کێرۆسین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-23-22:38:00 - کۆدی بابەت: 7878
کێرۆسین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کێرۆسین یان نەوتی سپی (بە ئینگلیزی: kerosene یان kerosine) کە پێشتی دەوترێت پارافین یان نەوتی پارافین، هایدرۆکاربۆنێکی شلی گڕگرتووە کە بەشێوەیەکی باو وەک سووتەمەنی بەکاردێت، ڕەنگی زەردێکی کاڵ یان بێڕەنگە، بۆنێکی ناسراوی نەبێزراوی هەیە، لە پیترۆڵیەمەوە دەست دەکەوێت و بۆ هەڵکردنی چرای کێرۆسین و سۆپا و گەرمکەرەوە و فڕن بەکاردێت، هەروەها وەک سووتەمەنی یان پێکهاتەیەکی سووتەمەنی لە بزوێنەری جێت و توێنەری گریس و مێرووکوژ بەکاردێت.

مێژوو

پڕۆسەی دڵۆپاندنی نەوتی خاو و پێتڕۆڵیەم بۆ نەوتی سپی و ئاوێتە هایدرۆکاربۆنەکانی تر، نزیکەی سەدەی نۆیەم لەلایەن توێژەری فارس بە ناوی ڕازی داهێنراوە، فیزیازان و کیمیازان ڕازی دوو شێوازی بەرهەمهێنانی نەوتی سپی پێناسەکرد، ئەو کەلوپەلەی بەکاری دەهێنا پێی دەوترا پاڵێوەر (ئالێمبیک)، لە یەکێک لە شێوازەکاندا قوڕ وەک هەڵمژەر بەکاردەهات، لە شێوازێکی تریشدا ماددەی کیمیایی وەک کلۆریدی ئەمۆنیۆم بەکاردەهات.
کردەی دڵۆپاندن دووبارە دەکرایەوە تاکوو زۆربەی بەشە هایدرۆکاربۆنە بەهەواداچووەکان لادەبران و لە کۆتاییدا بەرهەمێکی تەواو خاوێن و سەلامەت بۆ سووتاندن دەست دەکەوت، نەوتی سپی لەماوەی هەمان دەمی گەرمکردنی تاوێر بۆ دەستکەوتنی نەوت دۆزرایەوە، کە دوای گەرمکردن دەدڵۆپێنرا.
لەسەردەمی خێزانی دەسەڵاتداری مینگدا لە وڵاتی چین، چینییەکان ڕاهاتن کە لە ڕێگای دەرهێنان و پوختەکردنی نەوتی خاوەوە کێرۆسین بەکاربهێنن و بۆ چرای نەوتی، لە نزیکەی ١٥٠٠ ساڵی پێش زایینەوە چینییەکان پێترۆڵیان بەکاردەهێنا بۆ ڕووناککردنەوە و گەرم کردنەوە.

ڕەوشت

نەوتی سپی لینجی کەمە، شلێکی خاوێنە کە لەو هایدرۆکاربۆنانە پێکدێت کە لە دڵۆپاندنی بەش بەشدا دەکەونە نێوان پلەی گەرمی ١٥٠-٢٧٥ پلەی سیلیزی، چڕییەکەی ٠٫٧٥-٠٫٨١ گرام/سانتیمەتر سێجا، لە زنجیرەی ١٠ بۆ ١٦ گەردیلەی کاربۆنی بۆ هەر گەردێک پێکدێت، لە توێنەرەکانی پێترۆڵیەمدا تواوە و لە ئاودا نەتواوەیە.
دابەشبوونی درێژی هایدرۆکاربۆنەکان لە تێکەڵەیەکدا هۆکارە بۆ ئەوەی مەودای ژمارەی گەردیلەی کاربۆن لە کێرۆسیندا لە C6 بۆ C20 بێت.
خاڵی داگیرسانی کێرۆسین لەنێوان ٣٧-٦٥ پلەی سیلیزی دایە، هەروەها پلەی گەرمی لەخۆوە گڕگرتنی بریتییە لە ٢٢٠ پلەی سیلیزی.

بەکارهێنان

گەرمکردنەوە و ڕووناککردنەوە

سووتەمەنی کە بە نەوتی گەرمکەریش ناسراوە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە چرای کێرۆسین و فانۆسدا بەکاردێت، لە وڵاتە کەم پێشکەوتووەکاندا کێرۆسین سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە بۆ لێنانی خواردن و ڕووناکی، لە کاتی خراپ بوونی کارەبادا وەک سەرچاوەیەکی ڕووناکی و گەرمی بەکاردێت. 
نەوتی سپی بەشێوەیەکی فراوان لە ژاپۆن و چیلی وەک سووتەمەنی گەرمکەری ماڵ بەکاردەهات، لە هەموو وێستگەکانی سووتەمەنیدا دەتوانرا کێرۆسین بکڕدرێت و لە هەندێک دۆخدا دەگەیەنرایە ماڵەکان.
لە بەریتانیا و ئێرلەندا زۆرجار لەو ناوچانەی کە پەیوەست نەکرابوون بە هێڵی بۆری نەوتەوە کێرۆسین وەک سووتەمەنی گەرمکەرەوە بەکاردەهات، کەمتر بۆ چێشت لێنان بەکاردەهات چونکە گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو ئاسانتر دادەگیرسا و بەکاردەهات.

بزوێنەر

لە سەرەتاکان و ناوەڕاستی سەدەی ٢٠دا، کێرۆسین وەک سووتەمەنی هەرزان بەکاردەهات بۆ ئیش پێکردنی تراکتۆرەکان، بزوێنەرەکە سەرەتا بە گازۆلین دەداگیرسا و پاشان هەرکە بزوێنەرەکە گەرم دەبوو دەگۆڕا بۆ کێرۆسین.
لە سەدەی ٢١دا نەوتی سپی بەشێوەیەکی سەرەکی وەک سووتەمەنی بۆ بزوێنەری جێت بەکاردێت.

بۆ چێژ

کێرۆسین زۆرجار بەکاردێت لە پیشەسازی کەلوپەلەکانی تایبەت بە خۆشی و چێژبینین کە ئاگریان تێدا بەکاردێت، وەک نمایشی هەناسەدانی ئاگر و نمایشی جووڵەی ئاگرین و سەمای ئاگرین، چونکە نەوتی سپی پلەی گەرمی گڕگرتنەکەی نزمە کاتێک لە هەوادا دەسووتێت، مەترسی سووتانی کەسی ئەنجامدەر کەمترە.
بەشێوەیەکی گشتی بەکارهێنانی کێرۆسین وەک سووتەمەنی بۆ سەمای ئاگرین لە شوێنی داخراودا پێشنیاز ناکرێت، چونکە بۆنێکی ناخۆشی دەبێت کە لە خەستییەکی دیاریکراودا ژەهراوی دەبێت.

پیشەسازی

وەک بەرهەمێکی پێتڕۆڵیەم لەگەڵ زۆربەی شلە پیشەسازییەکاندا تێکەڵ دەبێت، دەتوانرێت وەک توێنەر بەکاربێت بۆ لابردنی بەرهەمەکانی تری نەوتی خاوی وەک گریس، هەروەها وەک چەورکەریش بەکاردێت و مەترسی گڕگرتنی کەمترە بە بەراورد بە گازۆلین، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت وەک ماددەی ساردکەرەوە لە کاتی کانزاسازیدا بەکاربێت.


سەرچاوەکان



697 بینین