پارێزگای بەسڕە

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-25-16:06:00 - کۆدی بابەت: 7385
پارێزگای بەسڕە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارێزگای بەسڕە (بە عەرەبی: البصرة) (بە ئینگلیزی: AL_Basra) سێیەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 19,070 كیلۆمەتر دووجایە و شەشەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لە ڕووی ڕووبەرەوە، دەکەوێتە بەشی خواروی باشووری عێراقەوە لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری "شەتولعەرەب"، تاکە بەندەری ئاویی عێراقە و بە پایتەختی ئابووری عێراق دادەنرێت.

شوێنی جوگرافی و کەشوهەوا 

پارێزگای بەسڕە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، لەسەر کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری "شەتولعەرەب" ئەم ڕووبارە لە یەکگرتنی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات پێکدێت و دەڕژێتە نێو کەنداوی عەرەبییەوە، لە باشوورەوە سنوری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتانی کوەیت و سعودیە، لە ڕوژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتی ئێران سنوری هاوبەشە، و لە باکوورەوە هەردوو پارێزگای زەی قاڕ و میسان دەوریان داوە و لە ڕۆژئاواوە پارێزگای موسەننا لێوەی نزیکە، پارێزگای بەسڕە کەشوهەوایەکی بیابانی گەرمی هەیە هاوینێکی پڕوکێنەر و شێداری هەیە و ڕێژەی باران بارینیشی کەمە.

مێژووی پارێزگای بەسڕە

ـ  بەسڕە لە زمانی عەرەبیدا بە واتای زەوییەکی ڕەق و بەردین دێت، بەو ناوەوە ناونراوە چونکە شوێنە جوگرافیەکەی و خاکەکەی لە بەردی سپی ڕەق و زبر پێکهاتووە.
- پارێزگای بەسڕە لە سەردەمی خەلیفەی عومەری کوڕی خەتتاب لە ساڵی 14ی کۆچی لەلایەن "عوقبەی کوڕی غەزوان" بنیاتنراوە، بووە یەکەمین پارێزگای ئیسلامی کە لە دەرەوەی سنوری نیمچە دورگەی عەرەبی دروستکراوە.
ـ بەسڕە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامیدا مزگەوت و قوتابخانەکانی هەمیشە لێوان لێو بووە لە زانا و ئەدیبە ناودارەکان.
ـ لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئیسلامی و داگیرکارییەکانی مەغۆل پێگەی بەسڕە لە ڕووی زانست و ڕۆشنبیرییەوە لاواز بووە، بەڵام هەر وەکوو بەندەری سەرەکی ماوەتەوە بۆ ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتانی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتدا.
ـ لە سەردەمی سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بەسڕە بووە ناوچەیەکی جێناکۆك و هەمیشە ململانێیەکی توند هەبووە لە سەری، تا بەپێی پەیماننامەیەك لەنێوان هەردوولا بووەتە بەشێك لە ویلایەتی ژێردەسەڵاتی عوسمانی.
ـ لە جەنگی جیهانی یەکەمدا هێزەکانی بەریتانیا لە ساڵی 1914 پارێزگاکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و بەسڕە بووە بنکەی هێزەکانی بەریتانیا لە عێراق، گرنگترین دەسکەوتی ئەو سەردەمە بریتی بوو لە بنیاتنانی بەندەرێکی سەردەمییانە لەگەڵ وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ناوچەی "مەعقەل" ئەم دوو پرۆژەیە کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبووە لە بایەخدانی زیاتر و بەرەوپێشچوونی بازرگانی لە بەسڕەدا.
ـ كاتێک عێراق لە ساڵی 1921 سەربەخۆیی وەرگرت، چەند بەرەوپێشچوونێکی تەلارسازی گرنگ لە پارێزگاکە ڕوویدا، لە ساڵی 1924 نەخۆشخانەی گشتی لە باشووری ڕۆژئاواوە بنیاتنراوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1936 دامەزرا، لە هەمانکاتدا ئاوی سازگار و کارەبا بۆ پارێزگاکە دابینکراوە، ئەم پڕۆژە و گەشەسەندنانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەریی هەبووە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان لە پارێزگاکە.
ـ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق و ڕاگەیاندنی کۆماری لە عێراق، لە ساڵی 1964 زانکۆی بەسڕە دامەزرا، بووە گرنگترین دووەم زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق. 
ـ لە جەنگی عێراق و ئێران بەسڕە بووە گرنگترین پێگەی سەربازی بە تایبەت لەدوای کەوتنی فاو داگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە.
ـ لە جەنگی کەنداو و لە پرۆسەی ڕزگارکردنی کوەیت، بەسڕە کەوتە بەر هێرشی توندی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا، زیانێکی زۆر  بەرناوچە و شوێنە گرنگەکانی کەوتووە، تا ئێستا شوێنەوار و کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە بە ناوچەکەوە ماوە.

زمان و ئاین و ژمارەی دانیشتوان 

ژمارەی دانیشتوانەکەی بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2014 نزیکەی 1.5 ملیۆن کەسە، زمانی عەرەبی زمانێکی فەرمییە و هەموو دانیشتوانی ناوچەکە قسەی پێدەکەن، شێوەزارێکی تایبەت بە خۆیان هەیە "شێوەزاری بەسڕایی" کە نزیکە لە شێوەزاریی خەلیجییەوە بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیانەوە کە نزیکن لە وڵاتانی کەنداوە بە تایبەت لە وڵاتی کوێت، دانیشتوانی بەسڕە زۆرینەیان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن بە هەردوو ڕێبازەکەیەوە سوونە و شیعە، بەشێکی کەمیان باوەڕیان بە ئاینەکانی تر هەیە بەتایبەت ئاینی کریستیانەکان کە سەر بە تیرەکانی ئەرمەن و ئاشووریین شوێنکەوتوی کڵێسای ئەرمەنیی و ئەرسەزۆکسی و سریانیین، هەروەها بەشێك لە پەیڕەوانی ئاینی سابیئە و مەندائییەکان بوونیان هەیە و مێژوویەکی گرنگیان هەیە لەو ناوچەیە، بەپێی کۆتا سەرژمێری کە لە عێراق کراوە لە ساڵی 2007 ژمارەی دانشتوانی بەسڕە نزیکەی 1.9 ملیۆن کەس بووە، لە کۆتا خەمڵاندنی ساڵی 2017 ژمارەی دانیشتوان خەمڵێنراوە لە نێوان 1.5 بۆ 2.1 ملیۆن کەسە.

گرنگی و پێگەی بەسڕە لە عێراق

ـ کەرتی ئابووریی: پارێزگای بەسڕە بە پایتەختی ئابووریی عێراق دادەنرێت، بەوپێیەی نەوت سەرچاوەی سەرەکی ئابورییە لە عێراقدا، بۆیە بەسڕە بە ڕادەیەکی زۆر سامانی نەوتی تێدایە و گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و بنکەی سەرەکی کۆمپانیای نەوتی باشوور لە بەسڕەیە.
ـ کەرتی کشتوکاڵ: چەندان بەرووبوومی سەرەکی نموونەی گەنم و جۆ و برنج و گەنمەشامی بەرهەم دەهێنێت، هەروەها زۆر دەوڵەمەندە بە سامانی ئاژەڵی ماسی، باشترین و تایبەترین جۆرەکانی خورما کە خاکەکەیدا دەڕوێت و لە ڕابردوودا ڕەوانەی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا کراوە
ـ کەرتی بازرگانی: بازرگانی لە پارێزگای بەسڕە پیشەیەکی سەرەکییە، چونکە تاکە بەندەری ئاویی عێراق لەو ناوچەیەدایە و خزمەتێکی زۆری پارێزگاکانی تری عێراق دەکات.
ـ کەرتی  گەشت و گوزار: بەسڕە بە ناوچەیەکی گەشتوگوزاری دادەنرێت، چونکە چەند مەزارگایەکی ئاینی لێیە: وەکوو مزگەوتی بەسڕەی کۆن، مزگەوتی "ئەلکواز" و مزگەوتی "مەقام"، هەروەها خاوەن چەندان شوێنەواری مێژوویە چەشنی قشڵەی بەسڕە و "دوورگەی سیندیباد".

گرنگترین شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای بەسڕە

  • زوبێر
  • فاو
  • قەڕنە
  • شەتولعەرەب
  • ئەبوو خەسیب
  • مەدینە 

گرنگترین کەسایەتییەکانی پارێزگای بەسڕە

- جاحز: زانای ناودار و خاوەن کتێبی "البخلاء"و کتێبی "رسائل التربيع والتدوير".
- فەراهیدی: زمانناس و شارەزای زمانی عەرەبی و دانەری یەکەمین فەرەنگی زمانی عەرەبی.
- سیبەوەی: زانا و شارەزای زمان و ڕێزمان عەرەبی.
- حەسەنی کوڕی هەیسەم: زانای بواری فیزیا.
- حەسەنی بەسەڕی: پیاوچاک و زانای ئیسلامی.
- بەدر شاکر سەیاب: شاعیری ناوداری عەرەبی.


سەرچاوەکان

636 بینین