مەدرەسەی عەولەمە - جیهانگیری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-12-20:06:00 - کۆدی بابەت: 1291
مەدرەسەی عەولەمە - جیهانگیری

ناوه‌ڕۆك

مەدرەسەی عەولەمە-جیهانگیری

لە دوای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو باس و زاراوەی (عەولەمە) زۆر بە خەستی کەوتە جیهان لەگەڵ تەنینەوە و خێرابوونی پەیوەندی و کەناڵە ئاسمانیەکان، بۆیە بەشێکی زۆر وا تێگەیشتوون- لەوانە ڕوتشیلد و روبەرت کوهین- عەولەمە زادەی سەدەی نوێ یە و واتە تەمەنی ٥-٢٠ ساڵێکە، زیاتر لەگەڵ جاڕنامەکەی سیستەمی نوێی جیهانی جۆرج بۆش لە ١٩٩١ لێ تێکەڵ بووە، بەشێکی تر پێیان وایە لەگەڵ ڕێکەوتنی ''جات'' ١٩٤٧-١٩٤٨ هاتووە، ئەوەی زیاتر ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە پتەو دەکا ئەوەیە وەک زاراوە لە فەرهەنگ و نووسینە کۆنەکان نەهاتوون، هەتا لە فەرهەنگێکی چالاکی وەک ئۆکسفۆرفی ١٩٩١ یش ئەو زاراوە نەهاتووە، یەکەم کەس زاراوەی (گلوبال-عولمە)ـی بەکارهێنا کۆمەڵناسی کەنەدی (ماک لوهان) بوو، ڕاستیەکەی ئەوەیە زاراوەی عەولەمە لەو ماوەیەی دوای نەوەدەکانی سەدەی بیست هاتووە وەک (تۆماس فریدمان) دەڵێ (( لە دوای جەنگی سارد ناوێکی وا نەبوو گوزارشت لەو قۆناغە بکا و ئیتر ئەو ناوە هاتە کایەوە))، ئەگینا ماهیەتەکەی کۆنە لە سەدەکانی ١٧-١٨ بەڕێکەوتووە، لە دوای شۆڕشی پیشەزسازی و دۆزینەوەی کیشوەرەکان و  کارلێک کردنی ئادەمیزاد لەگەڵ یەکتر لەسەر ئەو زەویە، بۆیە دەبینن ئەو سەردەمی وەسفی جیهان بە شارێکی گەورە دەکرا (هەروەک کریستیان کاوس لە پێشەکی کتێبی ئەمیر وای وەسفی جیهان کردوە) هەرچی ئێستایە جیهان بە گوند وەسف دەکرێ، یەکەم جار لە زانستەوە عەولەمە دەستی پێکرد و هەموو بەشەریەت لێکی وەرگرت بێ ئەوەی ناسنامەیەکی ئاینی یان جوگرافی یان شارستانی و ڕەگەزی تیابێ، ئینجا بەرەبەرە وەک ئیبن خەلدون وتوویەتی: داب و نەریت و دەستووری سیاسی و فەرهەنگی و کەلتووری لای سەرکەوتوو دەبووە جیهانی، هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم، دوای سەرکەوتنی سەرخانی مەسیحی بەسەر خەلافەت، بەرەبەرە بەرواری زایینی جێی بە بەرواری (رۆمی) و (کۆچی) لەق کرد تا بووە جیهانی، ئینجا پێوانەکانی کێشان و پێوان و دووری و... هەمووی بووە مەتر و کیلۆ و لیتر و ... ئینجا جل و بەرگیش لەگەڵ زۆری دیاردەی تری وەک یاسای نێودەوڵەتی، جاڕنامەکانی جیهانی، (کۆمەڵەی نەتەوەکان- عصبة الأمم)... بەشی زۆریشی لە فەرهەنگی فەڕەنسی ڕا بڵاوبۆوە، بەرەبەرە لەگەڵ گەشەکردنەکانی کۆمەڵگە و ئادەمیزاد و سیستەمەکانی زانستی و ئابووری و سیاسی و عەقڵی و شارستانی و کەلتوری... لەگەڵ بازدانی ئامرازەکانی پەیوەندی و هاتوچۆ عەولەمە زیاتر باڵی کێشا بەسەر جیهان، ئیتر لەو سەردەمە کەمتر دیاردەی دەڤەری ماوە ئۆتۆماتیکانە بوویتە عەولەمی، هەروەک (ماری بورلی) دەڵێت سەردەمی نەتەوەکان کۆتایی هات و نۆرەی زەوی گەراییە (عولمە)، جا لە باری وادا دەبتە جۆرێک لە ململانێی ناسنامە، هەروەها قەرەباڵخی فاکتەرەکان و گواستنەوەی مرۆڤ لە چواردیواری کۆمەڵگە و سنوورە بچووکەکەی بە ناوی نیشتیمان بۆ جیهان، بەو شێوەیە هەم جیهان بۆی بچووک دەبێتەوە هەم زەمەنیش تەسک دەبێتەوە، ئالێرەدا بیردۆزی پێناسی عەولەمە بە مانا بچووک بوونەوەی جیهان هاتیتە کایەوە و (جیهان بە دێیەکی بچووک) وەسف دەکرێ.


سەرچاوەکان



1429 بینین