سپی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-04-21:59:00 - کۆدی بابەت: 7750
سپی

ناوه‌ڕۆك

ڕەنگی سپی

سپی (بە ئینگلیزی: White) ڕووناکترین ڕەنگە، سپی ڕەنگی بەفری تازە و شیرە، ڕەنگەکە بەرھەم ھاتووە لە تێکەڵکردنی ھەموو ڕەنگەکانی شەبەنگی بینراو، ھەروەک دروشمێک سپی بەرامبەری ڕەشە، لە هەندێک لە فەرھەنگەکاندا سپی ڕەنگێکە کە لەگەڵ بێتاوانی پەیوەندیدارە، بێ ھەڵەیی، باشە، ڕاستگۆیی و پاکی، ڕەنگی سپی دژی ڕەشبینی و تاریکییە، بە ڕەنگێکی ئەرێنی و نوورانی دادەنرێت. 
لەبەرکردنی جلی سپی دەبێتەهۆی کرانەوەی دڵ و ئاسوودەیی ڕۆح لە مرۆڤدا، بووکەکان جلی سپی دەپۆشن وەکوو نیشانەی پاکی و بێگەردی، ڕەنگی سپی بە ڕەنگێکی هاوینە دادەنرێت چونکە ڕووناکی دەداتەوە و ڕێگری دەکات لە گەرمابوون، لە دیزاین و نەخشەسازی ناوماڵ و دیزاینی جلوبەرگدا زۆر بەکاردێت، چونکە ڕەنگێکی ناسک و ئارامە و لەگەڵ هەموو شتێکدا دەگونجێت، لەبەرئەوەی کە سپی ڕەنگێکی ڕووناکە پەڵەی پیسی زوو لەسەر دەردەکەوێت بۆیە پەرستار و پزیشکەکان جلی سپی لەبەردەکەن تاوەکوو نیشاندەری پاک و خاوێنیان بێت. 

ڕەنگی سپی لە دیزاین و نەخشەسازی ناوماڵ

سپی یەکێکە لەو ڕەنگانەی کە لای زۆربەی خەڵک دڵخوازە ئەم ڕەنگە بەپێی ژمارەی ئەو لایەنگرانەی کە هەیەتی، بە ڕەنگێکی بێڕکابەر دادەنرێت، هەروەها بە ڕەنگێکی بێلایەن دانراوە و وەکوو باوترین ڕەنگ لە دیزاینی دیزاین و نەخشەسازی ناوماڵدا ناسراوە کە خواستێکی زۆری لەسەرە.
بەکارهێنانی ئەم ڕەنگە وەکوو باکگراوند بەڕادەیەک زۆرە کە دەتوانین بڵێین زۆر بەکەمی شوێنێک دەبینین کە لایەنی کەم یەک دیواری سپی نەبێت، ئەم ڕەنگە تابلۆیەکی وێنەکێشانی بەتاڵە کە هونەرمەندێکی بەسەلیقە دەتوانێت جوانترین وێنەی لەسەر بکێشێت، تێکەڵەی سێبەری ڕەنگەکانی پەمەیی، شین، سەوز، زەرد یان کەمێک ڕەنگی پرتەقاڵی لەگەڵ سپی، جوانییەکی ئاسوودەبەخش لە ماڵەکەتاندا دروست دەکات، بەکارهێنانی ڕەنگی سپی لەشوێنێک بەتایبەت بۆ بەشە سەرەکییەکانی، شوێنەکە ڕووناکتر و گەورەتر دەردەخات، لەبەرئەمە بۆ ئەو ژوورانەی کە بچووک و تاریکن هەڵبژاردنێکی زۆر گونجاوە، بەڵام دیوارێک کە یەک دەست سپی کرابێت، بێزارکەر و ماندووکەر دەبێت و هیچ کارامەییەکی تێدا نییە، ژوورێک کە بەتەواوی هەمووی بە سپی دیزاین کرابێت، لەوانەیە گەورە دەربکەوێت، بەڵام بەتاڵ و بێڕۆح و ساردە، سپی تەواو کاتێک کە بە ڕووناکی سروشتی ڕووناک دەکرێتەوە ڕەنگێکی گەرم دروست دەکات، بەڵام لەژێر ڕووناکییە دەستکردەکاندا سارد دەردەکەوێت.
بۆ پاراستنی ئاسوودەیی لە ژوورێکدا کە هەموو ڕووەکانی سپین، دەتوانرێت ئەو کەلوپەلانە بەکاربهێنرێت کە ڕەنگیان بێلایەنە و هەروەها ماددەی سروشتی وەکوو تەختە بەکاربێت، بەشێوەیەکی گشتی یاسایەک نییە بۆ بەکارهێنانی ڕەنگی سپی لە دیزاین و نەخشەسازی ناوماڵدا و لەهەر شوێنێکدابێت دەتوانرێت بەکاربهێنرێت، باشترین بەکارهێنان بۆ ڕەنگی سپی، بەکارهێنانێتی بۆ ڕەنگی باکگراوند، بۆ نمایشکردنی تابلۆی هونەری و جوانتر دەرخستنی شوێنی دانیشتنەکان، باشترە دیوارەکان سپی بن، هەرچەندە جیاوازی ڕەنگی تابلۆکان کە لە ژوورەکەدا دایدەنێن لەگەڵ ڕەنگی دیوارەکان زیاتر بێت، جوانتر دەبێت، ئەم ڕەنگە چاوئازار نادات و هەمیشە شیک و جوانە.

ڕەنگی سپی نیشانەی چییە؟

ـ بێتاوانی و پاکی: سپی، سەرەتا و دەسپێکی هەموو شتێکە و لەبەر ئەمەش بە نیشانەی بێتاوانی دادەنرێت.
ـ پاکیزەیی: ڕەنگی سپی نیشانەی پاکی و بێگەردییە، مرۆڤ لە فشار دووردەخاتەوە، ئامادەی دەکات بۆ داهاتوو
ـ یەکسانی و یەکتایی: سپی نیشانەی یەکسانییە.
ـ بێلایەنی: بەهۆی یەکسانی و هاوسەنگی تەواوی ڕەنگەکان تیایدا، دادپەروەری و بێلایەنی نیشان دەدات.
ـ کارامەیی: نیشانەی کارامەییە لە کەسەکاندا.
 ـ ئاڵای سپی لە کاتی جەنگدا، نیشانەی ئاگربەست و ئاشتییە.
 ـ لە ئاینی مەسیحیدا، ڕەنگی سپی بە نیشانەی ڕووناکی و بە هێمای ئیلاهی دادەنرێت.
 ـ لە هەندێک وەرزشدا وەکوو کاراتی، پشتێنی سپی نیشانەی کەسێکە کە ئامادەیە بۆ ڕۆیشتن بەرەو سەرکەوتن.
ـ لە هەندێک وڵاتی وەکوو هیندستان و چین ڕەنگی سپی بۆ مردن و پرسەداری بەکاردێت، ئەوان باوەڕیان بەوەیە کە مردن کۆتایی ژیانێک و دەستپێکی ژیانێکی نوێیە 

ناسینی کەسایەتی ڕەنگی سپی

  • ئەگەر ڕەنگی سپیت خۆش دەوێت، کەسایەتییەکی هاوسەنگ و جێگیرت هەیە و دەتوانیت هەستەکانی خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت.
  • زۆر گرنگی بە پاک و خاوێنی دەدەیت و هەر جۆرە پیسییەک دەتوانێت تووڕە و ناڕەحەتت بکات.
  • کەسانێک کە حەزیان لە ڕەنگی سپییە، زۆر بەدوای تەواوەتییەوەن و هیچ جۆرە کەموکوڕییەک قەبووڵ ناکەن.
  • پێش ئەنجامدانی هەر کارێک بەباشی بیری لێدەکەنەوە و پاشان دەست بە کارەکە دەکەن.
  • ئەو کەسانەی کە حەزیان لە ڕەنگی سپییە، ژیانێکی سادەیان پێخۆشە

تایبەتمەندی و کاریگەرییەکانی ڕەنگی سپی لەسەر مرۆڤ

زۆربەی پزیشکەکان، دکتۆری ددان و پەرستارەکان جلی سپی لەبەردەکەن، کە پاک و خاوێنیان نیشان دەدات لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە ڕەنگی سپی دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە نەخۆش هەست بە ناڕەحەتی بکات، زۆر بەکارهێنانی ڕەنگی سپی لەوانەیە ببێتە هۆی گۆشەگیری، بێتاقەتی و ناڕەحەتی لە مرۆڤدا ڕەنگی سپی ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە، کەواتە دەکرێت بۆ لاوازبوون و کێش دابەزاندنی کەسانی قەڵەو گونجاو بێت.


سەرچاوەکان



2982 بینین