لاتێ

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2024-05-29-22:03:00 - کۆدی بابەت: 13052
لاتێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کافێ لاتێ یان بە سادەیی لاتێ (بە ئینگلیزی: Latte،  بە عەرەبی: لاتيه) خواردنەوەیەکی قاوەیە کە بە ڕەچەڵەک ئیتاڵییە، بە ئێسپرێسۆ، شیری هەڵمکراو و کۆتایی بە کەفێکی شیر کە بە هونەری لاتێ ناسراوە، ئامادە دەکرێت.

مێژووی لاتێ

وشەی لاتێ لە زمانی ئیتاڵیدا بە واتای (شیر) دێت. هەرچەندە ئەوروپییەکان لانیکەم لە سەدەی حەڤدەهەمەوە قاوە و شیریان تێکەڵ کردووە، بەڵام زاراوەی “caffe latte” بۆ یەکەمجار لەلایەن ویلیام دین هاوێڵز لە وتارەکەیدا بە ناوی "گەشتە ئیتاڵییەکان" لە ساڵی ١٨٦٧دا بەکارهاتووە. دیاربوو زاراوەی "caffè latte" لەلایەن گەشتیارانی ئەمریکی لە ئیتاڵیا بەناوبانگ بووبێت. هەر لە ئیتاڵیا بوو بناغەی لاتێ دانرا، کاتێک کاپۆچینۆ وەک بنەمای لاتێ کاری دەکرد. لە کاپۆچینۆیەکی ئاساییدا شیری گەرمی کەفاوی لەگەڵ ئێسپرێسۆی بەهێز تێکەڵ دەکرێت بۆ دروستکردنی خواردنەوەیەکی هاوسەنگ و تامدار. بەڵام ئەمریکییەکان تامێکی سووکتریان پێ باش بوو، ئەمەش بووە هۆی زیادکردنی شیرهاوشێوەی کافێ لاتێ. لە کاتێکدا سەرچاوەی لاتێ دەگەڕێتەوە بۆ ئیتاڵیا، بەڵام ئەوە شاری سیاتڵ لە واشنتۆن بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بەناوبانگکردنی کولتوری لاتێ لە ئەمریکا. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا خواست لەسەر لاتێ بەرزبووەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە لە گەشەکردن. قاوەخانە و زنجیرە قاوەکان لە سەرانسەری ئەمریکا دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی لاتێ. لەم سەردەمەدا لاتێ بووەتە شتێکی سەرەکی لە کلتوری قاوە لە تەواوی دنیا.

جیاوزی نێوان لاتێ و کاپوچینۆ

لە کاتێکدا لاتێ و کاپوچینۆ بە هەمان پێکهاتە دروست دەکرێن، جیاوازییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چەند لە شیر و ئێسپرێسۆ بەکاردەهێنرێت. لاتێ شیری زیاتری تێدایە لە ئێسپرێسۆ و پاشانیش جینێکی تەنک لە کەفی شیر، لە کاتێکدا کاپوچینۆ بە بەشی یەکسان لە ئێسپرێسۆ و شیری هەڵمکراو و کەفی شیر دروست دەکرێت.

پێکهاتە سەرەکییەکانی لاتێ

ئێسپرێسۆ کە پێکدێت لە:

  • ١٨ گم قاوەی تۆخی برژاو
  • ٨٠ ملل ئاو
  • شیری هەڵمکراو کە پێکدێت لە
  • ٨٠ ملل شیری گیراوە

شێوازی ئامادەکردنی لاتێ

  • هەنگاوی یەکەم: ئیسپرێسۆکە بکوڵێنە، دوو شۆت ئیسپرێسۆ (نزیکەی ٥٨ ملل) بە بەکارهێنانی ئامێری ئیسپرێسۆ بکوڵێنە. بیڕێژە ناو کوپێک.
  • هەنگاوی دووەم: شیرەکە بە هەڵم بکە، نیو کوپ شیرە لە پلەی گەرمی نزیک ٦٦ پلەی سەدی بە هەڵم بکە. بە دانانی مەنجەڵێکی بچووک شیرەکە گەرم بکە لەسەر گەرمییەکی کەم و زۆر تێکی بدە. شیرەکە بگوازەرەوە بۆ ناو کوپێکی شووشە و چەند جارێک لە کوپەکە بدە بۆ ئەوەی هەر بڵقێکی گەورە هەبێت بشکێت.
  • هەنگاوی سێیەم: شیرەکە بڕێژە ناو کوپەکە، شیرە هەڵمکراوەکە بڕێژە بەسەر ئیسپرێسۆکەدا و کەوچکێک بەکاربهێنە بۆ ڕاگرتنی کەفەکە.
  • هەنگاوی چوارەم: کۆتایی پێهێنان بە کەف، لەسەرەوەی خواردنەوەکە، ئەو کەفەی مایەوە دەتوانیت بۆ دروستکردنی هونەری لاتێ بەکاری بهێنیت.

هونەری لاتێ

هونەری لاتێ شێوازێکە بۆ ئامادەکردنی قاوە کە بە ڕشتنی کەفی شیر بۆ ناو ئێسپرێسۆ دروست دەکرێت و لە ئەنجامدا نەخشێک یان هونەرێک لەسەر ڕووی خواردنەوەکە دروست دەبێت. هەروەها دەتوانرێت بە سادەیی  لەڕێی "کێشان" لە چینی سەرەوەی کەفەکەدا دروست بکرێت. ئەم زاراوەیە خواردنەوەکانی تریش دەگرێتەوە کە ئێسپرێسۆ و کەفی شیریان تێدایە، وەک کاپۆچینۆ.


سەرچاوەکان



1316 بینین