گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو (LPG)

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-02-11-16:04:00 - کۆدی بابەت: 7801
گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو (LPG)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا  

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو یان شل (بە ئینگلیزی: Liquified petroleum gas (LPG or LP)) یاخوود پێی دەوترێت گازی نەوتی شلکراو شلێکی بێڕەنگ و بێ بۆنە کە یەکسەر بەهەڵم دەبێت بۆ گاز، LPG ئاوێتەیەکی گڕگرتووی گازەکانی هایدرۆکاربۆنە کە باوترینیان پڕۆپان، بیوتان و پڕۆپیلینن و وەک گازێکی سووتەمەنی بەکاردەهێنرێت لە ئامێرە گەرمکەرەکان، کەرەستەی چێشتلێنان و هۆیەکانی گواستنەوەی وەک ئۆتۆمبێل، کەشتی و پاس و ...هتد. لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو لە جێی ماددە کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان لە ماددەکانی بەستەر و ساردکەرەوە هەروها دەرپەڕاندنی ئەیرۆسۆل (ئەیرۆسۆل: ماددەیەکە تێیدا تەنۆلکەی شل یان ڕەق لە ناو هەوا یان گازێکدا هەڵواسراون) بەکاردێت بە مەبەستی ئەوەی زیانگەیاندن بە چینی ئۆزۆن کەمبکرێتەوە. ئەم گازە کاتێک بەدیاریکراوی بۆ هۆیەکانی گواستنەوە بەکاردێت پێی دەوترێت ئۆتۆگاز (Autogas).

جۆرەکان 

گازی پێتڕۆڵیەمی شل کە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت ئەوانەن کە پڕۆپان یان بیوتان بەشێکی زۆری ئاوێتەکەیان پێکدەهێنێت، ئەو گازەی کە بەشی زۆری پێکهاتەکەی پڕۆپانە (C3H8) لە وەرزی هاویندا بەکاردێت، ئەو گازەشی کە زۆربەی پێکهاتەکەی بیوتانە (C4H10) لە وەرزی زستاندا بەکاردێت، یانیش جۆرێکی تر کە هەردوو گازی پڕۆپان بە ڕێژەی ٦٠٪ و بیوتانی بەڕێژەی ٤٠٪ تێدایە. جۆرەکانی تری گازە هایدۆکاربۆنەکان وەکوو، پڕۆپیلین و بیوتیلین بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لەم گازەدا بەکاردێن. لە ئەمریکادا دوو جۆری ئەم گازە دەفرۆشرێن کە بریتین لە پڕۆپانی بازرگانی و (HD-5) کە جۆری دووەمیان ڕێژەی گازی پڕۆپیلین تێیدا زۆر کەمە کە ٥٪ـە و وەک ئۆتۆگاز بەکاردێت.

دەرهێنان و بەرهەمهێنان 

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو بەتەواوی لە سەرچاوە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان دەردەهێنرێت. بە پاڵاوتنی پێتڕۆڵیەم (نەوتی خاو)، یان لێدەرهێنانی گازی سروشتی ئامادەدەکرێت دوای ئەوەی لە زەوی دەردەهێنرێن. بەگوێرەی ستانداردی ئەورووپی (EN 589) ماددەیەکی بۆنداری بەهێز بەناوی ئیتانیتیۆڵ بۆ ئەم گازە زیاددەکرێت بۆ ئەوەی بەئاسانی تێبینی لێچوون یان دزەکردنی گازەکە بکرێت. ئەم گازە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩١٠ لەلایەن کیمیاگەر واڵتەر ئۆ سنێڵینگ بەرهەمهێنرا و یەکەمین بەرهەمە بازرگانییەکانیش لە ساڵی ١٩١٢ سەریانهەڵدا.

ئەم گازە لە ئێستادا ٣٪ـی تەواوی وزەی بەکارهاتوو دابیندەکات و لە کاتی سووتاندنی بە شێوەیەکی زۆر خاوێن دەسووتێت بێ ئەوەی سووتوو یان تەنی دروست بکات. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا بەرهەمهێنانی جیهانیی ئەم گازە گەیشتە زیاتر لە ٢٩٢ ملیۆن تەنی مەتری لە ساڵێکدا لە کاتێکدا بەکارهێنانی جیهانیی گازەکە ٢٨٤ ملیۆن تەنی مەتری بوو لە ساڵێکدا. ٦٢٪ی ئەم گازە لە گازی سروشتی دەردەهێنرێت و بەشەکەی تریشی لە ڕێگەی پاڵاوتنی پێتڕۆکیماییی نەوتی خاو (پێتڕۆڵیەم) بەرهەم دەهێنرێت. ٤٤٪ی ئەم گازە لە ناوماڵان و لەلایەن خەڵکەوە بەکاردێت، بەشەکەی تریشی لە بوارەکانی کیمیا، پیشەسازی، گواستنەوە، پاڵاوتگە و کشتوکاڵدا بەکاردێت. وڵاتی ئەمریکا پێشەنگە لە بەرهەمهێنان و ناردنەدەرەوەی گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو لە جیهاندا. 

تایبەتمەندییەکان

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو لە پلەی گەرمیی ئاسایی و ژێر پەستانی ئاسایی لە دۆخی گازیدا دەبێت، بۆیە دەپەستێورێت بۆ ئەوەی شل ببێت و دەگوازرێتەوە بۆ ناو کەمۆڵەی ئاسنی پەستێنراو و ٨٠٪ بۆ ٨٥٪ـی کەمۆڵەکە پڕ دەکرێت چونکە گازەکە لەژێر کاریگەریی پلەی گەرمیدا دەکشێت. ڕێژەی قەبارەی گاز بۆ شلەکە بەگوێرەی پێکهاتەی کیمیایی، پەستان و پلەی گەرمی دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی ڕێژەکە ٢٥٠ بە یەکە. هەروەها ئەو پەستانەی کە تێیدا گازەکە دەگۆڕێت بۆ شل پێی دەوترێت هەڵمە پەستان و بە گۆڕانی پلەی گەرمی و جۆری گاز دەگۆڕێت، بۆ بیوتانی خاو لە پلەی گەرمیی ٢٠ـی سیلیزی پەستانەکە ٢٢٠ کیلۆپاسکاڵە، هەروەها بۆ پڕۆپانی خاو لە پلەی گەرمیی ٥٥ـی سیلیزی پەستانەکە ٢٢٠٠ کیلۆپاسکاڵە.

وزەی ئەم گازە واتا ئەو وزەیەی لە کاتی سووتانیدا بەڕەڵادەبێت ٩٣.٢ مێگاجووڵ لەسەر مەتر سێجایە کە لە وزەی سووتاندنی پێتڕۆڵ (گازۆلین) و نەوتی سووتەمەنی (نەوتی قورس) زیاترە، بەڵام چڕی و چڕەوزەی لەم دوو ماددەیە کەمترە. هەروەها پلەی کوڵانی لەژێر پلەی گەرمی ژوورەوەیە و لە ژێر پەستان و پلەی گەرمیی ئاساییدا بەئاسانی بەهەڵم دەبێت. ئەم گازە لە هەوا قورسترە بە پێچەوانەی گازە سروشتییەکانەوە، بۆیەش لە شوێنە نزمەکان دەنیشێت وەکوو ژێرزەمین، ئەمەش دوو مەترسیی هەیە، یەکەمیان ئەگەری تەقینەوەی گازەکەیە لە کاتی هەبوونی سەرچاوەیەکی داگیرساندن، دووەمیشیان خنکانە بەهۆی کەمکردنەوەی ئۆکسجینی هەوا لەلایەن گازەکەوە.

بەکارهێنان 

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو بوارێکی زۆری بەکارهێنانی هەیە، بەزۆری لەناو لوولەکدا هەڵدەگیرێت و لە فرۆشگەکاندا دادەنرێت و وەکوو سووتەمەنییەکی کارای بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی، بنیاتنان، گەشتی دەریایی و سێکتەرەکانی ڕاوەماسی بەکاردێت. ئەم گازە دەتوانرێت وەک سووتەمەنیی چێشتلێنان، گەرمکردنی ناوەندی (سیستمی گەرمی ناوماڵ و بیناکان) و گەرمکردنی ئاو بەکاربێت، هەروەها بەبەراورد بە نرخەکەی زۆر کارایە. بە گشتی ئەم گازانە ئەم بەکارهێنانانەی هەیە:

چێشتلێنان

لەزۆربەی وڵاتاندا گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو وەک سەرچاوەی سووتەمەنیی چێشتلێنان بەکاردەهێنرێت بەهۆکاری لەباری و ئابوورییەوە. لە وڵاتی هیندستان لەماوەی شەش مانگی نێوان مانگی چوار بۆ مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٦ـدا تەنیا لەناو ماڵەکاندا ٨.٩ ملیۆن تەن لە گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو واتا ٣٥٠ ملیۆن لوولەک (قنینە) بەکارهاتووە. زۆربەی گازی دابینکراوی وڵاتی هیندستان لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێت و سیستمی بۆڕی دابینکردنی گاز لەم وڵاتەدا هێشتا بەتەواوی پەرەینەسەندووە و گازەکە لەناو لوولەکدا بەردەست دەخرێت. ئەم گازە بۆ خەڵکی وڵاتەکە لەلایەن حکوومەتەوە دابنین دەکرێت، زیادبوونی نرخی گازیش بابەتێکی سیاسیی هەستیار بوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر چینی مامناوەند دانا بۆ هەڵبژاردنەکان لەم وڵاتەدا.

لە هۆنگ کۆنگی وڵاتی چین جاران گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو وەک سەرچاوەی سووتەمەنیی چێشتلێنان بەکاردەهات، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی فراوانبوونی کۆمپانیای تاون گاز بەکارهێنانی ئەم گازە بەڕێژەی ٢٤٪ کەمی کردووە و زیاتر پشت بە گازی سروشتی دەبەستن.

لە وڵاتی بەڕازیلیشدا گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو زۆر باوە وەک سەرچاوەی سووتەمەنیی چێشتلێنان، جگە لە شارەکانی ڕیۆ دی جێنێرۆ و ساو پاوڵو کە ژێرخانی هێڵی بۆڕیی گازی سروشتی بەکاردەهێنن. حکوومەتی وڵاتەکە گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو بەشێوەیەکی خۆڕایی وەک بەشێک لە چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ کەسانی هەژار دابین دەکات. 

لە زۆربەی وڵاتانی کیشوەری ئەمریکای باکووردا ئەم گازە وەک سەرچاوەی سووتەمەنیی چێشتلێنانی ناوماڵ و برژاندنی دەرەوەی ماڵ بەکاردێت. 

لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم گازە سەرچاوەی سەرەکیی سووتەمەنیی چێشتلێنانە.

گەرمکردن

لەزۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و لادێیەکانیان گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو وەک سەرچاوەی سووتەمەنیی گەرمکردن لەجێی گەرمکەری کارەبایی، نەوت یان کیرۆسین بەکاردێت. هەروەها ئەم گازە دەکرێت وەک سەرچاوەی هێز لە تەکنەلۆجیای لێکدراوی گەرمی و هێزدا (CPH) بەکاربێت کە لە دروستکردنی کارەبادا بەکاردێت.

سووتەمەنیی بزوێنەر (ئۆتۆگاز)

 کاتێک گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو وەک سووتەمەنیی بزوێنەرەکان بەکاردێت پێی دەوترێت ئۆتۆگاز، ئەم ئۆتۆگازە لە زۆر وڵاتدا لە ساڵی ١٩٤٠ـەکانەوە وەک سەرچاوەی سووتەمەنیی بزوێنەری هۆیەکانی گواستنەوە لەجێی پێتڕۆڵ بەکارهاتووە و لە هەندێک وڵاتدا ماددەی تر بۆ ئۆتۆگازەکە زیاد دەکرێت کە ماوەی کارکردنی بزوێنەر زیاتر دەکات. 

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو چڕەوزەی لە پێتڕۆڵ و نەوتی سووتەمەنی کەمترە بۆیە هاوهێزی بەکاربردنی سووتەمەنیی زیاترە و زۆربەی وڵاتان باجێکی کەمتر لەسەر گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو دەسەپێنن وەک لە پێتڕۆڵ یان نەوتی سووتەمەنی ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەکاربردنی زیاتری گازەکە، هەرچەندە لە هەندێک لەوڵاتە ئەورووپییەکاندا ئەم لێکەمکردنەوەی باجە قەرەبوو دەکرێتەوە لەکاتی پێبژاردنی باجی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکان بەجۆرێک باجی سەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئۆتۆگاز بەکاردەهێنن زیاتر دەبێت لەوانەی پێتڕۆڵ یان نەوتی سووتەمەنی بەکاردەهێنن. گازی پڕۆپان سێیەم زیاترین سووتەمەنیی بەکارهێنراوی بزوێنەرە لە جیهاندا، لە خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٣ـدا زیاتر لە ٢٤.٩ ملیۆن هۆی گواستەنەوەی وەک ئۆتۆمبێل، پاس و کەشتی ...هتد لە سەرانسەری جیهاندا سووتەمەنیی پڕۆپانیان بۆ بەکارهاتووە و ساڵانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن تەن لەم گازە وەک سووتەمەنیی بزوێنەر یان هۆیەکانی گواستەنەوە بەکاردێت. هەروەها گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو دەتوانرێت بە گواستنەوەی گرووپی ئەلکایل (Alkylation) بگۆڕدرێت بۆ ئەلکایلەت کە تێکەڵەیەکی باشی گازۆلینە (پێتڕۆڵ) و تایبەتمەندی دژەلێدانی بزوێنەری هەیە و سووتانێکی خاوێن دەستەبەر دەکات. 

بەستن و ساردکەرەوە

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو بۆ ساردکردنەوە و بەستنی ئامێری بەفرگر بەکاردێت. تێکەڵەی پڕۆپانی وشک و خاوێن لەگەڵ ئایزۆبیوتان هۆکاری کەمبوونەوەی زیانگەیاندنە بە چینی ئۆزۆن و زۆر کەم کاریگەریی هەیە لە گەرمبوونی جیهان بۆیە دەتوانرێت لەجێی گازەکانی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن و هایدرۆفلۆرۆکاربۆن بۆ ساردکەرەوەکان بەکاربێت لە ئامێرە بەفرگرەکان و ئامێرەکانی فێننکەرەوەی کەش.

جیاوازی گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو (LPG) لەگەڵ گازی سروشتی

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو گازی سروشتی نییە بەڵام لە پڕۆسەکردنی گازی سروشتییەوە دەردەهێنرێت و پێکهاتەی کیمیایییان جیاوازە، ئەم دوو گازە هەرچەندە بۆ زۆر مەبەستی هاوشێوە بەکاردەهێنرێن بەڵام جیاوازی زۆریان هەیە کە بریتین لە:

  • گازی LPG پێکهاتووە لە پڕۆپان (C3H8) یان بیوتان (C4H10) یان گازە هایدرۆکاربۆنییەکانی تر، بەڵام گازی سروشتی پێکهاتووە لە گازی میسان (CH4).
  • بڕی وزەی گەرمیی گازی LPG ٩٣.٢ مێگاجووڵ لەسەر مەترسێجایە و زیاترە لە بڕی وزەی گازی سروشتی کە ٣٨.٧ مێگاجووڵ لەسەر مەترسێجایە، واتا گازی LPG گەرمییەکی زیاتر دابین دەکات.
  • گاز LPG لە هەوا قورسترە، بەڵام گازی سروشتی لە هەوا سووکترە. ئەمەش وا دەکات گازی سروشتی سەلامەتتر بێت لە LPG و هەروەها لە کاتی سووتانیدا بڕێکی کەمتری گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بەرهەم دەهێنێت.
  • گازی LPG پێویستی بە ڕێژەیەکی زیاتری هەوا بۆ گاز هەیه بۆ سووتان کە ڕێژەکە ٢٥ بە یەکە و ئەم ڕێژەیە بۆ گازی سروشتی کەمترە و دە بە یەکە.
  • گازی LPG خۆی بەهۆی پەستاوتنەوە شلکراوە بەڵام، بەڵام گازی ئاسایی بە کردەی بەستن شل دەکرێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی شلکراو (LNG).
  • گازی LPG لە لوولەک یان بتڵی گازدا بڵاودەکرێتەوە، بەڵام گازی سروشتی لەڕێی هێڵی بۆڕییەوە دەگوازرێتەوە.
  • ئامێرەکانی گازی LPG لە پەستانی ٢.٧٥ کیلۆپاسکاڵ بەگەڕدەخرێن، بەڵام گازی سروشتی لە پەستانی ١.١ کیلۆپاسکاڵ بەگەڕدەخرێت. 
  • گازی LPG کارامەترە و هەرزانترە لە گازی سروشتی.

کاریگەری لەسەر ژینگە

گازی LPG لە کاتی سووتانیدا گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات لەگەڵ بڕێکی کەم لە یەکەئۆکسیدی کاربۆن، ئەمەش کاردەکاتە سەر پیسبوونی ژینگە، ئەمە لە کاتێکدایە کە گازی LPG بڕێکی کەمتری دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە نەوت و خەڵووز، بەڵام زیاتر لە گازی ئاسایی دەردەدات.

مەترسییەکان

گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراو بەشێوەی شل بە بڕی زۆر لە بەرمیلی گەورە هەڵدەگیرێت، ئەم گازە خێرا گڕگرتووە و بە گازێکی شێرپەنجەگەیەن یان هۆکاری شێرپەنجە دادەنرێت. هەڵگر یان تانکەکانی ئەم گازە دەکرێت تووشی لێچوون یان دزەکردن ببن لە هەردوو باری شلی و گازیدا، ئەم لێچوونە بەخێرایی بەهەڵم دەبێت و هەوری گەورەی گازی دروست دەکات لە هەوادا کە دواتر دەتێکتە سەر زەوی بەهۆی ئەوەی لە هەوا قورسترە، هەڵمی ئەم گازە دەتوانێت دوورییەکی زۆر ببڕێت و بڵاوببێتەوە هەروەها زیاتر لە ژێرەمین و ئاوەڕۆکاندا کۆدەبێتەوە و لەکاتی هەبوونی سەرچاوەیەکی ئاگر یان هەڵگیرساندن گازەکە دەتوانێت گڕ بگرێت و ئاگرەکەی بڵاوببێتەوە و زیانی زۆری گیانی و ماددی دروست بکات هەروەها بوونی ئەم گازە لە هەوادا ڕێژەی ئۆکسجینی هەوا زۆر کەم دەکاتەوە کە مەترسیی هەیە بۆ سەر تەندروستی.

 هەروەها تانک یان بەرمیلە گەورەکانی هەڵگرتن و پاراستنی ئەم گازە لەکاتی بوونی سەرچاوەیەکی ئاگر لە نزیکیانەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەکرێت بتەقنەوە بە کردەی تەقینەوەی گازی کشاو بەهۆی کوڵانی شلەکەوە (BLEVE) کە ئەمە جێی نیگەرانی پاڵاوتگە گەورەکان و وێستگە پێتڕۆکیمیایییەکانە کە تانک و هەڵگری زۆر گەورەیان هەیە و بە گشتی تانکەکانیان بەجۆرێک دیزاین دەکەن کە بتوانن ڕێگری لە دروستبوونی ئەم حاڵەتە بکەن.

ئەو کەسانەی کە لەم شوێنانەدا کاردەکەن لەڕێگەی هەناسەدان، پێست و چاوەوە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان دەبێت لەگەڵ گازەکە. دەزگای سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی (OSHA) سنووری یاسایی ئەم بەرکەوتنەی دیاریکردووە کە لەماوەی ٨ کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا ڕێژەی بەرکەوتن نابێت لە ١٨٠٠ میلیگرام لەسەر مەترسێجا زیاتر بێت.


سەرچاوەکان

614 بینین