هێرشە تیرۆرستییەکانی 2015ی پاریس

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-06-16:49:00 - کۆدی بابەت: 7762
هێرشە تیرۆرستییەکانی 2015ی پاریس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هێرشە تیرۆرستییەکانی پاریسی ساڵی 2015، (بە عەرەبی: هجمات باریس 2015، بە ئینگلیزی: Paris attacks 2015) بریتییە لە زنجیرە هێرشێکی تیرۆریستی کە لە 13ـەی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 لە چەند ناوچەیەکی پاریسی پایتەخت لە فەڕەنسا ئەنجامداران، هێرشەکان لە تەقینەوەی خۆکوژی، بارمتەگرتن و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ و هەڕەمەکی پێکهاتبوون، بە دیاریکراوی لە ناوچەکانی سەر بە بازنەی 10 و 11ـی پاریس ئەنجامدران، لە نزیک "شانۆی باتکلان"، "شەقامی بیشا"، "شەقامی ئەلیبار" و "شەقامی دی شارۆن"، لەگەڵ سێ تەقینەوەی خۆکوژی لە نزیک یاریگای فەڕەنسا لە "سان دۆنی" ئەنجام دران. 

هێرشەکان

هێرشەکان لەلایەن سێ گروپ بە شێوازی جیا لە هەمان کاتدا ئەنجامدران، لە ڕێگەی ئەنجامدانی سێ تەقینەوەی خۆکوژی هێرشی یەکەم دەستی پێکرد، پاشان لە هێرشی دووەم چوارەم تەقینەوەی خۆکوژی ئەنجامدرا، لە چوار هێرشی تر ڕووداوی تەقەکردنی هەڕەمەکی و بە بارمتەگرتنی خەڵکی دەستی پێکرد، ئەم هێرشانە لە هەریەک لە شەقامی کۆماری فەڕەنسا، شەقامی ئەلبێر، شەقامی شارۆن، شانۆی باتکڵان، شەقامی لاڤۆنتین ئۆروا و یاریگای فەڕەنسا ئەنجامدران.
خۆکووژەکان لە ڕێگەی پشتێنی تەقینەوەوە کە ماددەی بیرۆکسیدی ئەسیتۆنی تێدا بوو، تەقینەوەکانیان ئەنجامدا.

ئەنجامدانی هێرشەکان

هێرشی گروپی یەکەم لە یاریگای فەڕەنسا

لە کاتژمێر نۆ و بیست خولەکی شەو بە کاتی فەڕەنسا، دوای نیو کاتژمێر لە دەستپێکردنی یاری دۆستانەی نێوان یانەی فەڕەنسا و یانەی ئەڵمانیا، خۆکووژێک لە نزیک یاریگاکە خۆی تەقاندەوە، پاشان دوو خۆکووژی تر لە نزیک دەرگاکانی یاریگاکە خۆیان تەقاندەوە، دوابەدوای تەقینەوەکە هەریەک لە سەرۆکی فەڕەنسا "فرانسۆ ئۆلاند" و وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە لە ئامادەبووانی نێو یاریگاکە بوون، بە خێرایی گواسترانەوە و شوێنەکەیان بەجێهێشت، لەم هێرشەدا یەک کەس بووە قوربانی.

هێرشی گرووپی دووەم

- شەقامی بیشا و ئلیبار: لە کاتژمێر نۆ و نیوی شەو بە کاتی فەڕەنسا، لە نزیک چێشتخانەی "لۆ کاریلۆن" لە شەقامی "بێشا" و "ئلیبار"، چەکدارێک لە نێو ئۆتۆمبێلێکەوە بە هەڕەمەکی و ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر سەردانیکەرانی چێشتخانەکە و هاوڵاتیانی شوێنەکە، لە ئەنجامدا 14 کەس کوژران و 10 کەسیش بریندار بوون.
- شەقامی دی لاڤۆنتین: لە کاتژمێر نۆ و نیو بە دووری چەند سەد مەترێک لە "شانۆی باتکلان" چەکدارێک هێرشی کردە سەر چێشتخانەیەکی خواردنی خێرا، پێنج کەسی کوشت و هەشتی تریشی بریندار کرد.
ـ شەقامی ڤۆڵتێر: لە شەقامی ڤۆڵتێر چەکدارێک بە هەڕەمەکی تەقەی لە هاوڵاتیان کرد، لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران.
ـ شەقامی دی شارۆن: دوو چەکدار لە شەقامی دی شارۆن هێرشیان کردە سەر باڕێک لە ئەنجامدا 18 کەسیان کوشت. 

هێرشی گرووپی سێیەم بۆ سەر شانۆی باتکلان

نزیک کاتژمێر دەی شەو بە کاتی فەڕەنسا، چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر "شانۆی باتکلان" بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە نێو جەماوەردا کرد و ئامادەبووانی نێو شانۆکەیان وەکوو بارمتە گرت، لە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و چەکدارکان، پۆلیسی فەڕەنسا توانی دوای سێ کاتژمێر بارمتەکان ڕزگار بکات، لە ئەنجامدا 89 کەس کوژران.

قوربانیانی ڕووداوەکە 

لە سەرەتای ڕووداوەکە بڵاوکرایەوە کە 129 کەس کوژران، و 352 کەسیش بریندار بوون کە ژمارەیەکی زۆریان باری تەندروستیان ناجێگیر بوو، هەروەها بەشێک لە قوربانییەکان فەڕەنسی نەبوون، پاشان بە فەرمی دوای ڕووداوەکە سەروەزیرانی فەڕەنسا "مانوێل ڤاڵس" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ژمارەی کوژراوەکان 130 کەسن و ژمارەی بریندارەکان 415 کەسن، هەروەها 56 کەس لە قوربانییەکان خەڵکی فەڕەنسا نەبوون.

دەرەنجام و لێکۆڵینەوەی دوای هێرشەکان

هێرشەکانی تشرینی دووەمی ساڵی 2015ـەی پاریس لە دوای ڕووداوەکانی جەنگی جیهانی دووەم بە خوێناویترین ڕووداو لە فەڕەنسا دانرا، ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆیان لەسەر هێرشەکان ڕاگەیاند، بە پاساوی دەستێوەردانەکانی فەڕەنسا لە جەنگی ناوخۆی سووریا داعش ئەم هێرشانەی وەکوو تۆڵەکردنەوە و هەڕەشە ئەنجامدا.
دوابەدوای ڕووداوی هێرشەکان، حکوومەتی فەڕەنسا لە تەواوی شارەکان بارودۆخی لەناکاوی ڕاگەیاند، ڕێکارە ئەمنییەکانی سەر سنوور و فڕۆکەخانەکانی توندتر کرد، هەروەها لە دوای ڕووداوەکان هێرشه ئاسمانییەکانی فەڕەنسا بۆ سەر داعش لە سووریا و عێراق چڕتر بووەوە.
تۆمەتباران و ئەو کەسانەی لەم ڕووداوە تێوەگلان لە سەرەتادا نادیار بوون، دوای لێکۆڵینەوە و گەڕان و پشکنین و پێداچوونەوە بە کامێرای چاودێرییەکان، دەرکەوت کە حەوت کەس لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان خۆیان تەقاندووەتەوە، یەکێک لە تۆمەتبار و ڕێکخەرە سەرەکییەکانی هێرشەکان "سەڵاح عەبدولسەلام" بوو کە پەیوندی بە ڕێکخراوی داعشەوە هەبوو، دوابەدوای ڕووداوەکە بەرەو بەلجیکا هەڵهات، لە ساڵی 2016 دەستگیر کرا. هەریەک لە وڵاتی بەلجیکا و وڵاتی مەغریب و ئەمریکا، یارمەیدەری لێکۆڵینەوەکانی فەڕەنسا بوون.


سەرچاوەکان



636 بینین