مانیا

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-31-00:02:00 - کۆدی بابەت: 7449
مانیا

ناوه‌ڕۆك

مانیا چییە؟ 

مانیا (بە ئینگلیزی: Mania) گۆڕانێکی تووندە لە ڕەفتاری کەسێکدا کە کاردەکاتە سەر توانای ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە بۆ هەفتەیەک یان زیاتر بەردەوام دەبێت. لە حاڵەتی مانیادا کەسەکە میزاج، شێوازی بیرکردنەوە و ئاستی وزەی دەگۆڕێت و زیاد دەبێت. بەگشتی لە حاڵەتی مانیادا کەسەکە وزە و دڵخۆشییەکی لەڕادەبەدەری دەبێت واتا تەواو پێچەوانەی خەمۆکی و بێتاقەتییە. هەندێک کەس چێژ لە مانیا وەردەگرن، لەکاتێکدا هەندێکی تر بە بێزارکەر و ناڕەحەتکەری دەبینن. 

لەهەندێک حاڵەتدا نیشانەکانی مانیا لەوانەیە تووند ببن وەکوو هەڵوەسەکردن و سایکۆسس کە پێویستی بە مانەوە لە نەخۆشخانە دەبێت.

دەکرێت کەسێک تووشی مانیا ببێت بەتەنیا، یانیش وەک بەشێک لە نەخۆشی و حاڵەتێکی تری دەروونی تووشی ببێت. نموونەی ئەو حاڵەتانەی مانیایان لەگەڵ دەبێت وەکوو:

- نەخۆشیی دووجەمسەری

- شیزۆفرینیا

- مانیای هاندراو بە ماددەهۆشبەرەکان

- نەخۆشیی دووجەمسەری کە بەهۆی نەخۆشییەکی ترەوە دروست بووبێت

نیشانەکان

نیشانەکانی مانیا بریتین لەو ڕەفتارانەی کە گۆڕانێکی بەرچاویان پێوە دیارە لەچاو ڕەفتارە هەمیشەییەکانی کەسەکە و بۆ ماوەی هەفتەیەک یان زیاتر بەردەوام دەبن. هەندێک کەس لەوانەیە هەندێک لە نیشانەکانی مانیایان هەبێت وەکوو زیادبوونی وزە و قسەکردن بەخێرایی، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕەفتارێکی ئاساییی خۆیان بێت، دەشێت کە مانیا نەبێت. نیشانە تووندەکانی مانیا دەکرێت جدی بن و پێویستیان بە چارەسەر و مانەوە لە نەخۆشخانە ببێت.

نیشانەکان بریتین لە:

- بوونی وزەیەکی لەڕادەبەدەر زۆر.

- کەمبوونەوەی پێویستی بە خەوتن.

- هەستی یوفۆڕیا (بە ئینگلیزی: Euphoria) وەکوو، دڵخۆشی و خڕۆشان. 

- هەستکردن بە بەهێزی و پتەوی

- بیری پێشبڕکێیانە (بە ئینگلیزی: Racing thoughts) واتا زۆر بیرکردنەوە و خێرا بیرکردنەوە لە بابەتێک. هەروەها بوونی بیرۆکەی جۆراوجۆر لەیەک کاتدا (بە ئینگلیزی: Flight of ideas) بۆ نموونە کەسەکە بەسەریەکەوە دەڵێت: "برسیمە. ئامانجی ژیان چییە؟ دەبێت کەشوهەوای بەیانی چۆن بێت؟ دایکم دەبێت کێشی داببەزێنێت. بیرم چوو منداڵەکانم لە قوتابخانە بهێنمەوە".

- زۆر بڵێیی و  قسەکردن زۆر بەخێرایی و بە دەنگی بەرز.

- ڕەفتارێک کە لە تایبەتمەندی کەسەکە بەدوور بێت. 

- بەئاسانی بێزار دەبن.

- سەرەڕۆیی.

- بەرزخوازی، واتە بیرکردنەوەی پڕوپووچی بەرزخوازانە، بۆ نموونە کەسەکە دەڵێت: "جەستن بیبەر نامەی دڵداریم بۆ دەنێرێت" یان "پێویستە ئەم هەفتە ماڵمان بگوازینەوە بۆ ئەڵمانیا، لەوێ بووم بە سەرۆک".

- زیادبوونی دڵەڕاوکێ

- زیادبوونی کردارە بەرەو ئامانجییەکان، لەیەک کاتدا کەسەکە چەندین کار بەیەکەوە ئەنجام دەدات

- سایکۆسس کە دابڕانە لە واقیع

- زیادبوونی ڕەفتارە سەرشێتییەکان، وەکوو زۆر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سێکسی ناتەندروست یان زۆر خەرجکردنی پارە و قومارکردن

- بیری پڕوپووچ (وەهم) وەکوو پاڕانۆیا (بەد گومانی)

- هەڵوەسەکردن

- بوونی بیری خۆکوژی

کاتێک حاڵەتی مانیاکە تەواو دەبێت، کەسەکە لەوانەیە ئەزموونی ئەم هەستانە بکات:

- شەرمەزاری یان دڵتەنگی بەهۆی ڕەفتارەکانیانەوە

- لەئەستۆگرتنی ئەو ئەرکانەی کە ئێستا هەست دەکەن ناتوانن ئەنجامیان بدەن

- لەبیریان نامێنێت کە لە ماوەی مانیاکەدا چی ڕوویداوە، یان شتێکی زۆر کەمیان لەبیرە

- هیلاکی 

- پێویستیان بە خەو و پشوودانێکی زۆر دەبێت

دەستنیشانکردن

بۆ دەستنیشانکردنی مانیا پزیشک کۆمەڵێک پشکنین دەکات بۆ دڵنیاکردنەوە لە بوونی هۆکار و جیاکردنەوەی حاڵەتەکانی تر. پشکنینەکان بریتین لە:

- پشکنینی تەواوی خوێن

- پشکنینی تەواوی مێتابۆلیکی

- پشکنینی غوددە

- پشکنینی بوونی ماددەی هۆشبەر لە میزدا

- پشکنینی تیشکیی مێشک، وەکوو ئێم ئاڕ ئای سکان و سی تی سکان، بەتایبەتی لە کەسانی خوار تەمەن ١٣ ساڵی و سەروو ٦۰ ساڵی.

مانیا و هایپۆ مانیا

هایپۆ مانیا یان مانیای سست (بە ئینگلیزی: Hypomania): جۆرێکی سووکتری مانیایە کە ماوەیەکی کورتتر دەخایەنێت بەگشتی چەند ڕۆژێکە و نیشانەکانی سووکترن و مەرج نییە پێویستی بە چارەسەر ببێت. 

مانیا: حاڵەتێکی تووندترە کە ماوەیەکی زیاتر دەخایەنێت، هەفتەیەک یان زیاتر. کە زۆر جار پێویستی بە چارەسەر و فریاکەوتنیش دەبێت.

مانیا و هایپۆ مانیا دەتوانن بە تەنیا دەربکەون یان لەگەڵ حاڵەتە دەروونییەکانی تری وەکوو دووجەمسەی، خەمۆکیی وەرزی، سایکۆسسی دوای منداڵبوون یان شیزۆفرینیا. 

هۆکار 

تا ئێستا هۆکاری مانیا یان نەخۆشیی دووجەمسەری بە دیاریکراوی نەزانراوە. هۆکارەکان لەوانەیە تێکەڵەیەک بن لە بۆماوە، هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان. 

توێژینەوەکان دەریان خستووە کە بۆماوە پەیوەندییەکی زۆری بە مانیاوە هەیە. لە توێژینەوەیەکی جمکەکاندا ئەگەری تووشبوونی یەکێک لە جمکەکان بە مانیا ٤۰٪ بووە ئەگەر ئەوەی تریان مانیای هەبووبێت. ئەم بۆهێڵانە کاریگەرییان هەیە لە حاڵەتی بوونی دووجەمسەری و شیزۆفرینیاشدا.

هۆکارە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانیش بریتین لە:

- بوونی فشاری زۆر و زەبری دەروونی

- بێخەوی یان گۆڕان لە شێوازی خەو

- ماددەی هۆشبەر و کحول

- گۆڕانی وەرز، بەهار باوترین وەرزە بۆ تووشبوون بە مانیا

- گۆڕانکاریی گەورە لە ژیاندا وەک جیابوونەوە و گواستنەوەی شوێن

- تووشبوونی حاڵەتی سایکۆسس پاش منداڵبوون

- جەرگ سووتان

- کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان، وەکوو دژەخەمۆکییەکان.

- کاریگەریی لاوەکیی حاڵەتی جەستەیی یان دەماری، وەکوو نەخۆشیی گورگەی پێست، خەڵەفان، جەڵتەی مێشک یان برینی مێشک.

- گرێی مێشک و هەورکردنی مێشک (بە ئینگلیزی: Encephalitis).

چارەسەر

دەرمان

دەرمانی دژەسایکۆتیکەکان وەکوو:

- هالۆپریدۆڵ

- ڕیسپریدۆن

- ئۆلانزپین

- کویتاپین

دەرمانەکانی جێگیرکردنی میزاج، وەکوو:

- کاربامازیپین

- لیسیۆم

- سۆدیۆم ڤالپرۆیت (دژەگرژبوون)

چارەسەرەکانی تر 

  • چارەسەری دەروونی: ئەگەر مانیاکە بەهۆی حاڵەتێکی دەروونییەوە بێت، وەکوو دووجەمسەری ئەوا دەتوانن سوود لە چارەسەر بە قسەکردن وەربگرن وەکوو چارەسەری هزریی ڕەفتار، چارەسەری لۆجیکیی ڕەفتار.
  • پاڵپشتیی کۆمەڵگە: ئەگەر مانیاکە کار بکاتە سەر ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە، ئەوا دەتوانن سوود لە پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی وەربگرن، وەکوو توێژەری کۆمەڵایەتی.
  • یارمەتیی فریاکەوتن: ئەگەر نیشانەکان تووند بن، یان مانیاکە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت ئەوا پێویستە سوود لە فریاکەوتنی نەخۆشخانە وەربگرن.
  • چارەسەر بە تەزووی کارەبایی: لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، ئەگەر مانیاکە مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە هەبێت یان لەو حاڵەتانەی کەسەکە نەخۆشیی دوو جەمسەریی لەگەڵ بێت و وەڵامدانەوەی بۆ هیچ دەرمانێک نەبێت، ئەوا چارەسەر بە تەزووی کارەبایی بەکار دەهێنرێت. تەزووی کارەبا نۆرەی فێ دروست دەکات لە مێشک بۆ ئەوەی کار بکاتە سەر هەندێک دەمار و کیمیکە ماددەکان لە مێشکدا.


سەرچاوەکان



4430 بینین