شۆڕشی گوڵی سوور

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-20-11:30:00 - کۆدی بابەت: 7320
شۆڕشی گوڵی سوور

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی شۆڕشی گوڵی سوور

شۆڕشی گوڵی سوور بە ئینگلیزی (Rose Revolution) یان شۆڕشی گوڵە سوورەکان (Revolution of Roses)، بە جۆرجی (ვარდების რევოლუცია)، (بە ئەلف و بێی ڕۆمانی: vardebis revolutsia)، گۆڕینێکی دەسەڵات بوو لە تشرینی دووەمی ساڵی 2003 لە وڵاتی جۆرجیا، ئەم شۆڕشە لە کاتی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە کێشەلەسەرەکان ناڕەزاییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی لەسەرکار لادانی سەرۆک "ئێدوارد شواردنادزه" کە کۆتایی بە سەرکردایەتی سەردەمی سۆڤیەت هێنا لە وڵاتەکەدا، ناوی ڕووداوەکە لەو چرکەساتەوە وەرگیراوە کە خۆپیشاندەران بە سەرۆکایەتی "میخائیل ساکاشڤیلی" بە گوڵە سوورەکانی دەستیانەوە هەڵیانکوتایە سەر دانیشتنی پەرلەمان، شۆڕشی گوڵی سوور بیست ڕۆژی خایاند 3 تا 23ی تشرینی دووەمی ساڵی 2003، هەروەها شۆڕشەکە بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وڵاتی جۆرجیا، کە بزووتنەوەی نەتەوەیی یەکگرتووی وەکو "پارتی دەسەڵاتداری باڵادەست"ی دامەزراند، لە دوای شۆڕشی گوڵی سوور جۆرجیا بەتەواوی سیاسەتی دەرەەی لایەنگرانی ڕۆژئاوای پەیڕەوکرد و یەکگرتنی ئەوروپی و یۆرۆ ئەتلانتیکی وەکو ڕابەری سەرەکی ڕاگەیاند، ئەم گۆڕانکارییە لە خولەکەدا بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکانی نێوان وڵاتانی جۆرجیا و ڕووسیا کە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.

ڕۆڵی میدیا لە شۆڕشەکەدا

کەناڵی تەلەڤیزیۆنی سەربەخۆ (ڕوستاڤی-2) ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شۆڕشی گووڵی سووردا کە ساڵانێک وەکو هاوپەیمانێکی بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیۆن خزمەتی دەکرد، بەتوندی ڕەخنەی لەڕژێم گرت و بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانی لەئۆپۆزسیۆنەکە کرد، یاسای ئازادی زانیاری گشتی جۆرجیا پارێزگاری یاسایی لە میدیا کرد بۆ ڕەخنەگرتن لە حکومەت و کردی بە سەرکردەیەک لە نێو کوتلەی ڕۆژهەڵاتی پێشوودا، بەڵام حکومەت بە بەردەوامی هەوڵیدەدا کەناڵی (ڕوستاڤی-2) دابخات، کە وێستگەکە لە شاری (تبلیس)ەوە کار دەکات و لە تەکنیکە هەراسانکەر و هەڕەشەئامێزەکانی ڕژێمەکە ڕزگاری بووە، کەناڵی (ڕوستاڤی-2) تا ڕادەیەک پشتگیری دارایی و مەشقی دەکرا و هەندێک جار لەلایەن USAID و دامەزراوەی ئۆراسیا پارێزگاری لێ دەکرا، کە زۆرجار هاوکاری گشتی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی حکومەت لە راپۆرتەکانی وێستگەکاندا کۆکردۆتەوە، پەخشی بەرنامەکانی کەناڵی (ڕوستاڤی-2) لە دروستکردنی ئۆپۆزسیۆن و هاندانی ناڕەزاییەکان بەسوود بوون.

ناوچەی ئەجارا

لە مانگی ئایاری ساڵی 2004 لە شاری "باتومی" لە ناوچەی "ئەجارا" لە وڵاتی جۆرجیا شۆڕشێک بەناوی دووەم شۆڕشی گوڵی سوور ڕوویدا، دوای چەند مانگێک گرژی توند لە نێوان حکومەتی "ساکاشڤیلی" و "ئاسڵان ئەباشیدزە"، دیکتاتۆرە ڕاستەقینەکەی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری و هەزاران ئەجاران کە لەلایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی یەکگرتوو و کاماراوە بەڕێوەدەبران، ناڕەزاییان لە سیاسەتی جیابوونەوەخوازی و بەسەربازی کردنی ئەباشیدزە دەربڕی، ئەباشیدزە هێزەکانی ئاسایش و گروپە سەربازییەکانی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی شاری "باتومی" و "کۆپولیتی"، بەڵام شکستی هێنا لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و قەبارە و مەودای خۆپیشاندانەکان زیاتربوون، لە 6 ی ئایاری ساڵی 2004دا خۆپیشاندەران لە تەواوی ناوچەکانی "ئەجارا" لە شاری "باتومی" کۆبوونەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی پێشووتر بە زەبری هێز بڵاوەیانپێکرابوو، "زوراب ژڤانیا" سەروەزیرانی جۆرجیا و "جیۆرجی بارامیدز" وەزیری ناوخۆ لەگەڵ "جەمال گۆگیتیدزێ" وەزیری ناوخۆی ئەجاران دانوستانیان کرد بۆ کشانەوەی سەربازەکانی لە سنوری ئیداری لە ڕووباری "چولوکی" و سەرکردایەتی هێزە تایبەتەکانی جۆرجی کرد بۆ ناوچەکە، ڕەوش و بارودۆخ وایکرد "ئەباشێدزە" بە ناچاری هەمان ئێوارە دەست لەکار بکێشێتەوە و بەرەو "مۆسکۆ" ڕۆیشت، ڕۆژی دواتر سەرۆک "ساکاشڤیلی" سەردانی شاری باتومی کرد و لەگەڵ هاوڵاتییەکانی ئەجارادا ئاهەنگی گێڕا.

کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان

دەوترێت شۆڕشی پرتەقاڵی کە لە دوای هەڵبژاردنە ناکۆکی لەسەرەکانی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە تشرینی دووەمی ساڵی 2004دا ڕوویدا، تا ڕادەیەک لەژێر کاریگەری شۆڕشی گوڵی سووری جۆرجی بووە.


سەرچاوەکان



809 بینین