دووڕوویی لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-10-30-16:57:00 - کۆدی بابەت: 7045
دووڕوویی لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

دووڕوویی چییە<

لە زمانەوانیدا بە مانای ئەوە دێت کە مرۆڤ بە ڕووکەش شتێک بخاتە ڕوو و لە ناوەڕۆکدا شتێکی تر، ئەوەی جێگەی ئاماژە پێدانە ئەوەیە کە دووڕوویی زاراوەیەک بوو کە عەرەب پێش ئیسلام نەیبیستبوو بەو مانا تایبەتەی کە دێت، زانایان ڕای جیایان هەیە سەبارەت بەوەی کە ئایا وشەکە لە بنەڕەتدا لە چییەوە وەرگیراوە، هەندێک دەڵێن لە (النفق) ـەوە وەرگیراوە یا  لە (نافقاء) ـەوە، لەبەر ئەوەی دوو ڕووەکان کوفر و بێ باوەڕییەکەیان دەشارنەوە و بە ڕووکەش خۆیان وا پیشان دەدەن کە ئەوان موسڵمانێکی چاکن، وەکو جرجی بیابانی کە گیاندارێکە بە ژێر زەویەوە چاڵێکی گەورە دروست دەکات و زەویەکە هەڵدەکەنێت تا بەشێکی زۆر کەمی دەمێنێتەوە کە بێتە سەر ڕووی زەوی، لەویادا ئەو بەشە دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی کەس بە شوێنەکەی نەزانێت، کاتێک کە شتێک ڕوو دەدات بە سەری پاڵ بە خۆڵەکەوە دەنێت و دێتە سەر ڕووی زەوی، نمونەی دوو ڕووەکانیش بەم شێوەیە وایە.

ئەو نیشانانەی دووڕووەکان کە لە قورئانی پیرۆزدا باس کراون

لە ئایەتە پیرۆزەکانی قورئاندا خودای گەورە لە زۆر شوێندا باسی لە دوو ڕووەکان کردووە، لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:-

- باوەڕەکەیان بە زمان دەردەبڕن: باوەڕەکەیان بە زمان دەردەبڕن بە تەنها، بەو شێوە باوەڕەکەیان تەنها ڕووکەشە، لە هەمان کاتدا کوفر و بێ باوەڕیەکەیان لە ناخدا شاردۆتەوە، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ وَبِالْيَوْمِ الآخِرِ وَمَا هُمْ بِمُؤْمِنِينَ)(البقرة: 7).

- فێڵ کردن و هەڵخەڵەتاندن: دووڕووەکان وا دەزانن بەو کارەیان کە دەیکەن خودای گەورە و موسڵمانان هەڵدەخەڵەتێنن، بەڵام نازانن ئەوە خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن بەڵام هەستی پێناکەن، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (يُخَادِعُونَ اللَّهَ وَالَّذِينَ آمَنُوا وَمَا يَخْدَعُونَ إِلَّا أَنفُسَهُمْ وَمَا يَشْعُرُونَ)(البقرة: 9).

- گومان و دڵ نەخۆشی: خودای گەورە ئاماژەی بەوە داوە کە بێ باوەڕەکان دڵ نەخۆشن، لەبەر ئەوەی وا دەزانن کە ئەوان لەسەر ڕێی ڕاستن و ئەوەی دەیکەن هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، ئەمەش سەرەنجامی ئەو هەموو سەرپێچییە و لەڕێ دەرچوونەیانە کە دژ بە خودای گەورە ئەنجامیان داوە، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (فِي قُلُوبِهِمْ مَرَضٌ)(البقرة: 10).

- خراپە نانەوە لە زەویدا: یەکێکی تر لە سیفاتەکانیان ئەوەیە کە خراپە و تاوان ئەنجام دەدەن، وە کاتێکیش پێیان دەڵێیت خراپە لە زەویدا بەرپا مەکەن ئەوا وەڵامت دەدەنەوە و دەڵێن کە وا ئێمە چاکەکارین، لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی کردنی خودای گەورە چاکسازیە لە زەویدا و گوێڕایەڵێ نەکردنی خراپە نانەوەیە لە زەویدا، هەروەک خودای گەورە دەفەرموێت دەربارەیان: (وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ لا تُفْسِدُوا فِي الأَرْضِ قَالُوا إِنَّمَا نَحْنُ مُصْلِحُونَ)(البقرة: 11).

- گاڵتەکردن: گاڵتە کردن بە موسڵمانان یەکێکی ترە لە نیشانەکانیان، لەبەر ئەوەی ئەوان لەبەر باوەڕەکەیان گاڵتە بە موسڵمانان دەکەن، وە پێشیان دەڵێن ئێوە کەم هۆش و گێلن, بەڵام نازانن کە ئەوە خۆیانن کە کەم هۆش و گێلن بەڵام ئەوان ئەوە نازانن، خودای گەورە دەفەرموێت: (وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ آمِنُوا كَمَا آمَنَ النَّاسُ قَالُوا أَنُؤْمِنُ كَمَا آمَنَ السُّفَهَاءُ)(البقرة: 13).

- گاڵتەکردنیان بە باوەڕداران: وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (إِذَا لَقُوا الَّذِينَ آمَنُوا قَالُوا آمَنَّا وَإِذَا خَلَوْا إِلَى شَيَاطِينِهِمْ قَالُوا إِنَّا مَعَكُمْ إِنَّمَا نَحْنُ مُسْتَهْزِئُونَ)(البقرة: 14).

- شاردنەوەی درۆکانیان: یەکێکی تر لە نیشانەکانیان ئەوەیە کە موناقەشە و گفتوگۆ لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەکەن و قسەی جوان و بریقیان بۆ دەکەن بۆ ئەوەی کە کاریگەریان لێ بکەن و بۆیان بسەلمێنن کە ئەوان ڕاستگۆن وە خودای گەورە دەکەنە شایەت بەسەر قسە خراپەکانیەوە، بەڵام خودای گەورە دەزانێت کە ئەوان درۆزنن و ڕاستگۆ نین، خودای گەورە دەفەرموێت: (وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يُعْجِبُكَ قَوْلُهُ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيُشْهِدُ اللَّهَ عَلَى مَا فِي قَلْبِهِ وَهُوَ أَلَدُّ الْخِصَامِ* وَإِذَا تَوَلَّى سَعَى فِي الْأَرْضِ لِيُفْسِدَ فِيهَا وَيُهْلِكَ الْحَرْثَ وَالنَّسْلَ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ الْفَسَادَ* وَإِذَا قِيلَ لَهُ اتَّقِ اللَّهَ أَخَذَتْهُ الْعِزَّةُ بِالْإِثْمِ فَحَسْبُهُ جَهَنَّمُ وَلَبِئْسَ الْمِهَادُ)(البقرة: 204 - 206).

- شانازیکردن: یەکێکی تر هەر لەو سیفاتانەی کە لەو ئایەتەی کە ئێستە ئاماژەمان پێدا ئەوەیە کە شانازی بە وتە و کار و کردەوە پووچەکانیان دەکەن و خۆیان بە گەورە دەزانن.

- بەرهەڵستی حوکمەکانی خودای گەورە و پەنا بردنە بەر حوکمی تاغووتەکان: خودای گەورە دەفەرموێت: (أَلَمْتَرَ إِلَى الَّذِينَ يَزْعُمُونَ أَنَّهُمْ آمَنُوا بِمَا أُنْزِلَ إِلَيْكَ وَمَا أُنْزِلَ مِنْ قَبْلِكَ يُرِيدُونَ أَنْ يَتَحَاكَمُوا إِلَى الطَّاغُوتِ وَقَدْ أُمِرُوا أَنْ يَكْفُرُوا بِهِ وَيُرِيدُ الشَّيْطَانُ أَنْ يُضِلَّهُمْ ضَلَالًا بَعِيدًا، وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ تَعَالَوْا إِلَى مَا أَنْزَلَ اللَّهُ وَإِلَى الرَّسُولِ رَأَيْتَ الْمُنَافِقِينَ يَصُدُّونَ عَنْكَ صُدُودًا)(النساء: 60 – 61).

- خۆشویستنی بێباوەڕان: یەکێکی تر لە نیشانەکانیان ئەوەیە کە مەیلیان بۆ بێ باوەڕەکان دەچێت و ئەوانیان خۆش دەوێت و شانازیان پێوە دەکەن، خودای گەورە دەفەرموێت: (بَشِّرِ الْمُنَافِقِينَ بِأَنَّ لَهُمْ عَذَابًا أَلِيمًا* الَّذِينَ يَتَّخِذُونَ الْكَافِرِينَ أَوْلِيَاءَ مِن دُونِ الْمُؤْمِنِينَ)(النساء: 138 – 139).

- تەممەڵی:  تەممەڵی نواندن لە ئەنجامدانی پەرستشەکاندا، وە بە تایبەت تەممەڵی نواندن لە ئەنجام دانی نوێژدا، هەروەها ئەوان مەبەستیان لە ئەنجام دانی پەرسشتەکان تەنها ڕووپاماییە، خودای گەورە دەفەرموێت: (وَإِذَا قَامُواْ إِلَى الصَّلاَةِ قَامُواْ كُسَالَى يُرَآؤُونَ النَّاسَ وَلاَ يَذْكُرُونَ الله إِلاَّ قَلِيلاً)(النساء 142).

- بەخیلی و ڕەزیلی لە بەخشین و سەدەقەدا" وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (وَلاَ يُنفِقُونَ إِلاَّ وَهُمْ كَارِهُونَ)(التوبة: 54).

- فەرمان کردن بە خراپە و ڕێگری کردن لە چاکە: ئەمەش یەکێکە لە دیارترین نیشانە و سیفاتی دوو ڕووەکان، خودای گەورە دەفەرموێت: (الْمُنَافِقُونَ وَالْمُنَافِقَاتُ بَعْضُهُمْ مِنْ بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمُنْكَرِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمَعْرُوفِ وَيَقْبِضُونَ أَيْدِيَهُمْ)(التوبة: 67).

- نانەوەی فیتنەوە و ئاژاوە لە نێوان موسڵمانان و دووبەرەکی نانەوە: خودای گەورە دەفەرموێت: (لَوْ خَرَجُوا فِيكُمْ مَا زَادُوكُمْ إِلَّا خَبَالًا وَلَأَوْضَعُوا خِلَالَكُمْ يَبْغُونَكُمُ الْفِتْنَةَ)(التوبة: 47)، خودای گەورە ئەوەی ڕوون کردووتەوە کە ئەوان دوو بەرەکی دەخەنە نێوان موسڵمانان، بە تایبەت ئەو کاتەی مزگەوتی (ضرار) ـیان دروستکرد.

- سوێند خواردنی درۆ و بانگەشە کردنی موسڵمانێتی: خودای گەورە دەفەرموێت: (وَيَحْلِفُونَ بِاللَّهِ إِنَّهُمْ لَمِنْكُمْ وَمَا هُمْ مِنْكُمْ وَلَكِنَّهُمْ قَوْمٌ يَفْرَقُونَ)(التوبة: 56)، خودای گەورە لە سورەتی (المنافقون) ـدا ئەوەی باس کردووە کە ئەوان سوێنەکەیان دەکەنە قەڵغان بۆ ئەوەی نەچن بۆ جیهاد و تێکۆشان لە پێناو خودای گەورە، خودای گەورە دەفەرموێت: (اتَّخَذُوا أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً)(المنافقون: 3).

- نەبوونی سەبر و ئارامگری و بەرگەگرتن: نمونەش بۆ ئەمە ئەو کاتە بوو کە بێ باوەڕەکان خۆیان دەدزیەوە کە خەندەقە گەورەکە دروستبکەن لەگەڵ موسڵماندا، بەڵام کاتێک کە غەنیمەت بەشکرا هاتن و داوای بەشیان دەکرد.

- ڕقیان لەوە دەبوویەوە کە خودای گەورە دایبەزاندووە، هەروەها شوێنی ئەو شتانە دەکەوتن کە خودای گەورەی تووڕە دەکرد، وەک دەفەرموێت: (ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ كَرِهُوا مَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأَحْبَطَ أَعْمَالَهُمْ)(محمد: 9).

سیفەتەکانی دوو ڕووەکان لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ

لە فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەر محەمەد ﷺ ـدا بە هەمان شێوە کۆمەڵێک سیفەتی دوو ڕووەکان باسکراوە، لەوانەش:-

- خیانەتکردن لە ئەسپاردەکان لەگەڵ خودای گەورە و خەڵکیدا.

- درۆ کردن و ڕاست نەکردن لە قسە و کرداردا، کە ئەمەش یەکێکە لە سەرەکیترین نیشانەکانیان.

- بەڵێن نەبردنە سەر پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (آيَةُ المُنافِقِ ثَلاثٌ: إذا حَدَّثَ كَذَبَ، وإذا وعَدَ أخْلَفَ، وإذا اؤْتُمِنَ خانَ).

- کاتێک بەڵێن دەدات غەدری لێدەکات، وەک ﷺ دەفەرموێت: (وإذَا عَاهَدَ غَدَرَ) غەدرکردن بە هیچ جۆرێک دروست نییە تەنانەت گەر بەرامبەر بێ باوەڕیش بێت.

- ڕق لێبوونەوە لە هاوەڵەکانی پێغەمبەر ﷺ, وەک دەفەرموێت: (آيَةُ الإيمانِ حُبُّ الأنْصارِ، وآيَةُ النِّفاقِ بُغْضُ الأنْصارِ). موسڵمانی ڕاستەقینە هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ ـی خۆش دەوێت.

- بە زمانیان عەزێتی خەڵکی دەدەن و خراپە دەکەن و تانەیان لێ دەدەن.

- دواکەوتن و خۆ دزینەوە لە جیهاد و تێکۆشان لە پێناو خودای گەورە و دۆزینەوەی بیانوو بۆ ئەوەی بەشدار نەبن تێیدا، بێگومان کەسی باوەڕدار هەرگیز واناکات بەڵکو بە پێچەوانەوە حەزدەکات لە پێناو خودای گەورەدا بجەنگێت و شەهید ببێت.

- دواخستنی نوێژ، نوێژەکانیان دوا دەخەن تا کۆتا کاتی ئەو نوێژە.

- بەردەوام نەبوون و ئامادە نەبوون و پشت هەڵکردن لە نوێژی جەماعەت.

- ترسنۆکی، دوو ڕووەکان بەوە ناسراون کە زۆر دەترسن، هەر بۆیەش ناچن بۆ جیهاد و تێکۆشان لە پێناو خودای گەورە، وە هەر ئەم ترسەشە وای لێکردوون کە بانگەشەی موسڵمانێتی بکەن و کوفرەکەیان بشارنەوە.

- دانیشتنیان لەگەڵ بێ باوەڕ و هاوەڵ پەیداکەرەکان، هەر ئەمەشە وای لێ کردوون کە نکووڵی ئەوە بکەن کە ئاینی ئیسلام دینی حەقە، ڕقیان لە ئیسلام دەبێتەوە و کوفر و خراپەکاریان پێ خۆشە.

- هەمیشە لە دوودڵی و قەلەقی و خەم و خەفەتدان.

جۆرەکانی دووڕوویی

دوو ڕوویی گەورە

بە دوو ڕوویی عەقیدەیی و بیر و باوەڕیش دەناسرێت، ئەمەش مەبەست پێی دوو ڕووییە لە بنچنەکانی دین، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کەسە باوەڕەکەی دەردەخات بە ڕواڵەت، بەڵام لە ناخەوە بێ باوەڕە، ئەم جۆرەشیان کەسەکە دەخاتە دەرەوەی ئیسلام و دەچێتە بنەوەی دۆزەخ, وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ الْمُنَافِقِينَ فِي الدَّرْكِ الْأَسْفَلِ مِنَ النَّارِ وَلَنْ تَجِدَ لَهُمْ نَصِيرًا)(النساء: 145)

ئەمەش ئەو جۆرە بوو کە لە سەردەمی پێغەمبەر محەمەد ﷺ هەبوو، هەروەها لە نمونەی تری ئەم جۆرە دوو ڕوییە ڕق لێبوونەوە لە پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵەکانی و بە درۆ خستنەوەی، حەزکردن بەوەی کە ئیسلام سەرنەکەوێت، بە درۆ خستنەوەی ئەوەی پێغەمبەر ﷺ هێناویەتی یا بەشێکی لێی.

دوو ڕوویی بچووک

پێشی دەوترێت دوو ڕوویی کرداری، ئەمەش پەیوەستە بە لقەکان و بەشەکانی ئاینەوە نەک بنچینە و بیر و باوەڕ، وەک ئەوەی کەسێک خۆی بە ڕاستگۆ و دەستپاک نیشان بدات بەڵام لە ڕاستیدا وانەبێت، ئەم جۆرەیان کەسەکە پێی لە ئیسلام ناچێتە دەرەوە، بەڵام پێی فاسق دەبێت، نموونەی ئەو کەسەی کە تووشی دوو ڕوویی بچوک بووە درۆکردن لە کاتی قسەدا، فێڵ و خیانەتکردن، پاپەند نەبوون بە بەڵێنەوە.

جیاوازی نێوان دووڕوویی بچوک و دووڕوویی گەورە

- دوو ڕوویی گەورە خاوەنەکەی دەخاتە دەرەوە لە ئیسلام، بەڵام دوو ڕوویی بچووک خاوەنەکەی ناکاتە دەرەوە لە ئیسلام، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دوو ڕوویی گەورە پەیوەندی بە بیر و باوەڕەوە هەیە، بەڵام دوو ڕوویی بچووک پەیوەندی بە کردەوەی ڕۆژانەوە هەیە.

- دوو ڕوویی گەورە خاوەنەکەی بە هەمیشەیی لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە، وە کەسی باوەڕدار هەرگیز ئەم دوو ڕوویی ـەی لێ ناوەشێتەوە، بەڵام دوو ڕوویی بچووک خاوەنەکەی بە هەمیشەیی لە دۆزەخدا نامێنێتەوە، واتە لەوە دەچێت کە کەسی باوەڕدار تووشی ئەم جۆرەیان ببێت.

- دوو ڕوویی گەورە بەتاڵکەرەوەی هەموو کار و کردەوەکانە، بە پێچەوانەی دوو ڕوویی بچووک.

زیانەکانی دووڕوویی

- تووشبوون بە ترس و دڵەراوکێ.

- هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەر نەفرەتی خودای گەورە بکەویت.

- بە باوەڕدار ئەژمار ناکرێت.

حیکمەت لە باسکردن و ڕوون کردنەوەی سیفەتی دووڕووەکان

- بۆ ئەوەی باوەڕداران ئاگاداری سیفەتەکانیان بن و خۆیانی لێ بە دوور بگرن.

- هاندانی باوەڕداران بۆ ئەوەی پەیڕەوی خوڕەوشتە جوانەکان بکەن و هەوڵ بدەن ناوەوە و دەرەوەیان وەک یەک بێت.

- بۆ ئەوەی باوەڕداران پەند وەربگرن و خۆیان بپارێزن لەو پاشەڕۆژە خراپە.


سەرچاوەکان



2230 بینین