ڕەنگکردنی قژ لەماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-04-22:46:00 - کۆدی بابەت: 7752
ڕەنگکردنی قژ لەماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەماوەی سوڕی مانگانەدا گۆڕانکاری زۆر لە جەستە و دەروونی خانماندا ڕوودەدات هەموو ئەمانەش بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوەیە، خانمان دەبێت وریابن هەندێک کاری ئاسایی کە لە ڕۆژانی دیکەدا دەتوانیت بیکەیت لەم ماوەیەدا زیانبەخشە و باشترە لێی دوووربکەویتەوه، بەگشتی خانمان گرنگی زۆر دەدەن بە جوانییان و ڕەنگکردنی قژیش یەکێکە لە ڕێگاکانی ئارایشتکردن بەڵام دەبێت بزانرێت ئایا دەکرێت لەماوەی سوڕی مانگانەدا ڕەنگی قژ بکرێت و کاریگەرییەکی چی دەبێت.

ڕەنگکردنی قژ لەماوەی سوڕی مانگانەدا

لەماوەی سوڕی مانگانەدا خانمان بارودۆخیان زۆر جیاوازە بۆیە زۆرینەی پزیشکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕەنگکردنی قژ لەم ماوەیەدا زیانی هەیە و باش نییه، واباشە خانمان چاوەڕێ بکەن تاکوو ماوەی سوڕی مانگانە کۆتایی دێت ئەوکات دەست بکەن بە ڕەنگکردنی قژیان.

زیانەکان

  • هۆڕمۆنەکان کاردەکەنە سەر ڕێژەی میلانین کە بەرپرسی ڕەنگی ئاسایی مووە، بە درێژایی ڕەنگکردنی قژەکە ماددەیەکی کیمیایی وەڵامدەرەوە دەبێت بۆ بۆیەکە، هەر بۆیەش لەوانەیە ئەنجامی ڕەنگەکە نائاسایی بێت و ئەوە نەبێت کە داتناوە و چاوەڕێی بوویت، هەروەها دەکرێت قژەکە ڕەنگەکە بە پەڵە پەڵە بگرێت و هەندێک جێگا بیگرێت و هەندێکی تر نا.
  • سوڕی مانگانە کاریگەری دەخاتە سەر سوڕی خوێن و زیندەچالاکی جەستە و سیستمی پلەی گەرمی جەستە، لە ئەنجامدا خوێنی تەواو ناگات بە پێستی سەر و پلەی گەرمی سەر دادەبەزێت، هەر بۆیە لەوانەیە بۆیەی قژەکە بە ئەندازەی پێویست گەرم نەبێت، بەمەش ڕەنگی قژەکە ناگۆڕێت و یاخود ڕەنگێکی نائاسایی دەبێت.
  • لە کاتی سوڕی مانگانەدا چەوری پێست زیاتر دەبێت و بنی مووەکە چەور دەبێت بەهۆی چالاکبوونی ڕژێنی چەورییەوە، بەڵام بەشی سەرەوەی مووەکان وشک دەبن، هەر بۆیە ئەگەر لەم ماوەیەدا قژ ڕەنگ بکرێت بۆیەکە بەشێوەیەکی نائاسایی و بەشی سەرەوە بەباشی بۆیەکە ناگرێت و بە پێچەوانەوە چەوری بنی مووەکە زیاتر دەتوانێت بۆیەکە هەڵبمژێت و ڕەنگەکە زیاتر دەیگرێت، بۆیە قژەکە دەبێتە دوو ڕەنگی کاڵ و تۆخ و شێوەیەکی ناشرین دەردەچێت.
  • هەروەها لەماوەی سوڕی مانگانەدا زۆرینەی ماددە سوودبەخشەکانی جەستە لە جەستەوە دێنە دەرەوە و جەستە لاواز دەبێت و ئەم ماددانەش گرنگن بۆ بەهێزبوون و خۆراکدان بە قژ، کە زۆر پێویستە ئەم ماددانە هەبن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بۆیەکە تاکوو قژەکە تێک نەدات و زیانی پێ نەگەیەنێت، بەڵام کاتێک ئەم ماددانە کەم بوونەتەوە بەهۆی سوڕی مانگانەوە قژەکە دوای ڕەنگکردنەکەی تەنک دەبێت و دەوەرێت.
  • هەروەها خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا بەتایبەت دوو ڕۆژی سەرەتا بەهۆی ئازارەوە توانای هیچییان نییە و ڕەنگکردنی قژیش بارێکی قورسترە بۆیان و ئازار و بێتاقەتییەکەیان زیاتر دەکات.
  • خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا هەستی بۆنکردنیان زیاتر دەبێت و ئەو بۆیەیەی کە دەدرێت لە قژ لەم ماوەیەدا بۆنەکەی تیژە و ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی دڵتێکچوونی خانمەکە.
  • دروستبوونی هەستیاری و شین بوونەوەی پێستی سەر و هەوکردنی سەر.

ئایا ڕەنگکردنی قژ بۆ هەموو خانمێک نائاساییە لەماوەی سوڕی مانگانەدا؟

بەگشتی هەموو هەموو خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا نابێت ڕەنگی قژیان بکەن و دەبێت لێی دووربکەونەوە چونکە زیانی هەیە، بەڵام مەرج نییە ئەم زیانانە بۆ هەموو خانمێک وەک یەک بێت و دەکرێت خانمێک قژیشی ڕەنگ بکات و هیچ زیانێکیشی بۆ دروست نەبێت، کە ئەمەش دەکەوێتەوە سەر بارودۆخی کەسەکە لەماوەی سوڕی مانگانەدا، بەگشتی ئەوانەی زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئازار دەبینن زیانەکانی ڕەنگکردنی قژ لەسەریان زیاترە بە بەراورد بەوانەی کە سوڕێکی مانگانەی ئاسایی تێ دەپەڕێنن.
بۆیە خانمان خۆیان جەستەی خۆیان دەناسن و شارەزایی نیشانەکانی سوڕی مانگانەیان بوون و دەبێت ئاگاداری خۆیان بن و بزانن لەم ماوەیەدا چی جۆرە بڕیارێک دەدەن.


سەرچاوەکان



1078 بینین