژەھرە كیمیاییە زیانبەخشەكان لە جەستە.
  • ھێوركەرەوە: ترشەئەمینی (L-theanine)ـی تێدایە كە یارمەتی ئارامكردنەوەی مێشك دەدات.
  • كەمكرنەوەی ڕێژەی كۆلێستڕۆڵی خراپ: سەلمێنراوە كە ھاڕاوەی چای سەوز یارمەتی كەمكردنەوەی كۆلێستڕۆڵی خراپ (LDL) دەدات.
  • دژە پیربوون: لەبەر ئەوەی ھاڕاوەی چای سەوز ھەوكردن و ئۆكساندن كەم دەكاتەوە، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی كە زیاتر ھەست بە گەنجییەتی بكرێت و مرۆڤ گەنجتر دەربکەوێت.
  • دژە شێرپەنجە: سەرچاوەیەكی سەرەكی (catechin)ـە كە ڕێگری لە توشبوون بە شێرپەنجە دەكات و مەترسی شێرپەنجەی مەمكیش كەم دەکاتەوە بە ڕێژەی ٥٠٪‏.
  • وزەبەخشە: وزەبەخشێكی نایابە و ڕۆژەكەت پڕ وزە دەكات و توانای سەرنجدان زیاد دەكات.
  • زیندەچالاكی: خواردنەوەی ھاڕاوەی چای سەوز زیندەچالاكی لەشت بەرزدەكاتەوە و یارمەتی سووتاندنی كالۆری دەدات بە ڕێژەی چوارھێندە خێراتر.
  • دژەئۆكسان: دژەئۆكسانێكی بەھێزە و (١٣٧) ھێندەی چای سەوز و (١٧) ھێندەی توتڕك (بلوبێری) كاریگەرە.
  • دەوڵەمەندە بە Epigallocatechin gallate (EGCG): کە تێکەڵەیەکی  دەگمەنی گیاییە ھەوکردن کەم دەکاتەوە و یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات، ھەروەھا یارمەتی ڕێگەگرتن دەدات لە نەخۆشیەکانی دڵ و مێشک.
  • کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ.
  • بەرەوپێشبردنی توانای مێشک.
  • سوودی بۆ ددانەکان ھەیە.
  • بەسوودە بۆ ھەرسکردن.
  • بەرگری لەش بەھێزدەکات.

زیانەکانی چای ماتچا

ماتچا زیانێکی لاوەکی دیاری نابێت کاتێک بە ڕێژەیەکی مامناوەند بەکاربھێنرێت، بەڵام ئەگەر ڕێژەکە بەرزبوو ئەوکات بەشێکی زۆر لە کافایین وەردەگریت و ڕەنگە ببێتە ھۆی سەرئێشە و سکچوون و بێخەوی و زوو شێتگیربوون، بەوھۆیەوە پێویستە لە دوو کوپ زیاتر نەخورێتەوە لە ڕۆژێکدا، ھەروەھا ئافرەتانی دووگیانیش دەتوانن بەکاری بھێنن بە ئاگاییەوە.


سەرچاوەکان



2081 بینین