ڕەش

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-28-16:36:00 - کۆدی بابەت: 7728
ڕەش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕەنگی ڕەش (بە ئینگلیزی: Black) ڕەنگێکی تاریکە کە بەشێکە لە شەبەنگی بینراو، بەواتەیەکی تر ڕەش پێکهاتووە لە هەموو ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە بۆیە هەموو ڕەنگەکان هەڵدەمژێت و هیچ ڕووناکییەک ناداتەوە، بەڕەنگێکی دەرنەکووتوو یان نیشانەیەک بۆ خەم بەکاردێت، گیانەوەری ڕەنگ ڕەشیش هەن وەک پشیلەی ڕەش و ناوی دەریاچەش هەیە وەک دەریای ڕەش.
ئەم ڕەنگە لە یەکەمین ڕەنگەکان بووە کە لە چاخی بەردین بۆ وێنەکێشان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان بەکاریان هێناوە، لە ئەدەبیاتی ئایینیدا، ڕەنگی ڕەش ئاماژەیە بۆ دونیای ژێرزەوی و نەبینراو هەر لەبەرئەمەش ڕەنگی ڕەش هەستێکی نەناسراو و پڕ لە ڕاز و نهێنی هەیە و بە نیشانەی تاریکی و مەرگ ناسراوە، بەکارهێنانی ئەم ڕەنگە لە لە دیزاین و نەخشەسازی ناوەوەی ماڵ و تەلارەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕووناکییەکان هەڵمژێت و شوێنەکە بچووکتر دەرکەوێت، ڕەنگی ڕەش دەتوانێت بێزارکەر، زۆر قووڵ و قورس دەربکەوێت و ببێتە هۆی دروستبوونی هەستی خەمۆکی.

ڕەنگی ڕەش لە سروشتدا بە سوودوەرگرتن لە کانە کانزاییەکان، قوڕقوشم بەدەستهاتووە، هەرچەندە وادەردەکەوێت کە ڕەنگێکی سادە و سەرتایی بێت بەڵام چەندین جۆری جیاواز لە ڕەنگی ڕەش لە پیشە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێن، بەدەستهێنانی کوالێتییەکی گونجاو و باشی ئەم ڕەنگە هەر لەکۆنەوە جێگەی بایەخ بووە بەشێوەیەک کە پێکهاتەیەکی دڵخوازی کەسەکان بەرهەم بهێنن.

مێژوو

ڕەش یەکیکە لە یەکەمین ڕەنگەکان کە لە هونەردا بەکارهاتووە، ئەشکەوتی لاکۆس (Lascaus) لە فەڕەنسا کۆمەڵێک وێنەی کێشراوی مانگا و ئاژەڵانی تری لەخۆگرتووە کە لە نێوان ١٨٠٠٠ تا ١٧٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هونەرمەندانەوە کێشراون، ئەوان بە بەکارهێنانی خەڵووز دەستیان پێکردووە و پاشان بە سووتاندنی ئێسکەکان یان وردکردنی هاڕاوەی ئۆکسیدی مەنگەنیز ڕەنگی ڕەشی باشتر و ڕوونتریان دروست کردووە.  

سەردەمی کۆن 

لەلای میسڕییە کۆنەکان، ڕەنگی ڕەش واتای ئەرێنی هەبووە، ڕەنگی ئەو خاکە ڕەش و بەپیتە بووە کە ڕووباری نیل هێناویەتی، ڕەنگی (ئانوبیس) خودای جیهانی ژێرزەوی بووە کە لەسەر شێوەی چەقەڵێکی ڕەش دەرکەوتووە و لە بەرامبەر خراپە پارێزگاری لە مردووەکان کردووە.
لەلای یۆنانییە کۆنەکان، بەهەمان شێوە ڕەنگی ڕەش ڕەنگی جیهانی مردووان بووە کە بەهۆی ڕووباری (ئاچڕۆن) کە ئاوەکەی ڕەش بووە، لە جیهانی زیندووەکان جیا دەبووەوە
ئەو کەسانەی کە خراپترین تاوانیان ئەنجام داوە، بۆ قووڵترین و تاریکترین بەشی ڕووبارەکە (طرطارس) نێردراون، لە ناوەڕاستی ڕووبارەکەدا کۆخی هادس، پادشای جیهانی ژێرەوە بوونی هەبووە، ڕەنگی ڕەش یەکێک لە گرنگترین ڕەنگە بەکارهاتووەکان بوو لەلایەن هونەرمەندانی یۆنانی کۆن، بە بەکارهێنانی تەکنیکێکی زۆر ڕەسەن، دەستیان کردووە بە دروستکردنی گۆزە کە بە ڕەنگی ڕەش نەخشیان لەسەر کێشاوە، لەلای ڕۆمە کۆنەکان، ڕنگی مۆر تایبەت بوو بە ئیمپڕاتۆر، ڕەنگی سوور ڕەنگی جلوبەرگی ئەفسەران و سەربازەکان بوو، پیشەگەران ڕەنگی ڕەشیان دەپۆشی، لەلای ڕۆمییەکان ڕەنگی مردن و پرسەداری بوو.
دادوەرەکانی ڕۆم دەستیان کرد بە پۆشینی جلێکی ڕەش بە ناوی toga pulla، لە مەراسیمی بەخاکسپاردندا، پاشان خانەوادەی مردووەکە بەهەمان شێوە بۆ ماوەیاکی درێژ جلی تاریکیان لەبەردەکرد، دواتر لە دوای میوانییەک بەبۆنەی تەواوبوونی پرسەکەوە، جلە ڕەشەکەیان دەگۆڕی بە جلێکی سپی، لە شیعری ڕۆمیدا، مەرگ بە کاتژمێری ڕەش ناودەبرا. 

بەکارهێنانی

یەکەمین جەوهەر و بەردی کانزا بەنرخەکان ناسراوەکان لەلایەن چینییەکانەوە دروست کراون کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٢٣ پێش زایین ئەوان ڕەنگی گیای سروستی و ماددەی کانزاییان لەگەڵ ئاودا بەکاردەهێنا و بە فڵچە جەوهەرەکەیان بەکاردەهێنا.
یەکەمین جەوهەرەکان کە چینییەکان دروستیانکرد لێکچووی ئەو جەوهەرە مۆدێرنە بوون کە نزیکەی ٦٥٢ ساڵ پێش زایین لە کۆتاییەکانی جەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆزرایەوە. بەگشتی بە سوتاندنی داری سنەوبەر و تێکەڵکردنی لەگەڵ چەسپی ئاژەڵی بەرهەم دەهێنرێن، بۆ بەدەستهێنانی ئەم گەوهەرانە، داری سنەوبەرەکە بە بەردەوامی لە بەرانبەر بەردی گەوهەر لەگەل کەمێک ئاو دەهاڕدرێت تا شلەیەکی ڕەش بەرهەم بێت و پاشان بە فڵچەی مرەکەب بەکاردەهێنرێت، لەلایەن هونەرمەندان و خۆشنووسانەوە.

ڕەنگی ڕەش هێمای چییە؟

  • سامان
  • هێز
  • زیرەکی
  • لێهاتوویی
  • نامۆبوون
  • مردن و پرسەیە

واتا سەرەکییەکانی ڕەنگی ڕەش

ـ نهێنی و ڕاز: ڕەنگی ڕەش هەمیشە وەک هێمایەک بۆ دونیای نەناسراو و شاراوە و نامۆ بەکاردەهێنرێت.
ـ هێز و دەسەڵات: ڕەش نیشانەی هێزە، ئەم ڕەنگە زۆربەی هەستەکان دەرناخات و مرۆڤ وەک کەسێکی ئاڵۆز و شاراوە و وەک کەسێک دەردەخات کە بەئاسانی بەدەست نایەت. 
ـ ناسکی: ڕەنگی ڕەش وەک هێمایەک بۆ ناسکی و سادەیی ناسراوە.
ـ پرسەداری: لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا، ڕەش وەک نیشانەیەک بۆ مەرگ و پرسەداری دادەنرێت.

ناسینی ئەو کەسایەتییانەی حەزیان بە ڕەنگی ڕەشە

- ئەو کەسانەی حەزیان لە ڕەنگی ڕەشە، زۆر جدی و خۆپارێزن و خۆیان بە کەسێکی بەدەست نەهاتوو دەزانن.
- ئافرەتانی سەرکەوتوو بەزۆری ڕەنگی ڕەش هەڵدەبژێرن، چونکە دەتوانێت هەستی ناسکی، متمانەبەخۆبوونیان پێببەخشێت.
- کەسانێک کە حەزیان لە ڕەنگی ڕەشە، کەسانێکی سەربەخۆن، خۆیان بە تەنها تەواوی کارەکان ئەنجام دەدەن و کەمتر هاوکاری لە کەسانی تر وەردەگرن.
- ئەو کەسانە زۆر خۆپەسەندن و متمانە بەخۆبوونێکی زۆر بەرزیان هەیە.
- کەسانێک کە لە تەمەنی هەرزەکاری ڕەنگی ڕەش بەکاردەهێنن، لە ڕاستیدا دەیانەوێت سەربەخۆیی خۆیان و دەستپێکی قۆناغێکی تازە لە ژیانی خۆیاندا ڕابگەیەنن.
- کەسانێک کە ڕەنگی ڕەشیان حەز لێیە، بەئاسانی لەگەڵ کەسانی تر پەیوەندی دروست ناکەن و هاوڕێی زۆریان نییە.

تایبەتمەندی و کاریگەری ڕەنگی ڕەش لەسەر مرۆڤ

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە زۆر بەکارهێنانی ڕەنگی ڕەش دەکرێت ببێتە هۆی خەمۆکی و دەرکەوتنی کێشە و ناهاوسەنگی لە ڕەفتاری مرۆڤدا، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زیاتر بیر لە لایەنە نەرێنییەکانی ژیان بکەینەوە.

ڕەنگی ڕەش نیشانەی چییە؟

- بەکارهێنانی ڕەنگی ڕەش لە دیزاینی دیکۆراتی ناوەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە شوێنەکە بچوکتر دەربکەوێت.
- لە هەندێک وڵات، پشیلەی ڕەش نیشانەی شوومییە.
- پشتێنی ڕەش، نیشانەی بەرزترین ئاستە لە وەرزشەکانی شەڕدا وەکوو کاراتی.
- زۆربەی دەوڵەمەندان و بازرگانە سەرکاوتووەکانی دونیا، جلوبەرگی ڕەش لەبەردەکەن کە نیشانەی کارامەیی و لێهاتووییانە لە کاڕەکەیاندا
- قەشەکان جلی ڕەش لەبەردەکەن کە بەخشندەیی و لەخۆبووردەییان نیشان دەدات
- ڕەنگی ڕەش نیشانەی دڵنیایی و سووربوونە لەسەر ئەنجامدانی کارێک
- جلوبەرگی ڕەش نیشانەی جوانی و سەرنجڕاکێشییە


سەرچاوەکان

896 بینین